کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایە فاتمە محەممەدی هاوسەری شەهید مینە شەم

10:30 - 30 جۆزەردان 2723

ڕۆژی یەکشەممە  ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، دایە فاتمە محەممەدی، هاوسەری شەهید مینە شەم، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی، لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا لە شاری لینشۆپینگ لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.

خاتوو فاتمە محەممەدی ساڵی١٣١٠ی هەتاوی لە گوندی ''سیسێر'' لە ناوچەی ڕەبەت لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک بووە؛ لە تەمەنی گەنجییەتیدا لەگەڵ هاوڕێ کاک حەمەدەمین شەمعی ناسراو بە ''مینە شەم'' ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە.

کاک مینە شەم وەک کادر و پێشمەرگەیەکی جەنگاوەری کوردستان لە جووڵانەوەی ساڵانی ١٣٤٧ و ١٣٤٦ی هەتاویدا وێڕای هاوڕێیانی بە هەڵسووڕانی بێ‌وچان و شەڕی پارتیزانی دژی ڕێژیمی پەهلەوی خەباتیان کرد. 

ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕی ١٣٤٧ی هەتاوی، شەهید مینە شەم لەگەڵ شەهید عەبدوڵڵا موعینی و هاوێیەکی دیکەی لە کاتی مەئمورییەتی حیزبیدا لە قالوێی عەوڵڵائاغا لە ناوچەی مەهاباد لە شەڕێکی قارەمانانەدا شەهید بوون و بەم شێوەیە دایە فاتمە لە هەڕەتی گەنجییەتیدا بە دوو کوڕ و سێ کچەوە لە هەست و سۆزی شەهید مینە شەم بێبەری بوون.

دایە فاتمە دوای شەهیدبوونی هاوسەری ژیانی، بڕیار دەدا کە بۆ منداڵەکانی هەم دایک بێت و هەمیش باوک بێت، هەر بۆیە زۆر لەخۆبردووانە و فیداکارانە شان وەبەر قورسایی ژیان و گەورەکردنی منداڵەکانی دا و بوو بە نموونەی دایکانی فیداکاری کوردستان.

جێگەی ئاماژەیە برایەکی دایە فاتمە بە ناوی عەبدووڵڵا نستانی، لە ساڵانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاوی دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی و دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی چەندین ساڵ وەک فەرماندەیەکی ڕۆژە سەختەکانی خەبات لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات فیداکارانە بۆ وەدیهاتنی ئامانجەکانی گەلی کورد خەباتی کردووە.

هەروەها کوڕێکی دایە فاتمە بە ناوی ئیبراهیم شەم، پەیوەست بە ڕیزەکانی کۆمەڵە بووە وەک کادرێک لەو سەنگەرەدا لە تیکۆشان دایە.

ماڵی دایە فاتمە هەم لە گوند و هەم لە هەوار جێگەی حەسانەوەی پێشمەرگە و بنەماڵەی پێشمەگە و شەهیدەکان بووە و هەتا دوا ساتەکانی ژیانی، خۆشەویستیی گەل و نیشتمان و پێشمەرگەی نەک لە کەمی نەدا، بەڵکوو هەر بە یاد و بیرەوەریی ئەو کات ژیانی تێپەر کردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی دایە فاتمە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.