کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێشک‌شوشتنەوە پێش بە هەڵپەڕین ناگرێت

12:22 - 1 پووشپەڕ 2723

دارسمە

دیالیز" یان شوشتنەوەی گورچیله کارێکە پزیشکان و کاربەدەستانی نەخۆشخانان بە مەبەستی پاککردنەوەی "لینجە پەردە"ی نێو گورچیلان دەیکەن. کردەی دیالیز لە زمانی کوردیدا "شوشتنەوەی گورچیلە"ی پێ دەگوترێت. ڕۆژانە ڕەنگە هەزاران نەخۆش لە جیهاندا بە هۆی نەخۆشیی گورچیلەوە دیالیز بکرێن، یان گورچیلەیان بشۆردرێتەوە.

لەم ئیرانە‌ی ئێمەی کورد دەڵێین وڵاتی ئێمەشە، ڕۆژانە سەدان کەس بێ ئەوەی پێشترێ نەخۆشیی گورچیلەیان هەبووبێت، بەپەلە دەگەیەنرێنە نەخۆشخانان و دیالیزیان دەکەن. بۆ شوشتنەوەی گورچیلە، تراوی نێو گورچیلان بە هۆی ئامێرێکی تایبەتەوە لە دەرەوەی لەشی مرۆڤ دەپاڵێونەوە.

لەم ئێرانەی ئێمەی کورد پێمان‌وایە وڵاتی ئێمەشە، بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی بۆ شوشتنەوەی گورچیلە دەگەیەندرێنە نەخۆشخانان، چەند خولەک یان چەند کاتژمێرێک پێشتر ئەوەندەی بۆیان کراوە سەمایان کردووە و هەڵپەڕیون. ئەمە لە کاتێک‌دایە هەڵبەزدابەز و هەڵپەڕینی سێ‌پێیی و سوێچکەیی و گەڕیان و تەنانەت سەما و بیلامانێ قوون‌بادانیش بۆ نەخۆشیی گورچیلان باشن و تراوی نێو گورچیلە و میزەڕۆیاندا دادەنە خوارەوە. بەڵام زۆر سەیرە بەشێک لەوانەی بە مەبەستی شوشتنەوەی گورچیلان دەگەیەندرێنە نەخۆشخانان دوای ئەوەی تێر هەڵبەزدابەزیان کردووە و هەڵپەڕیون، پاشان بەناچاری تووشی نەخۆشخانە بوون و خێرا براونەتە بن ئامێری گورچیلەشوشتنەوە.

هەڵپەڕین لە ئێران زۆر خۆشە و بیانووی هەڵپەڕین زۆرن. جەژنی لەدایکبوونی کوڕی میمکە فەتانە و ئامۆزاکەی و کچە عازەبەکانی، چ ئەوانەی لە دوبەی و ئۆسڵۆ و ئیرلەندی باکوور و فرانکفۆرتی ئاڵمان و تەناتەت ئەوەی لە ویلایەتی کەبەکی کاناداشە و هەروەها ئەوانەی نێوخۆش بە بیانووی لەدایکبوونی هەموویانەوە دەکرێت هەڵپەڕین و شایی و خۆبادان بەڕێوە بچێت، هەموو خەتای شووە ڕەحمەتییەکەی پلە فەتانە و ئاخوندی گەڕەکە بوو ئەم هەموو کچەیان بوو. شووەکەی میمکە فەتانە بە قسەی ئاخوندەکەی گەڕەک ئەم هەموو وەچەیەی نایەوە و هەر بەتەمای کوڕ بوو و میمکە فەتانە دووانە دووانە کچی جوانی هێنا و بە ئاسیا و ئورووپا و ئەمریکادا بڵاوی کردنەوە. خۆ ئەگەر کوڕ بوونایە ڕەنگ بوو ئێستا نیوەیان لە سووریە و عێراق و لوبنان و یەمەن شەهید بووبان!

کاتێک ماڵی دائی "ئەڵڵاوێردی"ش شایی بۆ کوڕیان دەکەن، هەڵپەڕین بە پێی فیلانە. میمکه فەتانە لە شایی کوڕەکەی دایی ئەڵڵاوێردی لە کچە ١٤ ساڵەکەی دایی ئەڵاوێردی باشتر دەکەوێته چەقڵەسەما. کەسێک لە دواوە خۆبادانی بینیبێ و پێی بڵێی ئەوە میمکه فەتانەیە، ڕەنگە هەتا میمکه فەتانە وەردەسووڕێتەوە و گنج و لۆچی لامل و نێوچەوانی دەردەکەون، هەموو گیانی بە مست و پێلەقان تێک بشکێنن. جا ئەگەر میمکه فەتانە زوو وەرسووڕێتەوە، ئەوەی گرەوی لەسەر کردووە، بە ساغی قوتار دەبێت.

ئەم هەڵپەڕین و هەڵبەزدابەز و شایی و سەمایەش لەم دواییانەدا هێز و ورەی تایبەتی دەوێت. لەم دونیا سەیر و سەمەرەیەدا هەڵدەپەڕی هەر نابێت، هەڵناپەڕی هەر نابێت. هەڵدەپەڕی لۆمەت دەکەن و دەڵێن هەڵدەپەڕێت. هەڵیشناپەڕی هەر لۆمەت دەکەن. ئەو خەڵکەش بۆ ئەوەی لە لۆمەکردنی هەڵپەڕین و هەڵنەپەڕین خۆیان قوتار بکەن، دەبێت خۆ لە داری گێژی بدەن. گێژبوونیش لە وڵاتێکدا هێڵی هەژاری لە سەرووی سی میلیۆن تمەن بێت، زۆر ئاستەمە. یانی ئەگەر خێزانێک مانگانە لە سی میلیۆن تمەن زیاتر داهاتی نەبێت، ئەوە بە هەژار حیسابە و هەژاریش بە هیچ شێوەیەک خۆگێژکردنی لێ نایەتەوە. کوا دەکرێت لەنێو ئەم هەموو گرانی و برسیەتی و بێکاری و نەدارییەدا خۆت لە کووچەی عەلی چەپ بدەی و لەم هەموو گێرە و کێشەیە دوور بکەویەوە؟

هەر لەبەر ئەمەیە گەلی گوندییان و جیرانان لە جەژنی لەدایکبوونان و شایی و زەماوەندی خزم و دەروجیراناندا ڕوو دەکەنە ئەو خواردنەوە و تراوانەی بۆ ماوەیەک سەرخۆشیان دەکات و خەمی هێڵە حیزەکەی هەژارییان لەبیر دەباتەوە. ماموستا هێمنی ڕەحمەتی دەیفەرموو:

هەتا کۆمتر دەبێ پشتم، پتر هەڵدەکشی مینی‌ژۆپ

تازە دەستم بە دامێنی کچی ئەم شارە ڕاناگا

جا هێڵی هەژاربوونیش وەک مینی‌ژۆپەکەیە و خەڵکیش بوونە بە مام هێمن. هەر ئەو هەڵدەکشیت و هەژارانایش کۆمتر دەبنەوە. باشترین ڕێگەی خۆگێژکردنیش سەرخۆشبوونە. سەرخۆشبوونیش بۆ گەلی ژێر هێڵی هەژاری تەنیا بەم تراوە دەست‌سازانەی لای خۆمان دەکردرێت، هەرزان و بە لێشاو.

جا دۆستان پێیدا دەکەن و هەڵدەپەڕن و دوای چەند خولەکێک دەردەکەوێ تراوێکی مەترسیداریان خواردووەتەوە و بەپەلە لە نەخۆشانان دەست بە گورچیلە شووشتنەوەیان دەکرێت و پاشان هەندێکیان ڕزگار دەبن و بەشێکیان بۆ هەمیشە سەر دەنێنەوە. ئەوانەی زوو دەگەنە نەخۆشخانە بە شەرتی چاک‌بوونەوەیان گورچیلەیان بۆ دەشۆرێتەوە و ئەوانەی ئەڵکۆڵی میتالیک بە قووڵی کاری لێکردوون، بە شەرتی مردن بۆی ڕاکشاون. لەبیرتان نەچێت ئەوانەی لەم تراوانە دەخۆنەوە بەشێک لەوانەن ئامێری مێشک‌شۆردنەوە کاری تێیان نەکردووە.

ئامێری مێشک‌شوردنەوەش ئامێرێکه ئەوەندەی بڵێی سەیر و سەمەرە. دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی زۆر بەر لە سەردەمی چل و چەند ساڵەی دەست‌پێکردنی دەستەڵاتی دەستی بە شوشتنەوەی میشکی "امت همیشه درصحنه" کردووە. هەزاران ئاخوندی سەردەمی دەستەڵاتی پاشایەتی و میلیۆنانی سەردەمی دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەردەوام خەریکی شوشتنەوەی مێشکی "امت همیشە در صحنە"ن. بەڵام بەداخەوە ئەم ئامێری مێشک شوشتنەوەیە کێشەیەکی گەورەی هەیە و ئەویش ئەمەیە هەموو ئەوانەی مێشکیان شوراوەتەوە، بۆ هەڵپەڕین بە پلێکەوە بەندن و لە شایی‌ و شیندا هەڵدەپەڕن. تەنیا جیاوازیی هەڵپەڕینەکە لە پۆشینی جلکیان دایە. ئەوانەی شایی دەکەن بە جلی ئاڵوواڵا و ئەوانەی شین دەگێڕن بە جلی ڕەشەوە هەڵدەپەڕن.