کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: هەمیشە و لە هەموو جێیەک دەنگی بەندییە سیاسییەکانمان بین

09:00 - 11 جۆزەردان 2723

ساڵێک لەمەوبەر لەسەر پێشنیاری ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پشتیوانیی زۆر لە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە کوردستان ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان، وەک ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی کوردستان ناودێر کرا.

هەڵبژاردنی ئەو ڕۆژە لەو سۆنگەیەوە بوو کە لە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاوانێکی گەورەدا ٥٩ لاوی خەڵکی شاری مەهابادیان بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان لە شاری تەورێز گوللەباران کرد. ئەو ٥٩ بەندییە سیاسییە نە بەئاشکرا دادگایی کران، نە مافی ئەوەیان بوو پارێزەریان هەبێ و تەنانەت دوای ئێعدامی بەکۆمەڵیان تەرمەکانیشان نەدرایەوە بە بنەماڵەکانیان و هەتا ئێستاش گۆڕبزر کراون.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا دەیان هەزار چالاکی سیاسیی کوردی لە نێوخۆی وڵات لە سۆنگەی مافخوازییانەوە دەسبەسەر کردووە و لانیکەم ٢٣٠٠ زیندانیی سیاسیی کوردی ئێعدام کردووە. ڕێژیم یەکەم ئێعدامەکانی لە کوردستان بە ئێعدامی ١٢ کەس لە شاری پاوە لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا دەست پێ کرد کە زوو شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی گرتەوە و لە درێژەی جینایەتەکانی خۆیدا کارەساتی ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهابادیی لە جۆزەردانی ١٣٦٢دا خوڵقاند. ئەم ڕێژیمە لە ماوەی ٤٤ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا دەستی بۆ زۆر جینایەت و تاوانی گەورە لەدژی بەندییە سیاسییەکانی کورد بردووە، هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە بزووتنەوەی سیاسیی کورد هەموو کاتێک لە سەنگەری پێشەوەی خەبات لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بووە و ڕۆڵەکانی نەتەوەی مافخواز و خەباتکاری کورد بە دەسبەسەرکران، ئەشکەنجەدران، ئێعدام و حوکمدران بە زیندانی درێژخایەن و بێبەشبوون لە هەموو مافێکی زیندانیی سیاسی بەرگرییان لە خەباتی ڕەوای گەلەکەیان کردووە. بەڵام دیاریکردنی ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان، وەک ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی کورد لە زۆر ڕەهەندەوە گرینگ و لەجێی خۆی‌دایە، چونکی ئەم ٥٩ بەندییە سیاسییەی لەو ڕۆژەدا بەکۆمەڵ لە زیندانی تەورێز ئێعدام کران سەر بە یەک ڕێکخراوی سیاسیی تایبەت نەبوون و ئەندام و لایەنگری زۆربەی حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستانیان تێدا بوو. ئەوان هاوئامانج و یەک‌مەبەست بە مەرگی سەربەرزانەیان بوون بە پێشەنگی بەرگریکردن لە ماف و ناسنامەی نەتەوەکەیان. ئەوان بە سەربەرزییەوە گیانیان سپارد، بەڵام چۆکیان دانەدا و ڕوحی بەرزی خەباتگێڕییان بە بەری بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی گەلەکەیان داکرد.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی خۆی لە ناودێرکردنی ١٢ی جۆزەردان، وەک ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی کوردستان بە ڕێز و حورمەتەوە یادی ئەو ٥٩ لاوە شەهیدە و هەموو بەندییە سیاسییە شەهیدەکانی دیکەی کوردستان دەکاتەوە. هەروەها سڵاو دەنێرێ بۆ زیندانیانی سیاسیی پێشوو، و بەندییە سیاسییەکانی ئێستا کە چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامییان کردۆتە گۆڕەپانی خەبات و خۆڕاگری دژی ڕێژیم.

ناوەندی هاوکاری هەر لەو بۆنەیەدا ڕادەگەیەنێ کە ١٢ی جۆزەردان پێویستە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، کۆڕوکۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ و سەرجەم لایەن و تاکەکان لەهەر هەلومەرج و بارودۆخێکدا ئەرکەکانی سەرشانمان بەرانبەر بەندییە سیاسییەکان و بنەماڵەکانیان لەبیر بێت. پێویستە هەمووان لە هەموو بۆنەیەکدا دەنگی بەندییە سیاسییەکان لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەی وڵات بین و بە پشتیوانیی بەردەواممان ڕێژیمیش تێ بگەیەنین کە بەندییە سیاسییەکانمان هەموو خەڵکی کوردستانیان لە پشتە و کۆمەڵگەی کوردستان لە ئاست چارەنووسی ئەواندا خۆیان بە ئەرکدار دەزانن.

بەردەوامیی خەبات و ئەرک‌وەخۆگریی لاوان و هەست بە بە بەرپرسایەتی لەهەمبەر چارەنووسی گەل و نیشتماندا کە لە شۆڕشی ژینادا تابلۆیەکی هەرەجوانی بە خوێن‌نەخشاوی خستەوە بەرچاو، بە هەمووان دەڵێ نە ئێعدام و نە تێرۆر، نە کۆمەڵکوژی و قەڵاچۆ، نە بەندیخانە و ئەشکەنجە و نە پتر لە چوار دەیە سەرکوتی خوێناوی نەیانتوانیوە ئیرادەی خەڵکی کوردستان تێک بشکێنن و شکان و دەستەوەستانی و زەبوونی لەهەمبەر ئەو ئیرادەیەدا، هەر بە بەژنی ڕێژیم بڕاوە کە بەشێکی ئەو سەروەرییە بۆ خۆڕاگریی زیندانییە سیاسییەکان لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدا دەگەڕێتەوە.

سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی ١٢ی جۆزەردان و هەموو بەندییە سیاسییە ئێعدامکراوەکان!

سڵاو لە زیندانییانی سیاسیی خۆراگر و بنەماڵەی سەربەرزیان!

سڵاو لە ئیرادە و خۆڕاگریی گەلی کورد!

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی