کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی هێزه سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە گوتار ڕا هەتا کردەوە!

14:26 - 21 خاکەلێوه 2726

د. کامڕان ئەمین‌ئاوە

ڕاگەیاندنی "هاوپەیمانیی هێزه سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" لە ٣ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ی هەتاویی، و پاشان پەیوەستبوونی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەو هاوپەیمانییە لە ١٢ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، دەتوانرێت وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە خەباتی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاش شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ لەبەرچاو بگیرێت.

لەو نێوەدا، گرینگیی پەیوەستبوونی کۆمەڵەی شۆڕشگێر بەم هاوپەیمانییە ئەوەیە کە وێرای ئەوەی بە درێژایی چەند مانگ لە ڕەوتی دیالۆگی ئەم هێزانەدا بەشدار بوو، بە هۆی هەبوونی هەندێ ڕەخنە، لە قۆناغی ڕاگەیاندندا بەشداریی نەکرد. دواتر، بە هۆی زەروورەتی بارودوخی سیاسیی ئێران و ناوچەکە، وەک هەڵوێستێکی بەرپرسانە، بە پاراستنی ڕەخنەکانی، هاتە نێو ئەم هاوپەیمانییە.

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم هاوپەیمانییە، بوونی دوو لەکۆمەڵەکان و بەشداریی پاک، خەبات و بە تایبەتی پژاکە، کە ساڵانێک نکووڵی لە بوونی وەک هێزێکی ڕۆژهەڵاتی لە لایەن بەشێک لە حیزبه‌کانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرا. بە گشتی، ئەم هاوپەیمانییە ڕەنگدانەوەی زۆرینەی بیروڕای هێزه سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بۆ چارەسەری کێشەی کورد. ئەم هێزانه لەسەر چەند خالێکی گرینگ و حەیاتی بۆ ئەم قۆناخەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێک کەوتوون. ڕاگەیاندنی ئەم هاوپەیمانییە لەنێو نەتەوەی کورد و هەروەها لە نێو گەلانی دیکەی ئێران و حیزب و ڕێکخراوەکانیاندا کاردانەوەی جۆراوجۆری هەبوو؛ لە خۆشحاڵی و پشتگیریی هۆگرانی چارەسەرکردنی کێشەی کورد هەتا ترس و دڵەڕاوکێی هێزە شاپەرست، پان‌ئێرانیست و تەواویەتخوازەکان، کە سەرەڕای بەستراوەبوونی خۆیان تاوانی جیاییخوازی و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلیان وەپاڵ ئەم هاوپەیمانییە دەدا.

دڵسۆزانی بزووتنەوەی کورد دڵخۆش لە ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی هێزه سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، بەپێی ئەزموونی پێشووی هاوکاریی هەندێ لەم حیزبانە لە" ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران"، چاوەڕوانی هەڵگرتنی هەنگاوی کردەیی و جیدی لەلایەن ئەم هاوپەیمانییە بوون، بەڵام مخابن تا ئێستا، کاری سەرەکیی ئەوان لە ئاستی چەند ڕاگەیاندنێکدا قەتیس ماوەتەوە و تەنانەت لەم دواییانە‌دا نەیانتوانی بە یەک دەنگ  لە کۆنگرەی ئازادیی ئێران (٨–٩ی خاکەلێوە لە لەندەن) بەشداری بکەن کە نوێنەرانی زۆرینەی هێزە سەرانسەری و نەتەوەییەکان پێکهاتوو لە حیزب یان کەسایەتیی سەربەخۆ بەشداری بوون. بێ‌گومان ئەگەر لەم کۆنگرەیەدا نوێنەرێکیش لە لایەن هاوپەیمانییەوە بەشداری کردبا، کاریگەرییەکە‌ی به هێزی لەسەر دۆست و دوژمن‌دا دەبوو.

لە لایەکی دیکەشەوە، پاش نزیکەی دوو مانگ لە ڕاگەیاندنی ئەم هاوپەیمانییه:

_ هیچ سایت یان ئادرێسێکی فەرمی بۆ ئەم هاوپەیمانییە پێک نەهاتووە،

_ لە دەرەوەی وڵات هیچ کۆبوونەوە و کۆڕ و کۆمەڵێکی گشتی بۆ ڕوونکردنەوەی بەرنامەکانیان پێک نەهاتووە،

_ هیچ نوێنەر یان وتووێژکارێکی دیاری هاوپەیمانی لە ئاستی دەرەوەدا بوونی نییە که ڕێک لەم بارودۆخه هەستیارەدا وەک دەنگی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو بکاتە دامەزراوە مەدەنی و سیاسییەکانی دەرەوە و کاری لۆبیگەری بۆ کوردی ڕۆژهەلات بکات.

- لە فەزای مەجازیی ناکوردیی ئێرانی‌دا، کە زۆرجار تاوان و تۆمەت دەدرێتە پاڵ ئەم هاوپەیمانییە، هەست بە نەبوونی دەنگی نوێنەری هاوپەیمانی دەکرێت.

هاوپەیمانیی هێزه سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بۆ سەرکەوتن پێویستی بە یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی نێوخۆیی هەیە، بۆ ئەوەی دووبەرەکیی نێوخۆیی یان ڕکابەریی حیزبییەکان کەمتر بکەنەوە و هاوپەیمانییەکە بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر ئامانجە کورتخایەن و درێژخایەنەکانی خۆی جێبەجێ بکات. ئەم یەکگرتووییە دەبێ ڕێگە بدات هاوپەیمانی وەک یەک یەکەیەکی سیاسی لە هەموو چالاکییە سیاسییەکان، لەوانە ڕووداوەکان، کۆبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی وڵات، چاوپێکەوتن لەگەڵ دامەزراوە و ڕێکخراوە سیاسییەکانی چەپ و دیموکراتی ئێرانی، پێوەندی لەگەڵ حیزبه پێشکەوتنخوازەکان، پەرلەمانەکان، نوێنەری حکومەتەکانی دەرەوە، چالاکانە ئامادە بێت.

هەروەها پێویستە هاوپەیمانی هەوڵ بدات بۆ ڕاکێشانی پشتیوانیی خەڵک لە ناوخۆی کوردستان و هێزه‌کانی دەرەوەی وڵات، و بە بەشداری کەسایەتییە سیاسی و ئەکادیمییەکان، دامەزراوە و گروپە ڕۆشنبیری و مەدەنییەکان، پانتایی هاوپەیمانییەکە پان و بەرینتر بکات. هاوکات لەگەڵ ئەم چالاکییانە، بە هەڵگرتنی هەنگاوی ڕۆشنگرانه و کردەویی پێویست لە دەرەوەی وڵات وەکو بەرێوەبردنی کۆڕ و کۆمەڵی جۆراوجۆر، ڕاگەیاندنی کاریگەر، شەرعیەت و کاریگەری و نفووزی هاوپەیمانی بەهێزتر بکات

بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی لە فەزای مەجازی زیاد بکات و پێوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکدا دروست بکات، پێشنیار دەکرێت کە بولیتین، گۆڤار، ماڵپەڕ و تۆڕێکی تەلەفزیۆنی هاوبەش دروست بکرێت بۆ ئەوەی پەیام و چالاکییەکانی هاوپەیمانییەکە بە شێوەیەکی کاریگەر بگەیەنێت. هاوکات بە پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی وەک شەفافیەت، لێپرسینەوە، چالاکیی بەردەوام، گوتاری بنیاتنەر و گشتگیر، بناغە فیکری و ڕەفتارییەکانی هاوپەیمانی بەهێزتر دەبن. تێکەڵکردنی ئەو پرەنسیپ و مەرجانە، هاوپەیمانی دەگۆڕێت بۆ ئەکتەرێکی کاریگەر لەسەر شانۆی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، بە شێوەیەک کە بتوانێت بە کاراییەکی بەرچاو ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی پێش بخات.

ئەگەر لەم بوارانەدا کاری جیددی نەکرێ، کورد ناتوانێت لە داهاتوودا بە یەک دەنگ ڕۆڵی کاریگەر ببینێت و ترسی دووپاتبوونەوەی چارەنووسی ناوەندی هاوکاریی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی هەیە.

بەو هیوایە، ئەم هاوپەیمانییە هەرچی زووتر بتوانێت هەنگاوی کردەیی هەڵێنێ و وەک هێزێکی بەهێز و بەرپرسیار خۆی بسەلمێنێت، و تەنانەت کەسایەتی و هێزە ناحیزبی و مەدەنییەکانیش بۆ ناوخۆی ڕابکێشێت. کە دیارە ئەمەش پێویستی بە هاوئاهەنگی و هاودەنگیی نێوان ئەندامانی ئەم هاوپەیمانییه هەیە.