کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا گەڵاڵەیەکی بۆ هەمیشەییکردنی گەمارۆکانی سەر ئێران پەسەند کرد

10:28 - 1 پووشپەڕ 2723

کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، بە دەنگی یەکلاکەرەوەی ئەندامانی هەردوو حیزب، گەڵاڵەیەکی پەسەند کرد کە بەشێک لە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە حاڵەتی کاتی دێنێتە دەرەوە و بە هەمیشەیی دەکرێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی جۆزەردان، کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا بڕیارنامەی ٣٠٣٣ لە پێوەندی لەگەڵ بەردەوامیی گەمارۆکان دژی ڕێژیمی ئێران و هەروەها بڕیارنامەی ٤٩٢ کە لە پێوەندی لەگەڵ پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانە، تاوتوێ کرد.

بەپێی ئەم گەڵاڵەیە کە ناوی "یاسای چەسپاندنی گەمارۆکانی ئێرانـ"ـە، گەمارۆکانی واشنگتۆن بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی کردەوەکانی ئێران لە لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی چەکی ناوکی و کیمیایی و ئەنجامدانی چالاکیی تێرۆریستی دژ بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە لە ساڵی ١٩٩٦ پەسەند کرا، بە هەمیشەیی بکرێت.

هەروەها بڕیار بوو بڕیارنامەیەک کە لە مانگی سەرماوەزی ڕابردوودا لەلایەن ڕابێرت مێنێندێز، سەرۆکی دێموکراتەکان لە کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی سێنا پێشنیار کرابوو، قسەی لەسەر بکرێت و دووبارە لەلایەن ناوبراوەوە پێشنیار کرایەوە، بەڵام کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە بۆ پێداچوونەوە بەم بڕیارنامەیە هەڵوەشایەوە.

لەم بڕیارنانەیەدا بڕیارنامەیەدا ڕێز لە ئازایەتی و ئیرادەی ژنان و پیاوانی ئێران لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکاندا گیراوە کە بۆ بەرگریکردن لە مافە بنەڕەتیییەکانی خۆیان ئەمنییەتی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.

ئەم بڕیارنامەیە هەروەها لێدان و کوشتنی ناڕازییان لە ئێران، لەوانە منداڵان مەحکووم دەکات و خوازیاری لێپرسینەوەیەکی ڕوون لە هەموو حاڵەتەکانی کوشتنی ناڕازییان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییە.

ئەم بڕیارنامەیە لە قۆناغی یەکەمی یاساداناندایە و پێش ئەوەی ئاراستەی کۆنگرە بکرێت لەسەر ئاستی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی سێنادا پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت.