کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوای سەدەیەک، ئێمە و ئەوان

12:42 - 1 پووشپەڕ 2723

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

٩٣ ساڵ بە سەر تیرۆر کردنی سمکۆی شکاک، ڕێبەری ناوداری کورد تێپەڕ دەبێت، واتە نزیکەی سەدەیەک، سەدەیەک کە سەدان ڕووداوی مێژوویی لە سینگی خۆیدا هەڵگرتووە. سمکۆی شکاک کە بەئاشکرا بۆ بە دەستهێنانی مافی کوردان خەباتی دەکرد و دژایەتیی ڕێژیمێکی داگیرکەری دەکرد. ئەو بەئاشکرا باسی لەوە دەکرد کوردیش وەک هەموو نەتەوەکانی ئازادی دیکەی سەر ئەو گۆی زەویە شایەنی ئازادییە. دوای ٩٣ ساڵ ئەو ئامانجەی ڕێبەری شەهید سمکۆی شکاک هێشتا بەدی نەهاتووە، بەڵام خەبات بۆ ئەو ئامانجە بەگوڕتر بەردەوامە. لە بەرانبەریشدا ڕێژیمی داگیرکەری کوردستان بە هەمان سیاسەت و دڕندەییەوە لەدژی مافی ڕەوای کوردانە و سەرکوتیان دەکات.

 لەوانەیە لە مێژووی زۆر گەلی دونیا لە سەد ساڵی ڕابردوودا بە سەدان گۆڕانکاری ڕووی دابێت و هەر یەک لەو گۆڕانکارییانە نەک ژیانی نەتەوەیەک و وڵاتێک، بەڵکوو ژیانی مرۆڤایەتیشیان بە ئاراستەی ئەرێنی گۆڕیوە و بەرەو پێش بردووە. بەڵام کورد لە خاڵی سەرەتایی پێشكەوتنەکان واتە هەبوونی نرخێکی گرینگی مرۆڤایەتی وەک ئازادی، ئێستاش بەو سەرکەوتنە نەگەیشتووە. لە بەرانبەر ئەو هەموو گۆڕانکارییانەی لە بیر و هزر و دامەزراوەکانی وڵاتەکانی دیکە دروست بوون، ڕێژیمی سیاسیی لە ئێران لەسەر عەقڵییەتی دواکەوتووی ڕابردووی بەردەوامە و تەنانەت دەبینین بیرکردنەوەی ڕێژیمە دژبەیەکانی ناوەندگەرا لەو سەدەیەدا بەنیسبەت کورد زۆر لێک دەچن کە شایانی ڕامانە.

ئەگەر لە بنەما سەرەکییەکانی بزووتنەوەی کورد بە تایبەتی لە شۆڕشی سمکۆ کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی هەیە ورد ببینەوە، خەبات بۆ ئازادی نێوەڕۆکی شۆڕشە. ئەو چەمکە ئەمڕۆش بە هەمان شێوە بەردەوامە و لە گوتاری حیزبی دێموکرات و لە زاری ڕێبەرانی ئەم حیزبەوە ڕوو بە نێوخۆ و دەرەوە بەردەوام دەگوترێتەوە. تەنانەت هەر چۆن ئەو کات لە شۆڕشی سمکۆدا بە نرخێکی گران و فیداکاری بۆ ئەو بەها و بایەخانە خەبات دەکرا، لە ئێستاشدا شۆڕشگێڕان بە هەمان شێوە بە پێشکەشکردنی گیانیان نرخی گەیشتن بە ئازادی دەدەن. هەر چۆن لە شۆڕشی سمکۆدا کورد وێڕای سەرکوت بەرەوڕووی پیلانی وڵاتانی ناوچە و تەنانەت زلهێزان دەبۆوە، لە ئێستاشدا بۆ گورزوەشاندن لە پێگەی شۆڕش بە پیلانی جۆراوجۆری ناوچەیی هەیە، ڕێبەرانی کورد بەتایبەت ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لە ناوەندەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایشدا هەوڵ دەدەن سەرنجی ڕێبەرانی دنیا بۆ لای ئەو حەقیقەتە ڕاکێشن کە پشتیوانی و هاوکاری ڕێژێمەکانی ئێران یا عەقلیەتی زاڵی ناوەندخوازی دژایەتی پڕەنسیپەکانی مرۆڤایەتییە.

 بە کورتی ئەوەی لە کوردستاندا هەیە خەبات بۆ ئازادییە کە بە هەموو ئەستەمیەکانیەوە بەردەوامە و نرخی بۆ دەدرێ، هەر چۆن کە لە شۆڕشی سمکۆ هەبوو، ئێستاش لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیشدا بەدی دەکرێت.

لە بەرانبەردا عەقلیەتی ڕەزا شای باپیر کە شەهید سمکۆی بە فێل و بە ناوی دانوستاندن تێرۆر کرد، بە هەمان شێوە لە ڕێگەی ڕەزای نەوە بەردەوامەوە خەڵکی لە دەوری کۆ دەبێتەوە. چۆن ڕەزا شای باپیر لە بێ‌هێزیدا هاواری بۆ کورد دەهێنا و دواتر لە بەهێزیدا بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی دەکرد، ڕەزای نەوەش سواری شەپۆلەکانی شۆڕش بووە و دەیهەوێ بە دەسەڵات بگات تا لە پێشدا دژایەتیی کورد و کوردستان بکات. وەک چۆن ڕەزاشای باپیر بیرۆکەی فاشیستیی تاک‌نەتەوەی داهێنا و بۆ چەسپاندنی ئەو بیرۆکەیە سەرەتا بە سرینەوەی هەموو جۆرەی نەتەوەی کوردی دەستی پێ کرد، ڕەزای نەوەش لە درێژەی ئەو سیاسەتە فاشیستییەدا خوێندن بە زمانی کوردی بۆ کورد لە داهاتوودا بە ڕەوا نابینێ و دژایەتیی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی ئەو نەتەوەیە دەکات. لێکچوونەکان ئەوەندە زۆرن کە لێرەدا ڕیز ناکرێن و هەر ئەوەی کە ڕەزای نەوە بە هەموو شێوەیەک خۆی بە پەیڕەوەی هزر و کردەوەی باوک و باپیری دەزانێ بەسە بۆ ئەوەی بڵێین عەقڵییەتەکە نەگۆڕاوە و ئەو عەقڵییەتە نەخۆشە ئێستاش فاشیستیانە بیر دەکاتەوە و هەر ئەوەس بووەتە هۆی زەربەلێدان لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی. ئەگەر ئەو شۆڕشە لە نێوخۆ ڕووبەڕووی سەرکوتی دڕندانە و دژەمرۆڤانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆوە، لە دەروەش لەلایەن میراتگرانی فاشیستییەوە دژایەتی دەکرا، بۆ؟ چونکە دینامیزمی شۆڕشەکە کورد بوون.

بەڵام هەروەک چۆن سمکۆی شكاک بە بەرخودان لە بەرانبەر ڕەزاشای باپیر بوو بە سیمبولی ناسیۆنالیزمی کوردی و نەیهێشت بیرۆکەی فاشیستیی تاک‌نەتەوەیی فارس نەتەوەی کورد بسڕێتەوە، لە ئەمڕۆشدا بە دژایەتی‌کردنی بیرۆکە نادیموکراتیکەکانی ڕەزای نەوە لەلایەن ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتەوە (میراتگرانی سمکۆوە) بیرۆکەی دەست بەسەرداگرتنی شۆڕشی پیشکەوتووی ژن ژیان ئازادی پوچەڵ کراوە و، جارێکی دیکە دەرکەوت کوردستان هەر مەکۆی خەباتی ئازادیخوازی بەو شێوەی کە ئامانجی سمکۆ بوو ماوەتەوە و، ڕەزاکانیش نەک لە ناودا بەڵکوو لە نێوەرۆکیشدا هەڵگری هەم پاشخانی فکریی پاشکەوتووانەن. کورد گوتەنی: گیان لەسەر پنجی خۆی دەڕوێت... .