کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبی "ئابووریی سیاسی" چاپ و بڵاو کرایەوە

13:33 - 31 جۆزەردان 2723

کتێبی "ئابووریی سیاسی" لە وانەبێژیی شەهید دوکتور قاسملوو، لە توێی ١١٢ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کرایەوە و خرایە بەر دەستی خوێنەران.

لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، ٣٤ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو، کتێبی "ئابووریی سیاسی" لە وانەبێژیی شەهید دوکتور قاسملوو، چاپ و بڵاو کرایەوە.

کتێبی "ئابووریی سیاسی" کۆکراوەی خولێکی وانەی ئابوورییە کە کاتی خۆی شەهیدی ڕێبەر، دوکتور قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و شارەزا لە زانستی ئابووریی سیاسی، لە چیاکانی کوردستان بۆ کادرەکانی حیزب بەڕێوەی بردووە. کتێبەکە لەلایەن جەماڵ ڕەسووڵ دنخە، کادری ڕاگەیاندنی حیزبەوە، ئامادە و چاپ کراوە.

شەهید قاسملوو کە دوکتورای زانستی ئابووریی هەبوو، لەو خولە پەروەردەییەدا بە زمانێکی زۆر سادە و پاراو بابەتەکانی "ئابووریی سیاسی" و "سیاسەتی ئابووری" بۆ هاوڕێیانی حیزب شی کردووەتەوە.

جەماڵ ڕەسووڵ دنخە کە هەوڵی ئامادەکردن و بەچاپگەیاندنی ئەم کتێبەی داوە، لەم پێوەندییەدا بە "کوردستان‌ میدیا"ی ڕاگەیاند: "ئەم کتێبە کە بریتییە لە دابەزاندنی فایلی دەنگیی وانەوەتنەوەی شەهید دوکتور قاسملوو بە کادرەکانی حیزب، لە ئەسڵدا فایلێکیی دەنگیی شەش کاتژمێرییە، بەڵام بەداخەوە فایلەکە بە تەکمیلی لەبەر دەستدا نییە و ئەوەی نێوەڕۆکی ئەم کتێبەی پێک هێناوە بەشێکی کورت بەڵام گرینگی وانەکەی دوکتوری شەهید لەسەر ئابووریی سیاسییە."

ناوبراو سەبارەت بە هۆکاری ئەم هەوڵەی خۆی بۆ لەچاپدانی ئەم کتێبە وتی: "یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیکە پاڵنەر بوو ئەو بەرهەمە ئامادە بکەم، ئەوە بوو کە ئێمە وەک نەسڵی نوێی شۆڕشی کوردستان لە ڕیزەکانی حیزبدا، یەکێک لە ئەرکەکانمان ئەوەیە میراتەکانی حیزبی دێموکرات و بە تایبەتی وتاربێژی و باقیی قسە و لێدوانەکانی دوکتور قاسملوو و ڕێبەرانی دیکەمان بۆ نەسڵەکانی داهاتوو بگوازینەوە."