کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئاودانان لە ناڕەزایەتی بە مەرگی گوماناویی لاوێکی ئەو شارە، ڕژانە سەر شەقامەکان

12:47 - 12 جۆزەردان 2723

شەوی پێنجشەممە، خەڵکی ڕاپەڕیوی ئاودانان لە پارێزگای ئیلام، لە ناڕەزایەتی بە مەرگی گوماناویی بامشاد سولەیمان‌خانی، خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان وتەوە.

کۆمەڵێک لە خەڵکی شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی جۆزەردان، پاش ڕێوڕەسمی حەوتەمینی بامشاد سولەیمان‌خانی لە ناڕەزایەتی بە مەرگی گوماناویی ئەو خوێندکارەی ئەندازیاریی میکانیکیی زانکۆی ئیلام، هاتنە سەر شەقام و دروشمگەلی وەک "نەمان بۆ خامنەیی" و "سەید عەلیی بێ ڕیشە، ڕاپەڕین کۆتایی نایەت"یان دەوتەوە.

 لەم خۆپیشاندانەدا ژمارەیەک خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و هێزە تایبەتەکان، بە توندی بریندار بوون.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، خۆپیشاندەران بە داگیرساندنی ئاگر، بەشێک لە شەقامەکانی ئاودانانیان داخست و دروشمی "ئاودانانیی بەغیرەت، پشتیوانی، پشتیوانی"یان وتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان هێزێکی زۆری ئەمنییەتی و ماشینی یەگانی تایبەت،  شەوی پێنجشەمە لە دوایین کاتژمێرەکاندا لە مەیدانی سەرەکیی ئاودانان و شەقامەکانی دیکە جێگیر کرابوون، بەو حاڵە خەڵکی ناڕازی لە گەڕەکەکانی دیکەی ئەو شارە دریژەیان بە خۆپیشاندان دا.

عیسا بازیار، چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی ئاودانان کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە، وتوویەتی: ''بامشاد سولەیمانی لاوێکی ناڕازی و خاوەن بیر و بۆچوونی سیاسی بوو کە چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە هۆشداریی توندی پێ درابوو."

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "بامشاد سولەیمان‌خانی، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی جۆزەردان، بە ئاسەواری لێدان و سووتانی جگەرە لەسەر دەستی، گەڕایەوە ماڵەوە. ئەو شەوە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە کەوتە کۆما، دواتر مردنی لەلایەن پزیشکەکانەوە لە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەردان ڕاگەیەندرا.''

میدیاکانی ڕێژیم بۆ چەواشەکاری بە درۆ ڕایانگەیاندووە کە بامشاد سولەیمان‌خانی بەهۆی ژەهراوبوونەوە لە نەخۆشخانەی ڕازتی ئیلام گیانی خۆی لەدەست داوە.