کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین هێکتار لە دارستانەکانی ناوچەی مەریوان لە ئاگردا سووتان

10:32 - 30 جۆزەردان 2723

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دارستانەکانی ناوچەی مەریوان لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگریان تێبەردرا و بەم هۆیەوە ١٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەم ناوچانە سووتاون.

لە درێژەی سووتاندن و کاولکردنی دارستان و ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی جۆزەردان، دارستانەکانی ''داسێرانی قەدیمـ''ـی مەریوان، بۆ جاری دووەم و بەئەنقەست، ئاگریان تێبەردرا.

هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی چۆڕ، تفڵی، مووسک و کێوی قاراوا، زیاتر لە ٢٦ هێکتار لە داربەڕووەکان و لەوەڕگەکانی ئەو ناوچەیە سووتان.

لەلایەکی ترەوە ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم هیچ هەوڵێکیان بۆ کوژاندەنەوەی ئاگرەکە نەداوە، تەنیا ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکە بەبێ هیچ ئیمکاناتێک هەوڵی دامرکاندنەوەی ئاگرەکانیان داوە.

جێی ئاماژەیە، سیاسەتی لەنێوبردنی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان شتێکی نوێ نییە؛ هەموو ساڵێک، لەگەڵ گەرمبوونی کەش و هەوا، کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای دەستوپەیوەندییەکانییەوە ئاگر بەر دەداتە دارستانەکانی کوردستان و بەهۆی ئەم سیاسەتەوە ساڵانە بە هەزاران هێکتار لە دارستانەکانی کوردستان لە ئاگردا دەسووتێن.