ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە بەها ئیبراهیمی، ئاسۆ عەزیزی، حیسام دەستپیش و سامان عەلەوی لە شاری بروکسێل بەشداری ڕێوەڕەسمی ڕێزلێنان لە دوکتور خسرەو عەبدوڵڵاهی ئەندامی ڕێبەری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.
سەرەتای ڕێوەڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان تەرخان کرابوو.
دواتر کورتە فیلمێک لەسەر ژیانی و خەباتی دوکتور عەبدوڵڵاهی بڵاو کراوە.
لە بەشی دووهەمی ڕێوەڕەسمەکەدا چەندین حیزب و لایەنی سیاسی کوردستانی وەک پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، کەنەکە ( کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ) و هەرواتر چەندین کەسایەتی سیاسی و ئاکادمیک بەشداربوون و پەیامی خۆیان بۆ ڕێزلێنان لە دوکتور عەبدوڵڵاهی خوێندەوە.
بەشی سێهەم تەرخان کرابوو بۆ بەشێکی تر لە کەسایەتی سیاسی و ئاکادمیکەکان کە بەشێوەی ڤیدیۆ پیامی ڕێزلێنانیان تۆمار کردبوو و ئەم پەیامانە بڵاو کرانەوە.
دوای ئەم بڕگەیە پەیامی ماڵباتی دوکتور عەبدوڵڵاهی لەلایەن ئەردەڵان عەبدوڵڵاهی خوێندرایەوە.
لە کۆتاییدا خەڵاتی ڕێزلێنان لەلایەن هەیئەتی ئامادەکارەوە پێشکەش بە بەڕێز دوکتور خسرەو عەبدوڵڵاهی کرا و چەپکە گوڵی ڕێزلێنان لەلایان هەیئەتی حیزبەوە پێشکەش بە بەڕێزیان کرا.