برایم لاجانی
٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ ٤٣ ساڵ بە سەر دامەزرانی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێراندا تێدەپەرێ. ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران لە بارودۆخێکدا پێی نایە مەیدانی خەبات کە بزووتنەوەی میللی و دێموکڕاتیکی خەڵکی کوردستان بەتایبەتی و گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بە گشتی کەوتبوونە بەر هێرش و پەلاماری سیاسی، تەبلیغاتی و نیزامیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و لەژێر سەرکوت و زەبروزەنگێکی تووندا بوون.
ڕێژیمی ئاخوندی کە تازە دەستەڵاتی بەدەستەوە گرتبوو، پەلامارێکی بەرینی بۆ سەر دەسکەوتەکانی شۆرشی پڕشکۆی گەلانی ئێران دەست پێ کردبوو، ئازادییە سیاسی و دێموكراتییەکان بە توندترین شێوە سەرکوت دەکران، زانکۆ و زانستگاکان و ناوەندە فەرهەنگییە جۆراوجۆرەکان لەژێر پەلاماری کۆنەپەرستیدا بوون، بزووتنەوە خوێندکاری، کریکاری و جەماوەرییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا سەرکوت دەکران، خۆپێشاندانەکانی ژنان بۆ بەرگری لە ئازادی و دەسکەوتەکانیان شەڵاڵی خوێن دەبوون، ڕووناکبیران، هونەرمەندان، ڕؤژنامەنووسان، چالاکانی سیاسی و ئەندامانی زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لەگەڵ گرتن و ڕاونان و زیندان و ئێعدام بەرەوڕوو بوون. هێزە دژیگەلییەکانی کۆنەپەرستی هێرش و پەلامارێکی دڕندانەیان بۆ هەموو ئەو شار و ناوچە جۆراوجۆرانە دەست پێ کردبوو کە ئاڵای خەبات و بەربەرەکانێیان بەدژی کۆنەپەرستیی بەدەستەڵاتگەیشتوو بەرز کردبۆوە.
ئەو خەبات و بەربەرەکانێیە بەدژی کۆنەپەرستیی بەدەستەڵاتگەیشتوو، بە هۆی وشیاریی سیاسیی خەڵک و ئەزموونی هێزە سیاسییە خەباتگێڕەکان لە کوردستاندا لە ئاستێکی بەرز و بەهێزدا بوو. هەربۆیە ڕێژیمی خومەینی ئەگەر لەلایەک هێرشێکی بەرینی بۆ سەر کوردستان دەست پێ کردبوو، لەلایەکی دیکەشەوە هێرشێکی تەبلیغاتیی گەورەشی بۆ سەر خەڵکی کوردستان و هێزە پێشڕەوەکانی دەست دابوویە. لە هەمان کاتدا ئابڵۆقەیەکی بەرینیشی خستبووە سەر کوردستان بە جۆرێک کە نەیدەهێشت هەواڵی کوشتار و جینایەتەکانی دەرحەق بە خەڵکی کوردستان بگاتە بیروڕای گشتیی ئێران و دونیای دەرەوە. لەوەزعیکی ئاوادا، ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی، بە پەیامێکی ڕێبەری گەورەی حیزب و گەلەکەمان، شەهید دوکتور قاسملوو، ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران دەستی بە بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی خۆی کرد. بەمجۆرە دامەزرانی ڕادیۆ دەنگی کوردستان لەو هەلومەرجە سەخت و دژوارەدا، نەک هەر وەڵامدانەوەیەکی دروست و بەجێی ئەو قۆناخە مێژووییە بوو کە بزووتنەوەی میللی و نیشتمانی خەڵکی کوردستانی پێدا تێدەپەڕی، بەڵکوو پێویستییەکی مێژووییش بوو کە چوونەسەری ئاستی خەبات و بەربەرەکانێی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هێنابوویە پێش. خۆ لە خۆڕا نەبوو ڕادیۆ دەنگی کوردستان لە ماوەیەکی زۆر زوودا، لە شەوەزەنگی ئیستبداد و سەرەڕۆیی و بێدادیدا، بوو بە بانگی ئازادی و بەرگری و خەبات و بەربەرەکانێ.
دەنگی کوردستانی ئێران ئەگەرچی ئیمکاناتێکی زۆر کەمی تکنیکی و ماددی و ئینسانیی لەبەردەست دابوو، ئەگەرچی لەژێر گوشار و بۆردومان و تۆپبارانی بەردەوامی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمدا بوو، ئەگەرچی بەردەوام پاڕازێتێكی توندی لەلایەن ڕێژیمەوە دەخرایە سەر، ئەگەرچی بە هۆی هێرش و پەلاماری ڕێژیم زوو زوو دەبوایە جێگای خۆی لە دۆڵێکەوە بۆ دۆڵ و شاخێکی دیکە بگوێزێتەوە، بەڵام بە هۆی ڕاستوێژی، بە هۆی سەرکەوتنی لە بەربەرچدانەوەی چاووڕاوی ڕێژیم و بڵاوکردنەوەی بەوەختی هەواڵی بەربەرکانێی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خەبات و تێکۆشانی چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی کوردستان، بوو بە دەنگی زوڵاڵ و حەقبێژی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان و جێگای بڕوا و متمانەی بیروڕای گشتی لە کوردستان و تەنانەت لە هەموو ئێرانیشدا. لەوەش زیاتر، دەنگی کوردستانی ئیران، لە ڕێگای بەرنامە جۆراوجۆرەکانیەوە، وەک لێکدانەوەی سیاسیی ڕووداوەکانی ئێران و کوردستان، بڵاوکردنەوەی وشیاری نەتەوەیی و زانیاریی سیاسی و ڕووناکبیری، توانی ببێتە سەرچاوەیەکی گەورەی بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی ئازادیخوزانە و پێشکەوتنخوازانە.
ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کولتوورییشەوە شوێنەوارێکی پۆزەتیڤی لەسەر خەڵکی کوردستان هەبوو. خەبات و بەربەرەکانێ بەدژی داب و نەریتە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیە کۆن و دواکەوتووەکانی وەک ژنبەژنە، پێوەندییە دواکەوتووە عەشیرەتی و تاییفەییەکان، دیفاع لە ماف و ئازادییەکانی ژنان، مافەکانی منداڵان، کەمئەندامان، کەمایەتییە نەتەوەیی و ئیتنیکی و مەزهەبیەکان و ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ بە گشتی، بەشێکی گرنگی نێوەرۆکی بەرنامەکانی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانیان پێک دەهینا. ئەمەش لە بردنەسەری وشیاری و ئاگایی خەڵکی کوردستاندا نەخشێکی بەرچاوی هەبووە.
بڵاوکردنەوەی بەرنامەی تایبەتی لەسەر زمان و ئەدەبیاتی کورد، ژیان و بەسەرهاتی شاعیرانی کورد، مێژووی کورد، ڕووداوە مێژووییەکانی کوردستان، ناوداران و شۆڕشەکانی کورد، ئاشناکردنی خەڵکی کوردستان دەگەڵ فۆلکلۆر و هونەر و بەیت و باللۆرە و گۆرانی و مۆزیک بە زاراوە جۆراوجۆرەکانی کوردی، ڕەهەندێکی دیکەی کار و تێکۆشانی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بوو کە ئەوەش بە نۆرەی خۆی لە بردنەسەری ئاگایی و وشیاریی نەتەوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستاندا کاریگەریی بەرچاوی هەبوو.
لەقاودانی جینایەتەکانی ڕێژیم دەرحەق بە خەڵکی کوردستان، وشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە نەخشە و پیلانە گڵاوەکانی دامودەزگای سیاسی و ئیتلاعاتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ئەرکێکی دیکەی ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران بوو. ئەرکێک کە ڕادیۆ کوردستانی ئێران بە ڕاستی تێیدا سەرکەوتوو بوو. لەو بارەوە ڕادیۆ بەحەق ڕێپێشاندەر و ڕێکخەری خەبات و بەربەرەکانێی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو. هۆی سەرەکیی سەرکەوتنی ڕادیۆ لەو ئەرکە گرنگەدا ئەوە بوو کە دەنگی کوردستانی ئێران بڵاوکەرەوەی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بوو. حیزبێک کە بە درێژایی مێژووی خۆی پشتی بە قەڵای لەگیراننەهاتووی خەڵکی کوردستان ئەستوور بووە و جێگای بڕاو و متمانەی ئەوان بووە.
هەروەها دەنگی کوردستانی ئێران ببوو بە پردی پێوەندی نێوان بزووتنەوەی کوردستان و بزووتنەوەی سەرتاسەری و بزووتنەوەی چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی دیکەی وڵاتەکەمان. ئەمەش خۆی لەخۆیدا پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ ئیزۆلەکردن و دوورەپەرێزخستنەوەی بزووتنەوەی کوردستان دەکردنەوە بڵقی سەر ئاو.
لەپەنا هەموو ئەو ئەرکانەدا، دەنگی کوردستانی ئێران، هاندەر و ئیلهامبەخشی لاوانی خەباتگێڕی کوردستان بوو بۆ پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەڵگرتنی چەکی دیفاع و بەرگری لەبەرانبەر هێرش و پەلاماری کۆنەپەرستی بۆ سەر کوردستان و گەلی کورددا. ئەدەبییات و ڕیتۆریکی حەماسی و شۆڕشگێرانە و ئازادیخوازنەی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران، چوونکە ئاوێنەی باڵانوێنی ئەو نرخ و بەها و پەیام و ئامانج و ئاوات و ئارەزووانە بوو کە بزووتنەوەی میللی دێموکراتی کوردستان و حیزبە پێشڕەوەکەی لەهەناوی خۆیدا هەڵی گرتبوون، بەخێراییش لەسەر دڵی لاوانی کوردستاندا دەنیشتن و دەبوون بە ئیمان و بیروبڕوای شۆڕشگێرانە. لەخۆڕا نەبوو ئەو سروود و شێعر و گۆرانییانەی لە ڕادیۆ بڵاو دەبوونەوە، یا ڕیتۆریکی حەماسی شێربەگی، ببوونە وێردی سەر زمانی لاوان، منداڵان و گەورە و گچکە و ژن و پیاوی خەڵکی کوردستان.
تایبەتمەندییەکی دیکەی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران ئەو زمانە سیاسی و ئەدەبییە ڕەوانە بوو کە بۆ گەیاندنی پەیام و مەبەستەکانی خۆی بەکاری دەهێنا. ڕێبەریی حیزب و بەرپرسانی ڕادیۆ هەمیشە داوایان دەکرد نووسەران و وێژەرانی رادیۆ، بۆ بەیان و گەیاندنی بابەت و سیاسەتەکانی حیزب بە خەڵک و بیڕوڕای گشتی لە زمانێکی سیاسی و سادە کەڵک وەرگرن، تیرمینۆلۆژیی زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییە دونیاپەسندەکان بەکار بێنن و خۆیان لە ئەدەبییاتی چاڵەمەیدانی بپارێزن. بۆیە هەرچەند ڕادیۆ دەنگی کوردستان ئاڵۆزترین مەسەلە سیاسییەکانی ئێران و کوردستان و تەنانەت جیهانیشی لێک دەدانەوە، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان بەپەرۆش و عیشق و تاسەوە گوێیان لێ دەگرت و زۆر چاکیش لێی تێدەگەیشتن. ئەمەش پێگە و ڕۆڵی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازایی کوردستاندا هێندەی دیکەش پڕڕەنگ کردبوو.
لە هەمووی گرنگتر ئەوەبوو کە لە کاتێکدا لە ئێران و کوردستان، شوێنەوارێک لە ئازادییە سیاسی و دێموکراتیەکان نەمابوو و ئیستبداد و سەرەڕۆیی باڵی ڕەشی خۆیان بەسەر گەلانی ئێراندا کێشابوو، لەکاتێکدا کە دەزگای تەبلیغاتیی ڕێژیم بە توانایەکی زۆری ماددی و تیکنیکیەوە، دەیەویست خەڵکی کوردستان بەدژی شۆڕش و هاودەستیی دوژمنانی دەرەکی و، دژی ئیسلام و خوا و قورئان و... بناسێنی، ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئیران ڕوایەتێکی دیکەی لە وەزعەکە پێشانی خەڵک و بیڕورای گشتی دەدا. ڕیوایەتێک کە هەر زوو بوو بە ئاڵتڕناتیو و ڕەتکەرەوەی داستان و حیکایەتەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە بارودۆخەکە.
لە یادی ٤٣ ساڵەی دامەزرانی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئیراندا، سڵاو دەنێرین بۆ هەموو ئەو تێکۆشەرانەی لەو ڕادیۆیەدا ئەرکی خەباتگێڕانەیان بەڕێوە بردوە و بەڕێوە دەبەن و بەزەحمەت و تێکۆشانی خۆیان، دەنگی کوردستانی ئێرانیان بەو پلەیە لە کارایی و پێگەی سیاسی و مەعنەوی گەیاندووە کە بووە سەنگەرێکی گرنگی خەبات و بەربەرەکانی، بۆتە چەکێكی کاریگەر لە بەرگری لە ئازادی و دێموکراسی و مافە نەتەوایەتیەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا و، بۆتە میراتێکی بەنرخ وپڕبەها لە کولتووری ئازادیخوازانەی میللەتەکەماندا.
با تێبکۆشین لەو سەردەمە تازەدا، ریسالەت و پەیامی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران، نەریت و سوننەتە خەباتگێریەکانی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بەرینە پێش و لە ڕووی فۆڕم و نێوەرۆکەوە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران دەوڵەمەندتر و کاراتر بکەین. بەو هیوایە.
سڵاو لە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٠٢٣، چل و سێهەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران.