ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری کۆتایی پێهێنا و "نزار ئامێدی"، بەربژێری یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، توانی لە گەڕی دووەمدا زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و بە فەرمی ببێتە سەرۆککۆماری عێراق.
لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا، کە ٢٥٢ پارلەمانتار ئامادەبوون، هیچ کام لە بەربژێرەکان نەیانتوانی ٢٢٠ دەنگی پێویست بەدەست بهێنن و بەو هۆیەشەوە پڕۆسەکە لەنێوان هەردوو بەربژێر (نزار ئامێدی و موسەننا ئەمین) چووە گەڕی دووەم.
لە گەڕی دووەمدا ٢٤٩ پارلەمانتار بەشداربوون و نزار ئامێدی بە ٢٢٧ دەنگ وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرا.
هەروەها موسەننا ئەمین، کە لەگەڵ نزار ئامێدی کێبرکێی دەکرد، بۆ بەدەسهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، لە گەڕی دووەم تەنیا توانی ١٥ دەنگ بە دەست بهێنێت.
"نزار محەممەد سەعید محەممەد"، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی ١٩٦٨ لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک لەدایک بووە و خاوەنی بڕوانامەی لیسانسی ئەندازیاریی میکانیکی زانکۆی مووسڵە.
ناوبراو لە ٢٠٠٥ تا ٢٠٢٢ راوێژکاری باڵای سێ سەرۆککۆماری عێراق و لە ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٤ وەزیری ژینگەی عێراق بووە.