کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشی لەناکاوی پۆلیسی ئالبانی بۆ سەر کەمپی موجاهیدنی خەلق، ئەندامێکی ئەو ڕێکخراوەیە کوژرا

17:16 - 30 جۆزەردان 2723

ڕێکخراوی موجاهیدنی خەلق ڕایگەیاند کە هەزار کەس لە هێزەکانی پۆلیسی ئالبانی هێرشیان کردووەتە سەر کەمپی ئەشرەفی ٣ی ئەو ڕێکخراوەیە و بەو هۆیەوە یەکێک لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە کوژراوە.

ڕێکخراوی موجاهیدنی خەلق بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی جۆزەردان، نزیکەی هەزار کەس لە هێزەکانی پۆلیسی ئالبانی هێرشیان کردووەتە سەر ئۆردووگای ئەو ڕێکخراوەیە و زۆرێک لە دەرگا و پەنجەرە و شتومەکەکانیان شکاندووە و بە گازی فرمێسکڕێژ پەلاماری دانیشتووانی ئەو کەمپەیان داوە.

ڕێکخراوی موجاهیدنی خەلق ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای ئەو هێرشەی کردووە، بەڵام هیشتا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەو بارەوە کاردانەوەیەکیان نیشان نەداوە.

لەم پێوەندییەدا وەزارەتی نێوخۆی ئالبانی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا، هێرشی پۆلیسی ئەو وڵاتەی بۆ سەر کەمپی ئەشرەف پشتڕاست کردەوە.

هەروەها لە بەیاننامەی ئەو ڕێکخراوەدا هاتووە: "موجاهیدین لە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان کە چەندین جار گەرەنتیی ئەمنییەت و تەندروستیی دانیشتووانی ئەشرەفیان کردووە، داوا دەکات ئەم هەڵسوکەوتە دڕندانە و جینایەتکارانە مەحکووم بکەن و گەرەنتیی پێویست بۆ ڕێگریکردن لەم هەڵسوکەوتە نایاساییانە کە زۆربەیان پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لەوانە ڕێککەوتننامەی پەنابەران، جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و ڕێککەوتننامەی ئورووپایی بۆ مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن، بەجێ بگەیەنن."