کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ هاوپەیمانیی سیاسی: هێرش بۆ سەر ناوەندی پەنابەرانی ڕێکخراوی موجاهیدین مەحکووم دەکەین

10:17 - 1 پووشپەڕ 2723

سێ هاوپەیمانیی سیاسی، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، هاوپێوەندی بۆ ئازادی و دێموکراسی لە ئێران و شۆرای دێموکراسیخوازان، ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی جۆزەردان، لە بەیاننامەیەکدا هێرش بۆ سەر کەمپی موجاهیدینی خەلقیان مەحکووم کرد و داوای وڵامدانەوەی حکوومەت و بەرپرسانی دادوەریی دەوڵەتی ئالبانییان بۆ ئەو هەڵسوکەوتە دژە مافی مرۆییە کردووە.

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:

لە ڕاستای هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە چەند مانگی ڕابردوودا بۆ گەڕاندنەوەی ئابڕووی لەدەستچووی بەهۆی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ئێران، خەرجکردنی دۆلاری نەوتی لە وڵاتێکی هەژاری وەک ئالبانی بۆ هێرشکردنە سەر ناوەندی نیشتەجێبوونی پەنابەرانی موجاهید، یەکێکە لە هەوڵە نائومێدەکان کە کۆماری ئیسلامی گرتوویەتییە بەر.

هێرشی دڕندانەی پۆلیسی ئالبانی کە بێگومان بە هاوکاری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام درا، پیلانێکی دیکەی ئەم ڕێژیمە بۆ دروستکردنی کەشی تۆقاندن و تێرۆر لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵاتدا دێتە ئەژمار.

دوای شۆڕشی ژینا لە ئێران، ڕووخساری پیس و منداڵکوژی کۆماری ئیسلامی بە ڕادەیەک لە جیهاندا ڕیسوا کرا کە ئەمڕۆ وڵاتانی ئورووپایی کە لە پشت پەردەوە پێوەندییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە، لە ترسی  کەشی سیاسیی زاڵ بەسەر وڵاتەکەیان، بە هەمان شێوە بەرگری لە بزووتنەوەی ژینا دەکەن.

کۆی چالاکییە سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا، لە بارمتەگرتنی گەشتیارانی بیانییەوە بگرە تا دەگاتە کەسانی دوو هاووڵاتی و هەوڵدان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی تێرۆریستانی دەسبەسەرکراو لە ئورووپا لەگەڵ کەسانی بارمتەگیراو، کردنەوەی پێوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بە تایبەتی عەرەبستانی سعوودی، ناردنی هێزی سەربازی بۆ کوردستان بۆ چەوساندنەوە و دڕندەیی و هەروەها پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بۆ بۆ بەئەنجامگەیاندنی بەرجام، هەموو هەوڵێکی کۆماری ئیسلامییە بۆ ئەوەیکە تەمەنی لە ئێراندا درێژ بکاتەوە.

ئێمە سێ هاوپەیمانیی سیاسی هێرش بۆ سەر ناوەندی پەنابەرانی ڕێکخراوی موجاهیدین مەحکووم دەکەین، لە هیچ یاسایەک ناتوانرێت چالاکیی سیاسیی ڕێکخراوێک ئەویش لە دەرەوە سنووردار بکرێت.

ئێمە داوای وڵامدانەوەی حکوومەت و بەرپرسانی دادوەریی دەوڵەتی ئالبانی بۆ ئەو هەڵسوکەوتە دژە مافی مرۆییە و بە تایبەتی مافی پەنابەران، بەپێی ناوڕۆکی پەسەندکراو لەلایەن کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، دەکەین.