کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

20:09 - 12 جۆزەردان 2723

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ١٢ی جۆزەردان، ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.

دوانیوەڕۆی هەینی ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، بە بەشداریی نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەندامانی حیزب و ئەندامانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ١٢ی جۆزەردان، ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن ئامانج زیبایی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبەوە، خوێندرایەوە کە لەودا لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی زیندانییانی سیاسی و خاوەندارەتی لە مێژووی پڕسەروەرییان پێداگری کرابوو.

لە بڕگەی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا، سەلاح خزرپوور، پەیامی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پێشکەش کرد. لەو پەیامەدا هاتبوو: "گرنگیدان بە ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خاوەنداریەتی لە خۆڕاگری و فیداکاریی زیندانییە سیاسییەکان و بنەماڵە بەڕێزەکانیان ئەرکێکی مرۆیی، نەتەوەیی و خەباتگێڕانەیە. با ئەمساڵیش ئەم ڕۆژە بکەینەوە بە بۆنە و درفەتێک بۆ زیندووڕاگرتن و بەرزنرخاندنی کەسایەتی و ورەبەرزیی زیندانیییە سیاسییەکان و فیداکاریی بنەماڵەکانیان."

 

لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامەدا هابوو: "پێویستە هەوڵەکانمان بۆ گوشار خستنەسەر کۆماری ئیسلامی و ڕاگرتنی ئێعدام و سزا و ئەشکەنجە و حوکمی ناعادڵانە دژی گیراوانی سیاسی چڕ بکەینەوە. دەبێ ڕێژیمی دڕندەی ئێران کە لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە بەحەق نازناوی کۆماری ئێعدامیی پێ دراوە، هەست بکات کە بەندکراوانی سیاسی و بنەماڵەکانیان بە تەنیا نین."

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەو بۆنەیە لەلایەن سیمین ڕۆحانی خوێندرایەوە. لەو پەیامەشدا هاتبوو: "ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان پێویستە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، کۆڕ و کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ و سەرجەم لایەن و تاکەکان لەهەر هەلومەرج و بارودۆخێکدا ئەرکەکانی سەرشانمان بەرانبەر بەندییە سیاسییەکان و بنەماڵەکانیان لەبیر بێت. پێویستە هەمووان لە هەموو بۆنەیەکدا دەنگی بەندییە سیاسییەکان لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەی وڵات بین."

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا عەلی بداغی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی زیندانیی سیاسیی کورد لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا باسی لە پێویستیی تۆمارکردن و بەڵگەمەندکردنی مێژووی قوربانیدانی زیندانییانی سیاسی و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی وەک کۆمەڵە دۆسییەیەک بۆ بەدواداچوونی قەزایی لە دادگا نێونەتەوەییەکاندا کرد.

خوێندنەوەی پەخشانێک لەلایەن مامۆستا بێبەش، خوێندنەوەی پەیامی ڕێزلێنانی ئەنجوومەن لە بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی و بنەماڵەکانیان لەلایەن فەرهاد عەبدوڵڵاپوور، برای شەهید هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، چەند بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بوون.

لە بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا پەردە لەسەر کتێبی "زیندان‌بەزێنەکانی ئێمە لە دیرۆکی خۆڕاگریدا"، بەرهەمی چاپکراوی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لا درا و ڕێزنامەی ئەنجومەن پێشکەش بەو کەسانە کرا کە بە کاری ئامادەکردن و چاپی ئەم کتێبەوە ماندوو بوون.