کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خستنە بەرباسی دۆخی ئێران و کوردستان لەلایەن بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکرات لەگەڵ بەرپرسی حیزبێکی ئاڵمان

10:21 - 28 جۆزەردان 2723

مستەفا قازیزادە، هاوکاری بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، ڕۆژی هەینی ٢٦ی جۆزەدان، لەگەڵ فیلیپ فینک، بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی سۆسیال- دێموکراتی ئاڵمان چاوپێکەوتنێکی دیجیتاڵیی پێک ‌هێنا.

مستەفا قازیزادە، باسی بارودۆخی ئێران و کوردستانی کرد و ئاماژەی بە ڕێژەی ئێعدامەکان، دەسبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مەدەنی و هەوڵی ڕێژیمی ئێران بۆ بێدەنگکردنی زۆرەملێی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە ئێران کرد.

هەروەها ناوبراو باسی لەوە کرد کە نەتەوەکانی کورد و بەلووچ لەو بزووتنەوەیەدا زۆرترین خەساریان بەرکەوتووە.

قازیزادە، باسی هەلومەرجی تایبەتی ئێستای کوردستان، هێنانی هێزی زۆری ڕێژیم بۆ کوردستان و مۆڵدانیان لەسەر سنووری باشووری کوردستان و هەڕەشەکانی ڕێژیم کرد.

ناوبراو لە ئاستی ناوچە و نێونەتەوەییدا باسی هەڵوێستی شەڕخوازانەی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دژی ئیسرائیل، لە کەنداو، گێرەشێوێنی دژی ئەفغانستان و کۆماری ئازەربایجان کرد و هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هێزی سەرەکیی ئەو سیاسەتە، سپای پاسدارانی ئێرانە و داوای لەو حیزبە کرد کە وەک هێزی یەکەمی بەشدار لە حکوومەت هەوڵ بدات کە سپای پاسداران وەک ڕێکخراوەیەکی تێرۆریستی بناسێندرێت.