کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا حەوت دادوەری ڕێژیمی ئێرانی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە

11:57 - 30 جۆزەردان 2723

وەزارەتی دەرەوەی کانادا، حەوت دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە تایبەتی ئەو دادوەرانەی کە لە دادگاکانی ئینقلابدا کار دەکەن، بەهۆی دەستێدابوونیان لە پێشێلکارییە بەرچاو و سیستماتیکەکانی مافەکانی مرۆڤ لە سیستمی دادوەریی ئێراندا، تەحریم کرد.

بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی کانادا، مورتەزا بەراتی، بەرپرسی لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسفەهان، هادی مەنسووری، دادوەری دادگای ئینقلابی مەشهەد، مووسا ئاسیف ئەلحوسێنی، بەرپرسی لقی یەکی دادگای ئینقلابی کەرەج، مەحموود ساداتی، بەرپرسی لقی یەکی دادگای ئینقلابی شیراز، محەممەد موقیسە، بەرپرسی لقی دیوانی باڵا، مێهرداد تەهمەتن، ڕاوێژکاری دادگای تاوانەکانی پارێزگای فارس و حەیدەر ئاسابی، دادوەری پارێزگای گوڵستان لەو کەسانەن خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانی کاناداوە.

ئەم گەمارۆگەلەی وەزارەتی دەرەوەی کانادا، دوازدەهەمین بەستەی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە پێک دەهێنن.

بەپێی ئەو گەمارۆگەلە، موڵک و ماڵی ئەو کەسانە لە کانادا بلوکە دەکرێت و گەشتکردنیان بۆ ئەو وڵاتە قەدەغە دەکرێت، هەروەها شارومەندانی کانادا لە هەر چەشنە بازرگانیکردن لەگەڵ ئەو کەسانە قەدەغە دەکرێن.

لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی کانادادا هاتووە: ''بۆ چارەسەرکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، لەوانە ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ و توانای ژیان و گەشەکردنیان لە کۆمەڵگەیەکی دوور لە ترس، سەرکوتکردن، تۆقاندن و توندوتیژیی دەوڵەتی، بەردەوام دەبین و گوشار دەخەینە سەر ڕێژیمی ئێران."

بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە بەشێک لەو دادوەرانە پێشتر لەلایەن ئەمریکا و یەکیەتیی ئوورووپاوە سزا دراون.

دادگاکانی ئینقلاب وەک دامەزراوەیەکی نزیک لە سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم، بە دەرکردنی حوکمی ئێعدام و سزای قورسی زیندانی پاش دادگاییکردنێکی ساختە و بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێی تۆمەتباران کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیراون، ناسراون.