و: کەماڵ حەسەنپوور
فارین پاڵیسی – ستیڤن ئــ. کووک
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
کاتێک ڕیککەوتننامەی نێوان عەڕەبستانی سعودی و ئێران لەمەڕ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان لە ١٠ی مانگی مارسدا ڕاگەیەندرا، ژمارەیەکی زۆر لە کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شرۆڤەکاران پێشوازییان لێ کرد. هەر چەندە ڕێککەوتنەکە بە نێوبژیوانیی چین، نسکۆیەکی ئاشکرا بۆ پێگەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بوو، پسپۆڕان گریمانەی ئەوەیان دەکرد کە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودییەکانی ڕیاز و ئێرانییەکانی تاران ببێتە هۆی هێور بوونەوەی ناوچەیی.
ناوەندی خاوەن پرەستیژی یەکەی هەواڵگریی ئابووری ئەو ڕوانگەیەی بەو شێوەیە کورت کردەوە: "وتووێژ و هاوکاریی زیاتری نێوان عەڕەبستانی سعودی و ئێران لەجیاتی دوژمنایەتیی یەکتر کردن و پشتگیریکردنی چالاکانە لە لایەنە دژبەرەکان، دەبێتە هۆی نەهێشتنی فاکتەرێکی گرینگی داینامیزمی ناسەقامگیری لە شوێنە خاوەن کێشەکانی ناوچە". ئەگەرچی نووسەرە نەدرکاوەکان دانیان بەوەدا نابوو کە ئەگەری توندوتیژییش بوونی هەیە. بەشێکی دیکە گوتیان کە ڕێککەوتنەکە دەتوانێ تاقمێک سوود لەوبەری شوێنەکانی کێشە دەستەبەر بکات، لە نێویاندا کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانەکانی ئێران لە بەحرەین، دەستپێکردنەوەی وەبەرهێنانەکانی عەڕەبستانی سعودی لە ئێران و، تەنانەت باشترکردنی ئەگەری تەشەنەپێنەکردنی ناوکی.
بێگومان، گفتوگۆی زیاتر لە نێوان سعودییەکان و ئێرانییەکاندا شتێکی ئەرێنییە. لەگەڵ ئەوەشدا پلانی گۆڕینەوەی باڵوێزان و بانگهێشتکردنی سەرکۆمار ئیبراهیم ڕەئیسی لە لایەن پاشای سعودی، مەلیک سەلمان، هێشتا جێبەجێ نەکراون. گەڕانێک بە ناوچەکەدا، لە سووریەوە بۆ سنوورەکانی ئیسڕائیل، تا گەرووی هورموز، پێچەوانەکەیمان بۆ دەر دەخا. هەڵبەت، هێشتا زوویە. ئەو ڕێککەوتنەی بە نێوبژیوانیی چین هاتە ئاراوە تەنیا سێ مانگ تەمەنیەتی. بەڵام تا ئێرە، وێدەچی ئێرانییەکان کەڵک لە ئاساییبوونەوە بۆ بەرەو پێشبردنی دەستکەوتە ناوچەییەکانیان کەڵکی لێ وەرگرن تا هێور کردنەوەی ناکۆکییەکان.
مەزنترین بەڵێنییەکانی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئێران-عەڕەبستانی سعودی، ئاشتی لە یەمەنە. سعودییەکان دەیانەوێ کۆتایی بە دەستێوەردانی سەربازی لەوێ بێنن و هیوایان بە یارمەتیی تارانە، کە بۆتە سەرۆکی دژبەرانی ڕیاز، واتە حوسییەکان. بەڵام تا ئێرە، ئەو ئاساییبوونەوە کاریگەرییەکی فرە بەرچاوی لەسەر دۆخەکە نەبووە.
ئاگربڕێک لە ئارادایە، پاپۆڕەکان دەتوانن یارمەتییەکان و کەلوپەل لەو بەندەرانە بخەن کە پێشدا گەمارۆ درابوون و، فڕۆکەخانەی پێتەختی یەمەن، سەنعا، ئاواڵایە. ئەوانە هەموو هەواڵە خۆشەکانن، بەڵام ئەو ڕووداوانە پێش ڕێککەوتنەکەی سعودی-ئێران-چین جێبەجێ کرابوون. وتووێژی ئاشتی لە ئارادان، بەڵام کۆتاییهێنان بە قەیرانی یەمەن تا ڕادەیەکی زۆر لەبەر لاساریی حوسییەکان بێئاکام ماوەتەوە. ڕەنگبێ ئەوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ و ڕەنگبێ ئاکامەکەی وتووێژی نوێ لە نێوان دەوڵەتەکانی سعودی و ئێران بێ، بەڵام تا ئێستا بە دژواری دەتوانین بڵێین ئاراستەی کێشەی یەمەن لە ئاکامی ڕێککەوتنەکەدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
لە شوێنی دیکەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستیش شتەکان باشتر نین. تەنیا سێ حەوتوو پاش ڕێککەوتنی سعودییەکان و ئێرانییەکان، بەکرێگیراوانی ئێران هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکایی لە سووریە، بەڵێندەرێکی ئەمریکاییان کوشت و چەند سەربازی دیکەی ئەمریکاییان بریندار کردن. هێزەکانی سەر بە ئێران بەردەوام هێزی ٩٠٠ کەسی (و ژمارەیەکی نەزانراو بەڵێندەری) وڵاتە یەکگرتووەکان لە سووریە دەکەنە ئامانج، بەڵام دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی عەڕەبستان و ئێران قەرار بوو کاریگەریی ئەرێنی لەسەر هێور کردنەوەی گشت کێشەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست هەبێ.
مرۆڤ دەتوانێ بڵێ وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ لە سووریەیە؟ بەڵام ئەگەر تاران خوازیاری هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە بوایە، هاوپەیمانەکانی دەبوو خۆ لە شەڕ ببوێرن. لە جیاتان، ئێران لەسەر وەدەرنانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست سوورە و؛ ئاشکرایە ئامادەیە بۆ ئەو مەبەستە ئەمریکاییەکان بێنێتە ژێر ڕەهێڵەی ئاگر.
ماوەیەکی کورت پاش بەرپەرچدانەوەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن سەربازانی وڵاتە یەکگرتووەکانەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڕێبەرانی حەماس، حیزبوڵڵا و جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی لە بەیروت کرد. ئاکامەکەی هێرشی هاوکاتی هاژەکی بۆ سەر ئیسڕائیل لە لوبنان، سووریە و کەرتی غەززەوە بوو. نزیکەی مانگێک دواتر، لە پێتەختی سووریە، دیمەشق، ڕەئیسی چاوی بە ڕێبەرانی میلیشیاکانی فەلەستینی کەوت کە بەگوێرەی ڕاپۆرت سوپاسی پشتگیرییەکانی تارانیان کرد.
وێدەچێ ئامانجی ئێران خۆش کردنی ئاگری شەڕی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیسڕائیل بێ. تا ئێرە، ئیسڕائیلییەکان لەپێشترن، ئەوان بەردەوام ئێرانییەکان و تاقمە هاوپەیمانەکانی ئێران لە سووریە و عێراق دەکەنە ئامانج. تا ئێستا، ئێران لە بەرپەرچدانەوەی کاریگەر لە گۆڕەپانی جەنگدا بێتوانا بووە؛ بەڵام وا دیارە قائانی لای وایە ئەگەر بەکرێگیراوەکانی ئێران یەک بخات، بتوانێ بەختی ئێران وەرسووڕینێ. بەڵام، وێناچی سوپای قودس ئەو ئاواتەی بێتە دی. ئیسڕائیلییەکان چەند فەرماندەی جیهادی ئیسلامیی فەلەستینیان لە شەڕەکانی سەرەتای مانگی مای، کاتێک حەماس لە پەناوە تەماشاوان بوو، کوشتن. بەڵام هیچ نیشانەیەک دیار نییە کە بیسەلمێنێ ئەو شکستە بۆتە هۆی پێداچوونەی قائانی بە بیرۆکەی قووڵترکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ ئیسڕائیل.
ئاوەکانی کەنداوی فارسیشمان هەیە. لە مانگی مای، پێنتاگۆن ڕایگەیاند "هێمای بەرگریکارانەی" خۆی لە ناوچەدا بەهێزتر دەکات. بۆ؟ چونکە ئێرانییەکان، جارێکی دیکە، هەڕەشەیان لە هێڵە دەریاییەکان دەکرد. پاش کۆبوونەوەکەی قائانی لە بەیروت، وڵاتە یەکگرتووەکان زانیاریی کۆ کردبۆوە کە تاران پیلانی هێرش بۆ سەر پاپۆڕە بازرگانییەکان لە ئاوەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست داڕشتووە. لە ماوەی تەنیا حەوتوویەکدا لە کۆتاییەکانی ئاپریل و سەرەتای مای، هێزە ئێرانییەکان دەستیان بە سەر دوو پاپۆڕی نەوت هەڵگر داگرت؛ بەگوێرەی کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان، ئێران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەستی لە جاڕز کردن، هێرش و دەستێوەردانی ١۵ پاپۆڕی بازرگانیی خاوەن ئاڵای وڵاتانی جۆراجۆردا هەبووە. وێدەچی ئەوە وەڵامی ئێران بۆ سەپاندنی ئابلۆقەکان لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە بێ و گریمانە دەکات کە کەشتیوانیی، هەر کەشتیوانییەک لە کەنداو دابێ، ئامانجێکی ڕەوایە. یەکێک لەو پاپۆڕە نەوتهەڵگرانەی دەستی بەسەردا گرت، لە نێوان بەندەرەکانی ئیماڕات لە نێوان دوبەی و فوجەیڕات لە هاتووچۆ دابوو، تەنانەت لە کاتێکدا کە ئیماڕات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ئاسایی کردوونەوە. ئەوە وێناچی هێورکردنەوەی گژرییەکان بێ، وایە؟
باسی سەرەکی ڕێککەوتنی ئێران-سعودی-چین گەشەپێدانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستێکی سەقامگیرتر، ئاشتیخوازانەترە کە لەویدا یاریکەرانی ناوچەیی کاروبارەکان بە دەستەوە دەگرن تا داهاتوویەکی باشتر بۆخۆیان مسۆگەر بکەن. ئەوە لە ڕاستیدا شتێکی ڕاشکاوانەترە: عەڕەبستانییەکان دۆڕاندیان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکان لەگەڵ ئێران تەنیا بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو شکستەیە.
بە چەند شێوەی جۆراجۆر، وێدەچێ سعودییەکان پەرە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن: نزیکەی تەواوی پی جی ئەی تور دەکڕێ؛ سیاسەتی سەربەخۆ لە سەرۆکی خۆی، وڵاتە یەکگرتووەکان، دەگرێتە بەر و لە هەموو شوێنێک لە بەیژینگ تا ڕۆخی سانفراسیسکۆ وەبەرهێنان دەکات. بەڵام لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، بە تایبەتی یەمەن، لوبنان، سووریە و عێراق، سعودییەکان نەیانتوانیوە ئێرانییەکان وەدەر نێن، کە لەو ساڵانەی دواییدا لە هەر چوار وڵات، ئێران یان دەستڕۆیشتوویی خۆی پتەو کردووە یان پەرەی پێ داوە. ڕەنگبێ بەرچاوترین نیشانەکانی ئەوە، ڕەزامەندیی عەڕەبستانی سعودی بۆ هاتنەوەی سەرکۆماری سووریە، بەشار ئەسەد، کە مانەوەی لە سەر دەسەڵات بەشێکی قەرزداری ئێرانە، بۆ ناو کۆمکاری عەڕەبی بێ.
ڕەنگبێ سعودییەکان ئاغای کایەی نێونەتەوەیی گوڵف بن، ئێرانییەکان لەو شوێنە بردوویانەتەوە کە دێتە ئەژمار. ئێستا، کە عەڕەبستان لە گۆڕەپانەکەدا نەماوە، تاران خەریکی بنکوڵکردنی پاشماوەی هاوپەیمانیی ناوچەیی دژی ئێرانە، سیاسەتێک کە هێرش بۆ سەر ئیسڕائیل و وڵاتە یەکگرتووەکان دەگرێتەوە.
بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، گریمانەی خراپ داڕێژەری بناخەی سیاسەتی ئەمریکا لەمەڕ خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بووە، لە نێویاندا ئەو بیرۆکەیە کە ڕێبەرانی ئێران دەیانهەوێ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دراوسێیەکانیان ئاسایی بکەنەوە. لە ڕاستیدا، ئێران نایهەوێ ناوچەکە لەگەڵ کەس بەش بکات و ئێستا خاوەن دەسەڵاتی هەموو ناوچەکەش نییە. ئامانجی ڕێژیم ئەوەیە ناوچەکە بەشێوەیەک داڕێژێتەوە کە لە بەرژەوەندیی تاراندا بێ و، ئێستا کە سعودییەکان بەڵێنی ناردنی باڵوێز و وەبەرهێنان دەدەن، ئێرانییەکان لەو بڕوایەدان کە بۆ بەرەو پێشبردنی بەرنامەکەیان دەستیان ئاواڵاترە. بە واتایەکی دیکە، هیچ هێور کردنەوەیەک لە ئارادا نابێ.