کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ دەستپێکردنی هەڵگرتنەوەی مین لە گەرووی هۆرمۆزی ڕاگەیاند

17:42 - 22 خاکەلێوه 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی "پڕۆسەی هەڵگرتنەوەی مین لە گەرووی هۆرمۆز"ی دەست پێکردووە.

ناوبراو لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیال"، ئەم هەنگاوەی وەک چاکەیەک بەرامبەر وڵاتانی جیهان لەوانە چین، ژاپۆن، کۆرەی باشوور، فەڕانسە و ئاڵمان وەسف کرد.

ترامپ نووسیویەتی: "بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو، ئەوان ئازایەتی یان ئیرادەی ئەنجامدانی ئەم کارەیان نییە. کەچی جێگای سەرنجە، کەشتییە بەتاڵە نەوتهەڵگرەکان لە زۆرێک لە وڵاتانەوە هەموویان بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەون بۆ بارکردنی نەوت."

هەروەها ترامپ وتی کە میدیاکانی هەواڵی ساختە بە تەواوی متمانەی خۆیان لەدەست داوە، بێگومان نەک ئەوەی هەر لە سەرەتاوە متمانەیان هەبووبێت.

ترامپ ئیدیعای کرد کە ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە سەرکەوتنی ئێران دەکەن ناڕاستن، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا هەموو کەس دەزانێت کە ئەوان خەریکە دەدۆڕێن، ئەویش دۆڕانێکی گەورە.

ناوبراو زیادی کرد: "هێزی دەریایییان نەماوە، هێزی ئاسمانییان لەنێوچووە، سیستمەکانی دژە فڕۆکەیان نەماوە، ڕاداریان لەکارکەوتووە، کارگەکانی مووشەک و دڕۆنیان لەگەڵ خودی مووشەک و دڕۆنەکان تا ئاستێکی زۆر لەنێوچوون و لە هەمووی گرینگتر، "ڕێبەرە" دێرینەکانیان چیتر لە نێوانماندا نەماون، ئەلحەمدولیللا! تەنیا شتێک کە مابێتیان ئەو هەڕەشەیەیە کە ڕەنگە کەشتییەک بەر یەکێک لە مینە دەریاییەکانیان بکەوێت، کە لە ڕاستیدا هەر ٢٨ بەلەمە مینڕێژکەرەکەی ئەوانیش لە بنکەو و بنی دەریادان."

ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاودەبێتەوە کە بڕیارە دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران ڕۆژی شەممە لە پاکستان بە ئامادەبوونی جێگری ترامپ، جەی دی ڤەنس، دەست پێبکات.