و: هێژا مەنگوڕ
توێژینەوەییەکی نوێ، لایەنە نەرێنییەکانی دەرنگکەوتنی کوتانی دەرزی پەتای کۆڕۆنای لە ئێران دەرخستووە. لەم توێژینەوەیە دا ئێران لەگەڵ هەشت وڵاتیتر بەراورد کراوە کە داهات و سەرانە و ئابوورییەکی هاوشێوەیان هەیە. بۆ نموونە ئەگەر ئێران وەک دوو وڵاتی دراوسێ واتە بەحرەین و تورکیە خێرا دەستیکردبووایە بە هێنانی واکسێنی دژە پەتای کۆڕۆنا و بەسەر ناوەندەکانی پاراستنی تەندروستی دابەشیکردبا ٥٠ هەتا ٧٥ هەزار کەس کەمتر بە کۆڕۆنا گیانیان لە دەست دەدا.
ئەم توێژینەوەیە بەرهەمی کاری چەند توێژەری ئێرانییە بە ناوەکانی "ماهان غەفاری"، "شەهرام کورددەستی" و "کاوە مەدەنی"یە کە بە کەڵکوەرگرتن لە ئامار و ڕاپۆرتی ناوەند و رێکخراوە جیهانییەکان ئامادە کراوە. ئاڕژانتین، بەحرین، بەنگلادێش، بۆیلەوی، مۆنتێنەگرۆ، نێپاڵ، سریلانکا و تورکیە ئەو وڵاتانەن کە وێڕای وڵاتی ئێران لەو توێژەوەدا کاریان لەسەر کراوە، ئەم توێژینەوە بەپێی کاتی بڵاوبوونەوەی وڤایرۆسی کۆڕۆنا و خێرایی هەمەگیربوونی و هەروەها دژەکردەوەی دەوڵەتان بۆ پاراستنی خەڵک لەو پەتایە گەیشتۆتە ئەنجام.
ڕێکخراوی تەندروستی نێودەوڵەتی، مانگی مارسی ٢٠٢٣ رایگەیاند کە هەمەگیری کۆڕۆنا کۆتایی هاتووە، بەڵام دەوڵەتانی جیهان بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتیان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو پەتایە دەبێ پلانی درێژخایەنیان هەبێ. محەممەدکازم غەفاری توێژەری پزیشکی بە بی بی سی فارسی گوتووە، ئاکامی ئەو لێکۆڵینەوە بەپێی ئاماری فەرمی حکوومەتەکانە. بۆ نموونە دوو وڵاتی وەک ئێران و تورکیە کە کۆمەڵگەیەکی هاوشێوە و ڕێژەی حەشیمەتی تاڕادەیەک وەک یەکیان هەیە و تەنانەت فەرهەنگ و بیروباوەڕێکی هاوشێوە و داهاتی سەرانەیان لێکنیزیکە. ئەگەر سەیر بکەین دەردەکەوێ لە تورکیە، لە ١٧ میلیۆن کەس کە بە پەتای کۆڕۆنا توشبوون، ١٠٠هەزار کەس گیان لە دەست داوە. بەڵام لەئێران لە ٧ میلیۆن توشبوو بە وڤایرۆسی کۆڕۆنا، ١٥٠هەزار کەس گیانی لە دەست داوە. ئەوانە ئاماری فەرمی حکوومەتن و ڕێژەی ئاماری ڕاست و دروست دەکرێ زۆر لەوە زیاتر بێ. ئاغای غەفاری دەڵێ: ئەو جیاوازییە لە چاو ڕێژەی گیانلەدەستدانی خەڵک، جیددی نەگرتنی حاڵی خەڵک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، کەمترخەمی ڕێژیم دەردەخا کە بە باسی واکسیناسیۆن بەسترایەوە و بە حوکمی حکوومەتی و فتوا و ڕەزامەندی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.
شەهرام کورددەستی، ماموستای زانکۆی شاهانەی کۆلێژی لەندەن لە بەشی پاراستنی لەش دژی شێرپەنجە و یەکێک لە نووسەرانی ئەم توێژینەوە دەڵێ: لە ئێران لە جیات باس لە خێرایی کوتانی واکسیناسیۆنی کۆڕۆنا، باس لە هێندێک لایەنی لاوەکی دیکە کرا کە لەو کاتانەدا بە هیچ شێوەیەک پێویست نەبوو. کورددەستی دەڵێ: ئەگەر ڕێژیم وەک تورکیە خێرا بۆ پاراستنی گیانی خەڵک وەخۆکوتبوایە ڕێژەی گیان لەدەستدانی خەڵک بە پەتای کۆڕۆنا بەو شێوەیە نەدەبو و بۆیە خۆبواردن بە بیانوی سەیر و بیروباوەڕی حکوومەتی بوو بە هۆکاری چونەسەری ڕێژەی مردن لە سەرەتای دەستپێکی وڤایرۆسی کۆڕۆناوە. کورددەستی لە درێژەدا دەڵێ: ئەو وڵاتانەی کە لەو توێژینەوەیەدا ناویان هاتووە تا ڕادەیەکی زۆر لە زۆر بواردا لە ئێران نیزیکن بە هێندێک جیاوازییەوە بۆ دەرکی زیاتری مەسەلەکە.
لە شوێنێکی تر محەممەدسەعید ڕەزاییزەوارە یەکێک لە توێژەرانی دیکەی ئەم بوارە دەڵێ: ئەگەر ڕێژیمی ئێران بەدڵسۆزییەوە، تەنانەت وەک تورکیە جووڵابوایەتەوە، زیاتر لە ٥٠ هەزار ئێرانی کەمتر بە کۆڕۆنا گیانیان لە دەست دەدا.
دەتوانین بڵێین هەمەگیری کۆوید ١٩، وەک کارەساتێکی سروشتی، بوومەلەرزە، سێڵاو و وشکەساڵی بوو. دەکرا بەشێوەی سیستماتیک تاڕادەیەکی زۆر لەوە باشتر گیانی خەڵکی پارێزرا بوایە. چون دوای بوومەلەرزە بە گەیشتنی خێرای یارمەتی دەتوانی خەڵکانێکی زۆر لەژێر داروبەردوو، ڕزگار بکەی و ئەگەر یارمەتی نەبێ ڕێژەی تەلەفات خێرا دەچێتە سەر.
بەپێی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە دووی فێوریەی تا شازدەی نۆڤامبری ٢٠٢١ ئێران زیاتر لە ١٥٠ میلیۆن واکسێنی دژە کۆڕۆنای هاوردە کردووە، کە زیاتر لە سێ لەسەر چواری لە چین و ڕووسیە کڕیون. ئەوانی دیکەی لە وڵاتانی تر و هێندێ واکسێنی سازکراوی نێوخۆی ئێران بووە. ڕاستی و دروستی و کاریگەری واکسێنی ئێرانی لەلایەن هیچ ناوەندێکی پزیشکی جیهانی پشتڕاست نەکراوەتەوە. کڕین و هاوردەکردنی بەدرەنگی واکسێنی دژە کۆڕۆنا لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ حەشیمەتێکی سەرووی هەشتا میلیۆنی ئێران کە لە سێ تا چوار نۆبە خەڵکی پێ دەکوترا کارەساتێکە کە دەکەوێتە ئەستۆی ڕێژیمی نابەرپرسی ئێران. بەڵام کارەساتی زۆر دڵتەزێن لە ئەوکاتەدا ئەوە بوو کە هیوای خەڵکی بۆ هاوردەکردنی واکسێنی ئینگلیسی و ئەمریکایی لە دڵی خەلکی ئێراندا کوشت. دەرکردنی فتوای خامنەیی بوو، بە هۆی قەدەغەکردنی کڕینی ئەو واکسێنانە.
عەلی خامنەیی لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٩ لە تەلەڤزیۆنی ئێراندا هاتە سەر شاشە، لەو کاتەدا کە دنیا هیوایەکی بۆ سازبوون بە دۆزیەنەوەی واکسێنی دژە کۆڕۆنا و هەروەها خەلکی ئێرانیش چاویان بڕیبو زاری ڕێبەری ڕێژیمی ئێران کە بەرپرسانە حکوومەت ڕاسپێرێ بۆ کڕینی واکسێن و پاراستنی گیانی خەڵک. فتوای قەدەغەکردنی کڕینی واکسێنی ئینگلیسی و ئامریکایی، ئەم فتوایە خەڵکی تووشی نائومێدییکەی زۆر کرد و بە دەیان هەزار کەس بوونە قوربانی کەمترخەمی ڕێژیم و بەرهەمی ئەو فتوا ئایینیە. کارەساتی لەوەش دڵتەزێنتر ئەوە بوو هەر دوای فتوای خامنەیی، ڕێکخراوی مانگی سووری ئێران رایگەیاند: ئەو ١٥٠ هەزار واکسێنی کە ڕێکخراوەکانی خێرخوازی نێونەتەوەیی وەک دیاری پێشکێشی ئێرانیان کردووە چون فایزەڕ و سازکراوی ئەمریکان، حەرامن و نامانەوێت.
ئەوە ئاشکرایە کە حەرامکردنی هاوردەی واکسێنی ئینگلیسی و ئەمریکایی لەلایەن خامنەیی بوو بەهۆی گیان لەدەستدانی دەیان هەزار ئێرانی و دەربڕینی نارەزایەتییەکی زۆر لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا و هەروەها ڕێژەیەک لە پارێزەرانی دادگاکان و چالاکانی مەدەنی بە زیندان مەحکووم کران. بۆ نموونە ئارەش کەیخوسرەوی، مستەفا نیلی، محەمەدڕەزا فەقیهی، مێهدی مەحموودیان، محەممەدهادی عێرفانیان و مەریم ئەفراز لەمەڕ ناڕەزایەتی دربڕین بەو فتوایەی خامنەیی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دەستبەسەر و لەلایەن دەستگای قەزایی ئەو رێژیمەوە چەندین ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپا.
پێویستە ئەوەش بگوترێ، ڕێک لەوکاتانەیدا کە هاوردەکردنی واکسێنی ئەمریکایی و ئینگلیسی لەلایەن ڕێبەڕی ڕێژیمی ئێران حەرام کرا، هەر ئەو واکسێنانە لە بازاڕی ڕەشی تاراندا بە نرخی سەرووی پەنجا میلیۆن دەفرۆشران و کڕیارەکانیشی کەسانی سەربە ڕێژیم و دارودەستەی دەستەڵاتدارن و بنەماڵەکان و دەوروبەری بەرپرسانی ڕێژیم بوون. بەپێی هێندێک سەرچاوەی جێی متمانە زۆربەی هەرەزۆری بەرپرسانی ڕێژیم و کەسوکاریان ئامادە نەبوون واکسێنی ڕووسی و چینی یان سازکراوی ئێرانی لە خۆیان دەن و بۆخۆکوتان باوەڕیان بە واکسێنی ئینگلیسی و ئەمریکایی زیاتر بووە.