کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیوزلەند چەندین بەرپرسی کۆماری ئیسلامیی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە

10:46 - 30 جۆزەردان 2723

وڵاتی نیوزلەند ١٨ بەرپرسی ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی ئەوەیکە لە سەرکوتی گەلانی ئێراندا ڕۆڵیان هەبووە، خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

نیوزلەند ١٨ بەرپرسی ئەمنییەتی- قەزایی دیکەی کۆماری ئیسلامیی بەهۆی دەستێدابوونیان لە سەرکوتی خەڵک لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا، خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە. ئەبولقاسم سەڵواتی، بەرپرسی لقی ١٥ی دادگای تاران، محەممەد موقیسە دادوەری دیوانی باڵا و دادگای ئینقلابی تاران، مووسا ئاسف حوسێنی، دادوەری دادگای ئینقلابی کەرج و حوسێن نەجات، جێگری فەرماندەی قەرارگای ساروڵڵا، لەو کەسانەن کە تەحریم کراون.

دەولەتی نیوزلەند لە ڕاستای پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا، ڕێکەوتی ١٥ی فێورییەی ئەمساڵ و ١٢ی دێسامبری ساڵی ڕابردووش، چەندین بەرپرسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی تەحریم کردبوو.

هاوکات لەگەڵ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی ئێران، دەوڵەتی نیوزلەند ڕایگەیاندبوو کە وتووێژە مافە مرۆییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کە خەڵکی ئەو وڵاتەی لە سەرەتاییترین مافەکان بێبەش کردووە، هەڵدەپەسێرێت.