هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی هێرش و هەڕەشەی بەردەوامیان بۆ سەر بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان لە دوو حەوتووی ڕابردوودا بە بەردەوامی کوێستانەکانی "کۆساڵان" و "شاهۆ" لە بنای زاگڕۆسیان داوەتە بەر ڕەهێڵەی تۆپ و کاتیوشا. لە ئاکامی ئەو تۆپبارانە بەردەوامەدا دەیان هێکتار پووش و پەڵاش و لەوەڕەگەکانی ئەو دوو ناوچە شاخاوییە سووتاون و، هەروەها لە سۆنگەی ئەم کەشە نیزامی و ئەمنییەتییەی بەئەنقەست بەسەر ناوچەکەدا زاڵ کراوە، هاتوچۆی خەڵکی ناوچەکەش تووشی سەختی و ئاستەمی بۆتەوە.
بیانووی ئەم هێڕشە نوێیەی سپای پاسداران بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان، مانۆڕی نیزامی و هەروەها ئیدیعای بوونی هێزەکانی پێشمەرگە و دژبەری ڕێژیم لەو مەڵبەندەیە، لە حاڵێکدا هەمووان دەزانن ئامانجی سەرەکیی سپای پاسداران دوژمنایەتیی خەڵک و خاک و زیانگەیاندن بە سروشت و ژینگەی کوردستانە؛ ئەویش لە کاتێکدا کە ئەو ناوچەیە زیاتر لە دوو دەیەیە بە ناوچەی پارێزراو ناسراوە و هەر بەپێی یاساکانی شوڕای بەرزی ژینگەی ئێران بەڕێوەبردنی هەرچەشنە مانۆڕ و عەمەلیاتێکی نیزامی لەو ناوچەیە قەدەغە و نایاساییە.
کاربەدەستانی سپای پاسداران لە ڕاگەیاندنی هەواڵی ئەم مانۆڕە نیزامییەدا مەبەستی سەرەکیی خۆیان گەڕاندنەوەی ئەمنییەت و ئاسایش بۆ خەڵک و ناوچەکە باس کردووە، بەڵام کێ هەیە نەزانێ کە تێکدانی سروشتی کوردستان ئامانج و مەبەستی نیزامی و ئەمنییەتیی لەپشتە و هەروەها؛ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی خۆیان هۆکاری سەرەکیی هەموو قەیران و نائارامییەک نەک هەر لە کوردستان، بەڵکوو لە ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەو هێرش و پەلامارانەی سپای پاسداران، سەرنجی بیروڕای گشتیی ئێران و جیهان بۆ سیاسەتی دژیگەلی و دژی سروشت و ژینگەیی سپای پاسداران لە کوردستان ڕادەکێشێ و داوا دەکا ئامانج و مەبەستەکانی ڕێژیم لەو تاوان و جینایەتانە لەقاو بدرێن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی