کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی گوشاری هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خوێندکارانی زانکۆی هونەر

10:04 - 28 جۆزەردان 2723

لە درێژەی ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆی هونەری تاران سەبارەت  بە ناڕەزایەتییەکان لەمەڕ حیجابی زۆرملێ، ژمارەیەک لە خوێندکارانی ئەم زانکۆیە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەسبەسەر کران.

بەپێی ئەو هەواڵانەی لە کەناڵە تێلێگرامییەکانی خوێندکاران بڵاو کراونەتەوە، ڕۆژی شەممە ٢٧ی جۆزەردان، لانیکەم ١٠ خوێندکار لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیمەوە ڕفێندراون کە دواتر ئازاد کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی تێلێگرامیی میدیای سەربەخۆی زانکۆی هونەر، کاتژمێر ٩ و ٣٠ خولەکی سەرلەبەیانی، هێزە لیباس شەخسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر نزیکەی ٢٠ خوێندکار کە لە شەقامی سەخائییەوە بەرەو زانکۆ دەچوون.

هاوکات، شورای سێنفیی خوێندکارانی ئێران ڕایگەیاند کە مائیدە ئادەمی موکری، خوێندکاری شانۆی بووکەڵە لە زانکۆی هونەری تاران و خەڵکی شاری مەهاباد، ڕۆژی شەممە ٢٧ی جۆزەردان لە ماڵی خۆیدا دەسبەسەر کراوە و لەسەر چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک بڵاو نەبووەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێزەکانی ڕێژیم بە جلوبەرگی مەدەنی و بە جنێودان و توندوتیژی لە خوێندکارەکانیان داوە و دوابەدوای دروستبوونی دەرگیری ژمارەیەک خوێندکاریان بە زۆر سواری ماشینێک لە جۆری وەن کردووە و لە دەوروبەری زانکۆ دوور کەوتوونەتەوە.

کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆی هونەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە، دژی "ئاپارتایدی ڕەگەزی و چوونە زانکۆ بە حیجابی زۆەملێ ڕادەوەستن و پاشەکشە ناکەن.

ئەو خوێندکارانە ڕایانگەیاندووە: دەریایەکی خوێن لەنێوان ئێمە و ئێوەدا هەیە، ئێمە کە ئێستا نزیکەی ساڵێکە "ئێمە"ین، هیچ قسەیەکمان لەگەڵتان نییە جگە لە یەک وشە: نەخێر.