خەڵکی خەباتکار و ئازادیخوازی ئێران و کوردستان!
کۆڕ و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ!
بەپێی ڕاگەیەندراوی دەبیرخانەی شوڕای میللیی مقاومەت، بەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢، هێزێکی سەدان کەسیی پۆلیسی وڵاتی ئاڵبانی لە عەمەلیاتێکی لەناکاو و بەربڵاو لەدژی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵقدا هێرشیان کردە سەر کەمپی ئەشرەفی ٣ لە ناوچەی دورووسی ئەو وڵاتە. لە ئاکامی ئەم پەلامار و تێکهەڵچوونەدا یەکێک لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە کوژراوە و ژمارەیەکی زۆریش بەهۆی لێدانی پۆلیس و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و گازی بیبەر بریندار بوون کە دۆخی تەندرووستیی هەندێکیان ناجێگیرە. هەروەها بەشێک لە کەلوپەلی دانیشتوانی ئەم کەمپە تێکشکاوە و لەنێو چووە.
ئەم عەمەلیاتە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ڕۆژاوا و بە تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشتر پابەندیی خۆیان بە دابینکردنی ئەمنییەت و پاراستنی گیانی ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵق ڕاگەیاندووە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەم کردەوەیەی وڵاتی ئاڵبانی لە قازانجی کۆماری ئیسلامی و لە ئاراستەی مانەوەی ئەو ڕێژێمە لەم کاتە هەستیارەی هاوکات لەگەڵ خەباتی خەڵکی مافخواز و نەتەوە چەوساوەکانی ئێران دژی ئەو ڕێژێمە کۆنەپەرەستە و هەروەها وەک هەوڵیک لەدژی هێزە ئازادیخوازەکان لە دەرەوەی ئێران دەزانێ. لەگەڵ ئەوەدا ئەم هێڕشە هاوتەریب و هاوکات لەگەڵ وەگەڕخستنەوەی ماشێنی لەسێدارەدان و ڕەشەکوژی و دەزگای سەرکوتی ئەو ڕێژێمە لە نێوخۆ و لەشکەرکێشی و هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی و درۆن لەدژی پەنابەرانی کوردی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان دەبینین؛ هەر بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ دەکەین لەم بارەوە بێدەنگی نەنوێنن و وێرای مەحکوومکردنی جددی ئەم پەلامارە نایاساییە کە دژ بە پەیماننامە و کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکانە، لە ڕێگەی فشارخستنە سەر دەوڵەتی ئاڵبانی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کردەوانە بکەن و ئەمنییەتی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە بەپێی کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی پەیوەندیدار بە پەنابەران و پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنی مافی مرۆڤی ئورووپا دەستەبەر بکەن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی