برایم چووکەڵی
باسکردن و نووسین له‌باره‌ی شەهیدان و فیداکارییەکانیان و تۆمارکردنی مێژووی پڕ سەروەریی خەباتیان ئەرکێکە دەکەوێتە سەر شانی هەر تاکێکی کۆمەڵ، بەتایبەت هاوسەنگەرانیان؛ بۆ ئەوەی نەوەی داهاتووی خاک و نیشتمان بزانن چ که‌سانێک له‌و ڕێگایه‌دا گیانیان به‌خت کردووه. ئەو کاروانە چۆن وەڕێ کەوتووە و چۆن ده‌ستیان له به نرخترین سه‌رمایه‌ی ژیانیان واته گیانیان هه‌ڵگرتووه و، لە کاتێکدا ده‌یانتوانی وەک خەڵکانی دی درێژە به ژیانی ئاسایی خۆیان بده‌ن. پاڵەوانێک کە لە گۆشەی "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەمجارەدا یاد و ناوی بەرز ڕادەگرین، فەرماندە کەریم ئارامش، ناسراو بە کەریمی عەلی فەرامەرز لە هێزی بەیان و ناوچەی ئەحمەدی کۆری بۆکانە.
کەریم عەلی فەرامەرز یەکێک لە ئوستوورەکانی حیزب لە ناوچەی بۆکانە و ئەو مێژووە لە ئازایەتی و هەرمانەی تەنیا لە ماوەی دوو مانگ پێشمەرگایەتیی حیزبی دێموکرات‌دا بە ناوی خۆی تۆمار کرد.
کەریم ئارامش ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی لە گوندی عەسکەراباد لەدایک بوو. قۆناغی منداڵیی ئاوێته‌ی ده‌رد و ژان بوو. كاتی چوون بۆ خزمه‌تی ئیجباری هاتبوو، به‌ڵام بۆ كه‌ریم قبووڵ نه‌ده‌کرا خزمەتی سەربازی بۆ ڕێژیمێك بكا كه بە خوێنی خه‌ڵك و وڵاته‌كه‌ی تینووە. هه‌ربۆیه ملی بادا و خۆی به ده‌سته‌وه نه‌دا. ئەوە بوو کە ڕەوڕەوەی ژیان ئەوی بەرەو کوردستانی گەرمێن پەلکێش کرد.
کەریم ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ لە کەرکوک و سلێمانی ژیانی گیرسایەوە و پاش ئەو ماوەیە گه‌ڕایه‌وه کوردستانی کوێستان و لە گوندی "سەراو" بەنهێنی و دوور له چاوی سیخوڕانی ڕێژیمی پەهلەوی ده‌ستی به كار و كاسبی كرد. به‌ڵام زۆری نەکێشا ساواک پێی زانی، بۆسەیان بۆ دانا، ده‌وری ماڵه‌كه‌یان دا، گرتیان و بە تاوانی! سەربزیوی و دژایەتیی ڕێژیم خستیانە بەندیخانەوە و لە کوردستانیان دوور خستەوە.
پاش ئەوەی گه‌رده‌لوولی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له‌دژی حكوومه‌تی پاشایه‌تی هه‌ڵی كرد و قه‌ڵای دیكتاتۆڕی و سه‌ره‌ڕۆیی حكوومه‌تی حه‌مه‌ڕه‌زاشا كه‌وته به‌ر په‌لاماری خه‌ڵك؛ ڕێژیم دەستی بە ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان کرد. کەریم ئارامش دوای ئازادبوونی بەپەلە گه‌ڕایه‌وه بۆ كوردستان و له خۆپێشاندانه‌كانی خه‌ڵكی لە شاره‌كانی مه‌هاباد و بۆكاندا به‌شداریی بەرچاوی هەبوو.
دوای سەرکەوتنی شۆڕش و ده‌ستپێكردنەوەی تێكۆشانی ئاشكرای حیزب، كه‌ریمی عه‌لی فه‌رامه‌رز له ناوچه‌ی بۆكان له یه‌كه‌مین كه‌سانێك بوو پێوه‌ندی به حیزبه‌وه گرت. ئەو کە هەموو ئاوات و ئاره‌زوو، و خولیاکانی خۆی لە بەرنامەی حیزبی دێموکرات‌دا دۆزیبۆوە، چه‌كی شه‌ڕه‌فی بەرگری لە خاک و نیشتمانی کردە شان. ئەو زۆر زوو وه‌كوو ڕۆڵه‌یه‌كی بەوەج، بەمشوور و گیانبازی ڕێگای دێموكراسی و ئازادی له‌نێو هێزی "به‌یان"دا ناسرا و له هەموو ناوچه‌كانی مه‌هاباد و بۆكاندا ناوبانگی ده‌ركرد.
كه‌ریم عه‌لی فه‌رامه‌رز به‌هۆی لێهاتوویی و كارامه‌یی له فه‌ن و تاكتیكی شه‌ڕی پارتیزانیدا پله‌كانی پێشمه‌رگایه‌تیی یه‌ك به دوای یه‌كدا بڕی‌و هه‌تا پله‌ی فه‌رمانده‌ری لك چووه سه‌رێ. ئه‌و فه‌رمانده‌ره لێهاتوویه له زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌ی مه‌هاباد و بۆكان‌و هه‌وشاردا به‌شداریی چالاكانه‌ی كرد و گه‌لێك شانازی و حه‌ماسه‌ی له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا تۆمار كرد.
شەش ڕۆژ لە پاییزی ١٣٦٠ تێپەڕیبوو. شەڕ لە ئاوایی ساروقامیش زۆر گەرم بوو. کۆڕانی دێموکرات لەو مەڵبەندە دوو ڕۆژی تەواو پێشیان بە ستوونی دوژمن گرتبوو کە بۆ داگیرکردنی شاری بۆکان لە سێ قۆڵەوە، لە ساینقەڵا، سەقز و میاندواوەوە بەرەو بۆکان بەڕێوە بوون. دوای ئەوەی هێزی پێشـمەرگە هاتە سەر ئەو باوەڕە کە شەڕکردن لە سی قۆڵەوە کارێکی دژوارە، تا ٥ ڕۆژان هەر ڕۆژێ لە شوێنێک پێشیان بە هێرشبەران دەگرت و ژمارەیەکیان لێ دەکوشتن. سەرەنجام ڕۆژی ١١ی ڕەزبەر ستوونی دوژمن بە دەیان تانک و نەفەربەرەوە شاری بۆکانیان داگیر کرد.
تەنیا ڕۆژێک دوای گرتنی شاری بۆکان هێزی پێشمەرگە بە فەرماندەیی کەریم ئارامش لە ئاوایی داشبەند کەمینیان بۆ دژمن دانایەوە و ٣ ماشێنی دوژمنیان لێک هەڵتەکاند، ژمارەیەکیان لێ کوشتن و چەک وچۆلێکی بەرچاویان بەدەسکەوت گرت. ئەم عەمەلیاتە ورەبەخشە هێز و تینێکی دیکەی نایەوە بەر هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان... .
ڕۆژی ٣ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ١٣٦٠ی هه‌تاوی هێزه‌كانی به‌یان و پێشه‌وا بڕیاریان دا عه‌مه‌لیاتێكی هاوبه‌ش له‌دژی هێزەکانی دوژمن به‌ڕێوه به‌رن. فەرماندەرانی ئەم دوو هێزە بۆ زەبروەشاندن لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گه‌ڵاڵه‌یه‌كی عهمهلیاتییان داڕشت و مۆڵگه‌ی دوژمن له گوندی "حوسێنمامه"یان بۆ ئەو مەبەستە هه‌ڵبژارد. هێزی دوژمن کە لە هەڵمەتی پلنگئاسای ڕۆڵەکانی دێموکرات تاسابوو، خۆی نەگرت و چۆکی دادا. لە ماوەیەکی زۆر کورت‌دا مۆڵگه‌ی دوژمن به‌ته‌واوی ده‌ستی به‌سه‌ر داگیرا، ٢٧ كه‌س له هێزەکانی ڕێژیم كوژران و ئەو تەنیا ٤ كه‌سەی لە مۆڵگەکەدا مابوون به دیل گیران. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییەکی باش كه‌وته به‌ر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌كان. به‌ڵام خوێن‌بایی ئه‌و حه‌ماسه‌یه گیانی شیرینی ٥ ڕۆڵه‌ی تێكۆشه‌ر و فیداكاری گه‌له‌كه‌مان بوو کە كه‌ریم ئارامش یەک لەوان بوو.
تەرمی شەهید کەریم لەگەڵ هاوسه‌نگه‌رانی دیكه‌ی شەهیدی (ئه‌حمه‌د ئه‌حمه‌دی، ناسر محه‌ممه‌دپوور، سه‌ید كه‌ریم ئه‌حمه‌دی و ئه‌نوه‌ر بهدەوی له هێزه‌كانی به‌یان و پێشه‌وا) برانە گوندی غەوساباد و لەوێ نێژران.