کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٣٦٠ نوێنەر و سێناتۆری فەرانسە پشتیوانییان لە داواکاریی خەڵکی ئێران بۆ گۆڕینی ڕێژیمی ئێران کرد

10:04 - 31 جۆزەردان 2723

زیاتر لە ٣٦٠ نوێنەر و ئەندامی مەجلیسی سێنای فەرانسە، دەقێکی هاوبەشیان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئێران کە بۆ گۆڕینی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵدان و خوازیاری کردەوەی بەبڕشت و چارەنووسساز دژ بە ڕێژیمی ئێستای تارانن، واژۆ کرد.

زیاتر لە ٣٦٠ نوێنەر و سیناتۆری فەرانسە پشتیوانییان لە داواکاریی خەڵکی ئێران بۆ گۆڕینی ڕێژیمی ئێران کرد و لە دەقێکی هاوبەشدا کە ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی جۆزەردان، بڵاو کراوەتەوە، بە ئاماژەدان بە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕایانگەیاندووە: لە کاتێکدا زیاتر لە ٧٥٠ خۆپیشاندەر بە دەستی ڕێژیمی ئاخوندەکان کوژراون و ٣٠ هەزار کەسیش دەسبەسەر کراون، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ بەرپرسیاریەتیی خۆی لەئەستۆ بگرێت.

واژۆکارانی ئەم دەقە زیاتر لە ٢٩٠ نوێنەر و هەروەها ٧٦ سێناتۆر لە پارتە جیاوازەکانی فەرانسە لەخۆ دەگرێت.

کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئەم دەقە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ئەستۆی کۆمیتەیەک بە ناوی "کۆمیتەی پارلمانی بۆ ئێرانێکی دێموکرات" بووە.

لە بەشێکی ئەم دەقەدا، واژۆکاران جەختیان لەوە کردووەتەوە کە "هەر گۆڕانکارییەک دەبێ لەلایەن خەڵکی ئێران و خۆڕاگریی خۆیانەوە بێت".

ئەوان داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە بە گرتنەبەری هەنگاوی چارەنووسساز و بەبڕشت لە دژی دەسەڵاتی ئێستای تاران، پشتیوانی لە خەڵکی ئێران و لە هەوڵەکانیان بۆ گۆڕینی ڕێژیم بکەن.