کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێرلین جارێکی دیکە لەبارەی سیخوڕیکردنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دژبەرەکانی لە ئاڵمان هۆشداریی دا

10:21 - 31 جۆزەردان 2723

ڕێکخراوی ئەمنییەتی نێوخۆی ئاڵمان، وڵاتانی ڕووسیە، چین، ئێران و تورکیەی وەک ئەنجامدەرانی سەرەکیی سیخوڕی لەم وڵاتەدا ناو برد و ڕایگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تیشکی خستووەتە سەر نەیارانی خۆی لەو وڵاتەدا.

ڕێکخراوی ئەمنییەتی نێوخۆی ئاڵمان ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی جۆزەردان، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا نووسیویەتی، تورکیە و ئێران وەک دوو هەڕەشەی سیخوڕی لە ئاڵمان، هەردووکیان تیشکیان خستووەتە سەر ئەو کەسانە و گرووپگەلێک کە وەک بەشێک  لە دژبەرانی سیاسیی ڕێژیمی ئێران دێنە ئەژمار.

ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕێکخراوی ئەمنییەتی نێوخۆی ئاڵمان لە سیخوڕیکردنی ڕێژیمی ئێران بەسەر نەیارەکانی لەو وڵاتەدا هۆشداری دەدات.

هەروەها لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا ئەو ڕێکخراوە ئەمنییەتییەی ئاڵمان، ڕێژیمی ئێرانی بە یەکێک لەو وڵاتانە زانی کە دەزگای هەواڵگرییان لەم وڵاتەدا چالاکە.

ئەم ناوندە ئەمنییەتییەی ئاڵمان هۆشداریی دایە ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەم وڵاتە و بەتایبەت نەیارانی کۆماری ئیسلامی کە وشیار بن و ڕایگەیاند کە لە کاتی خۆپیشاندانی ئێرانییەکانی دانیشتووی ئاڵمان بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەران، دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی گرتە ڤیدیۆ و وێنەی ئەوانی گرتووە.

تۆماس هالدن وانگ، بەرپرسی ڕێکخراوی ئەمنییەتی نێوخۆی ئاڵمان بە ئاژانسی هەواڵی ئاڵمانی ڕاگەیاندووە: لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕوون بووەتەوە کە خواستی کۆماری ئیسلامی بۆ سیخوڕیکردن بەسەر کۆمەڵگەی ئێرانیی دانیشتووی ئەو وڵاتە زیاتر بووە.