کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانی تێرۆرکردنی مەولەوی عەبدولحەمید، پووچەڵ کرایەوە

10:58 - 30 جۆزەردان 2723

نووسینگەی مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی مزگەوتی مەککیی زاهیدان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی کەسێک لە مزگەوتی مەککی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند، ئەم کەسە سەر بە "هەندێک دامەزراوە"یە.

ماڵپەڕی ''حال‌وەش'' کە هەواڵەکانی سیستان و بەلووچستان ڕووماڵ دەکات، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی جۆزەردان، لە زاری چەند سەرچاوەیەک کە ناوی نەهێناون، ڕایگەیاند، چاودێرانی مزگەوتی مەککیی زاهیدان کەسێکیان دەسبەسەر کردووە کە وەکوو قوتابیی زانستی ئایینی لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە ئەرکدار کراوە مەولەوی عەبدولحەمید بە ژەهر تێرۆر بکات.

سەرنووسەری "حال‌وەش" ڕایگەیاند: "چاوەدێرانی مزگەوتەکە گومانیان لەو کەسە هەبووە و دوای دەسبەسەرکردنی، ئەو کەسە هەر لە سەرەتاوە و بەبێ هیچ گوشارێک، دانی بە مەبەستەکەیدا ناوە."

ناوبراو باسی لەوش کرد، نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، بەشێک لە هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هاتنە نێو مزگەوتی مەککی و دوای بیستنی قسەکان و دانپێدانانی ئەو کەسە لە بەرچاوی خەڵکەوە، بردیان.

هەتا ئێستا سەڕچاوه فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەم ڕاپۆرتانە کاردانەوەیان نیشان نەداوه.

مەولەوی عەبدولحەمید لە سەرەتای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران لە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردووەوە، یەکێک لە پشتیوانانی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بووە و هەموو هەینییەک لە وتاری نوێژی هەینیدا ڕەخنە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەگرێت. هەروەها دوای هەموو نوێژی هەینی له زاهیدان خۆپیشاندان دژی ڕێژیم بەڕێوە دەچێت.

شایانی باسە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ڕێگرییان لە سەفەری حەجی مەولەوی کرد و بە وتەی ناوبراو، جگە لەوە تەنانەت بۆ سەفەرکردن بۆ ناوچەی ڕۆژاوی پارێزگای بەلووچستان ڕووبەڕووی دژایەتیی بەرپرسانی ڕێژیم  بووەتەوە.