ڕەزا دانشجوو
پۆپۆلیزم لە وشەی لاتینی "populus"ەوە هاتووە کە بە واتای مرۆڤ، خەڵک، جەماوەر، گشت و چەمکە هاوشێوەکان دێت و پاشخانەکەی وەک زۆربەی چەمکە سیاسییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆن.
پۆپۆلیزم (به فەرانسە Populisme) ڕێگایەکە لە سیاسەتدا بۆ نیشاندانی پشتیوانی لە جەماوەر. لە باسی تیۆریدا پۆپۆلیزم بە دوو مانای جیاواز بەکارهاتووە؛ ڕوانگەی یەکەم باوەڕی قووڵی بە خەڵک هەیە و هەوڵ دەدات بە پێدانی ئازادی و دەسەڵاتی دێموکراسی لە قەوارەی سیاسیدا بەشداریان بدات، ئەم بۆچوونە پێچەوانەی ئەریستۆکراسیی (بە فەرانسە Aristocratie) دەسەڵاتی نوخبەکان یان نوخبەسالارییە. هەرچەندە ئەم بۆچوونە بەهۆی پێدانی ڕۆڵێکی یەکسان لە بڕیاردانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە خەڵکی ئاسایی و نوخبەکان ڕووبەڕووی ڕەخنە بووتەوە و نەیارانی زۆری هەیە، بەڵام هەرگیز وەک دیاردەیەکی سیاسیی کۆمەڵایەتیی ناحەز و سەرزەنشتکراو سەیر ناکرێت. لە ڕوانگەی دووهەمەوە پۆپۆلیزم واتە بڵاوکردنەوەی بیر و لێکدانەوەی ڕووکەشی لە کۆمەڵگەدا، و لە ڕاستیدا هیوا بەخشینی درۆیین و بێبنەما و نیشاندانی تراویلکە بە خەڵک بۆ فریودان و هەڵخەڵەتاندنییان بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتی. بێگومان پۆپۆلیزم بەم پێناسەیە یەکێکە لە دووڕیانە گەورە کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئامرازێکە لە دەستی حکوومەتە پاوانخواز و خۆسەپێنەکاندا کە بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا کەڵکی لێ وەردەگیرت.
مێژووی سەرهەڵدانی دیاردەی پۆپۆلیزم لە شێواز و چوارچێوەی ئەمڕۆدا کە لەسەر بنەمای تیۆریی پۆپۆلیزمی فەلسەفی هێربێرت شیلیر (Herbert Schiller) و ئەو گریمانەیەی کە خەڵکی گشتی بە کەسانی نەزان و پاسیڤ و لاواز دادەنێت، دامەزراوە بۆ سەردەمی ڕووسیەی زەمانی تێزارەکان دەگەڕێتەوە. ئەوکاتەی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بە ناوی نارۆدنیک (خەڵک باوەڕ) لە نێو ڕۆشنبیرە ڕادیکاڵەکانی ڕووسیەدا سەری هەڵدا. لە ساڵانی هەفتاکاندا خوێندکارانی نارۆدنیک (Narodnik) بۆ پێکهێنانی کۆمۆن هاتووچۆی گوندەکانیان دەکرد. لە ڕاستیدا ئەم بزووتنەوەیە تێکۆشانێک بوو بۆ گواستنەوە لە سیستەمی سەرمایەداریی پشتبەستوو بە چینی نوخبەی کۆمەڵگە بۆ سیستەمی کۆمۆنیستی کە لەسەر بنەمای جەماوەری خەڵک دامەزراوە. هەرچەند لە سەرەتادا پۆپۆلیزم بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دژی ئیمپریالیزم و ناسیۆنالیزم پێناسە دەکرا، بەڵام دواتر بیرۆکە توندڕەوەکانی وەک فاشیزم و نازیزم بەنهێنی و ئاشکرا لەگەڵ پۆپۆلیزمدا تێکەڵاو بوون. لە ڕاستیدا پۆپۆلیزم بە هۆی شێوازی بیرکردنەوە و بێری توندڕەو توانایی فریودان و هەڵخەڵەتاندن جەماوەری خەڵک لێکچوونی زۆری لەگەڵ ئەم بیرۆکانە هەیە. بیرکردنەوەی پۆپۆلیزم بە دزەکردنە نێو ڕیزەکانی سەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی گروپە فیکرییەکاندا وردە وردە دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرێت و هێزی خەڵک بە تاقمێک دروشمە ورووژێنەر هەڵبەت بۆ ماوەیەکی کورت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەکاردەهێنێت.
هەروەک باس کرا، پۆپۆلیزم دەتوانێت بە هەموو فۆرمەکانی سیاسیی هەنووکەیی سەرهەڵبدات، لە سۆسیالیزمی ستالین کە بەڵێنی کۆمەڵگەیەکی بێ چینایەتی و گەشەی ئابووری بۆ هەمووان دەدات تا ناسیۆنال سۆسیالیزمی (نازیسم) هیتلێر کە باس لە نەزمێکی نوێی دژی نەزمی جیهانیی کە بە باوەڕی هیتلێر بە ناڕەوا لەلایەن بەریتانیا و فەرانسە دوای جەنگی جیهانی یەکەم بە سەر جیهاندا سەپێنرا، ئەو نەزمە نوێیەی کە جیهانی بەرەو لەنێوچوون برد!
جۆرێکی تری پۆپۆلیزم لە چوارچێوەی پۆپۆلیزمی ئایینی و لەژێر ناونیشانی "زایۆنیزمی مەسیحیی جولەکە"ی "تیۆدۆر هێرتزل"دا دەبینرێت، کە باوەڕی قووڵی بەوە هەبووە هەموو جیهان لە جوولەکەکان جیایە و جولەکەکان تەنیا دەتوانن لەنێو خۆیاندا سەلامەت بن!
لە ڕاستیدا زۆر هۆکار دەبنە هۆی سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم لە کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆدا. بە بڕوای "پۆڵ تاگارد"(Paul Thagard) پۆپۆلیزم کاردانەوەیەکە بەرامبەر بە بیرۆکە و میتۆدی سیستەمی سیاسی کە لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی دامەزراون و بەرامبەر بە هەستکردن بە قەیرانێک، بەنهێنی یان بەئاشکرا شوێنی ئارمانیی خۆی شکۆمەند دەکات؛ بەڵام بەهۆی نەبوونی بەها بنەڕەتییەکان، زیاتر لەژێر کاریگەریی خەڵکی ئاساییدا دەبێت و لە هەر شوێنێکدا تایبەتمەندییەکانی دەورووبەری خۆی قەبووڵ دەکات و بەکردەوە دیاردەیەکی کاتییە.
خەڵک هەڵخەڵەتاندن، پیرۆزدانان، سەرکردەی پیرۆز و ڕۆشنگەر، خۆپەرستی، پشتبەستن بە جەماوەری بێبەش، نەبوونی ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو، دژە ئیمپریالیزم و ناسیۆنالیزم، گەشەپێدان و هتد نیشانەکانی پۆپۆلیزمن.
میشێل فۆکۆ کۆمەڵناس و فەیلەسووفی بەناوبانگیی فەڕانسەویی شۆڕشی گەڵانی ئێرانی لە ساڵی 57 بە یەکەمین "شۆڕشی مەعنەویی" و "پۆستمۆدێرن" بۆ گەیشتن بە ناسنامەی "مرۆڤی ونبوو"ی ئێرانی پێناسە دەکات! لە ڕوانگەی میشێل فۆکۆ، شۆڕشی ئێران بەپێچەوانەی شۆڕشەکانی تر، دەرئەنجامی پێویستییە ئابوورییەکان نییە، بەڵکوو دەنگدانەوەی چەوساندنەوەی خەڵکی زەلیلکراوی جیهانی سێهەمی ئێرانە، کە بەتایبەتی لە دوای کودەتای ساڵی 32 و پەرەسەندنی مۆدێرنیزاسیۆنی دەستووری و پاوانخوازانەی چلەکان و پەنجاکان، بەدوای ناسنامە و سەربەخۆیی خۆیاندا بوون و بە هێنانی ڕۆحانییەت بۆ نێو جیهانی سیاسەت و خوێندنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی ئایینی، دژی هەژموونیی ڕۆژئاوا و هێما ڕەسەنەکانی ڕاپەڕین. ئەم شێوە لە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی باروودۆخی ئێران لە لایەن فۆکۆوە نیشان دەدات کە کەشوهەوای پۆپۆلیستیی ئەم سەردەمە تا چ رادە لە هاتنەسەرکار و سەقامگیربوونی کۆماری ئیسلامیدا دەوری هەبووە.
بێگومان کۆماری ئیسلامی نموونەیەکی تەواو و بێ کەموکوڕی حکوومەتێکی پۆپۆلیستی ئایینییە کە بەپێی بارودۆخ هەندێک جار جەخت لەسەر تاقمێک هێمای ناسیۆنالیستی دەکاتەوە. هەرچەند بە هۆی سروشتی ئایینیی ڕێژیم، ناسیۆنالیزم وەک چەمکێکی ئاینیی دەردەکەوێت و لە ڕاستییدا دەستەواژەی "نەتەوەی شیعە" بۆ کۆماری ئیسلامی جوانترە، بەڵام کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە کە لە کاتی پێویستدا و بەپێی ئەم مەترسییانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە دەتوانێت بۆ دەربازبوون لە کێشەکان کارتی ناسیۆنالیزمیش بەکار بهێنێت. ڕێژیمی وەلایەتی فەقیهـ لە پراکتیکدا نە باوەڕی بە ئیسلام و شیعە هەیە نە باوەڕی بە ناسیۆنالیزم و ئێران. حکومەتێک کە بە یارمەتی وەرگرتن لە کەشێکی پۆپۆلیستی بە هۆی سیاسەتی دابەشکردنی ناهاوسەنگی سەروەت و سامان لەلایەن پەهلەوییەکان و دابەشبوونی چینایەتی و هەڵبەت هاوکاری و هاودەنگیی ئۆپۆزسیۆنی چەپ بە دوو دروشمی سەرەکیی پۆپۆلیستی "سەربەخۆیی، ئازادی، کۆماری ئیسلامی" و "نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا، کۆماری ئیسلامی" سواری ئەسپی مراد وردە وردە تەواوی نەیارانی سەرکوت کرد، زۆر زوو بە جووڵاندنی هەستی ناسیۆنالیستی چووە نێو شەڕێکی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق. ئەو شەڕەی کە بوو بە گەورەترین بیانوو بۆ شاردنەوەی بارودۆخی نالەباری ئابووری و کۆمەڵایەتی. لە ڕوانگەی سیاسیی کۆماری ئیسلامیدا، دوژمن هەمیشە دەرفەت و نیعمەتێکی زۆر بەنرخ بووە و هەیە. ئەو بیانوویەی کە تا ئێستا حکوومەتی مەلاکان، جگە لە پاساوهێنانەوە بۆ دۆخی نالەباری ئابووری و ماڵیی، لە کاتە جیاوازەکاندا بۆ کۆکردنەوەی جەماوەری خەڵک لە ڕێگەی پڕۆژەی "بەکوشتدان"ەوە بەکاریان هێناوە.
هەر لە شەڕی عێراقەوە تا شەڕی داعش، لە چل و چەند ساڵ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا ئیسرائیل و ڕۆژئاوا تا شەڕە گاڵتەجاڕییەی ئەم ڕۆژانە لەگەڵ تاڵیبان! پۆپۆلیزمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو شتێک زیاتر پێویستی بەوەیە کە بە بڵاوکردنەوەی ئەم پروپاگەندایە کە یەکپارچەیی وڵات لە مەترسیدایە، لانیکەم بۆ ماوەیەکی کورت کۆمەڵانی خەڵک کە ڕەنگە زۆرینەیان دژی نیزام بن لەگەڵ خۆی هاوڕێ بکات.
ڕێژیم کە لە سەرەتای سەقامگیربوونی توانی بەباشی بە کەڵکوەرگرتن لە کەشی پۆپۆلیستی و دیاردەی " پیروزدانان" و پێداگری لەسەر بیری "شیعە"ی سیاسی و دژایەتیی ئیمپریالیزم بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگە لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، ئێستا بە ئاشکرابوونی سرووشتی ڕاستەقینەی بۆ خەڵک زۆرینەی ئەم بەها درۆ و پۆپۆلیستییانەی لە مەترسیی لەنێوچوون دەبێنێت. لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی دەمێکە بە هۆی نەبوونی ئەلتەرناتیڤێکی نوێ دیسان یاری بەو کارتانەوە دەکات کە لەمێژە بۆ کۆمەڵانی خەڵک ئاشکرا بوون.
پەرەسەندنی ڕادەی زانیاری و وشیاریی گشتی فاکتەرێکی گرنگە کە ئێستا زیاتر لە جاران ڕووبەڕووی پۆپۆلیزمی ئایینی کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە. خاڵێکی تری گرنگ شکاندنی قۆرخکاری میدیاییە کە یەکێکە لە ئامرازە هەرە گرنگەکانی دەستی بزووتنەوەی پۆپۆلیستی بۆ داگیرکردنی مێشک و زەینی کۆمەڵگە بە گێڕانەوەیەکی تەواو دیکتەکراوی ئامانجدار بۆ جەماوەر. دەگوترێت لە سەردەمی دەسەڵاتی "ئەنوەر خۆچێ" دیکتاتۆری پێشووی ئاڵبانی، ڕادیۆ تیرانا بە چەند زمانی جیاواز بەردەوام خەریکی نیشاندانی وێنەیەکی یۆتۆپیایی لە ئاڵبانی بۆ هاونیشتمانانی و جەماوەری وڵاتانی ئوروپا بوو. پاش مردنی "ئەنوەر خوچێ" و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکان کاتێک گەشتیارانی ئوروپایی دەرفەتی گەشتکردنیان بۆ ئەڵبانی ڕەخسا، ڕووبەڕووی جیاوازییەکی یەکجار زۆر لەگەڵ گێڕانەوەی پۆپۆلیستیی کۆمۆنیستەکانی ئاڵبانی بوونەوە، وڵاتێکی هەژار و وێران کە جگە لە هەزاران سەنگەری بێتۆنی کە هیچ کات کەڵکیان لێ وەرنەگیرا، هیچ شتێکی بۆ پێشاندان نەبوو. بەڵام ئێستا بە یارمەتیی سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەکرێت داتا و وێنەکان بە گێڕانەوەی جیاوازەوە دووبارە بڵاو بکرێنەوە و لە ڕاستیدا بینەر دەتوانێت لە فەزای یەک جەمسەری دوور بکەوێتەوە.
دەمێکە پۆپۆلیزمی مەزهەبی کۆماری ئیسلامی لە لێواری هەڵدێر دا خەرێکی پەلەقاژەیە و بەڕە بە بەرە خەریکە لایەنگران و پەیڕەوانی خۆی لەدەست دەدات. ئێستا گێڕانەوەی دەستگای پڕوپاگەندەی ڕێژیم تەنانەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتیش ڕازی ناکات. "پیروزدانان" فۆرمێکی تەواو پێچەوانەی بە خۆیەوە گرتووە و بە جێی ڕێزگرتن بۆ دژایەتی ڕەوتی ئایینی سیاسی گۆڕاوە.
پۆپۆلیزمی مەزهەبی کۆماری ئیسلامی، وەک بەڵێنەکانی دنیای بێ چین و توێژی ستالین و نەزمی نوێی هیتلێر، بەم زووانە دەچێتە نێو زبڵدانی مێژووەوە، بەڵام ئەو ڕاستییە تاڵە کە کۆمەڵگەی بێئاگا لە ماف و ئەرکەکانی، هەمیشە و هەموو کات ئامادەی قبووڵکردنی بەڵێنێکی درۆیینیی تازەیە، وەک خۆی دەمێنێتەوە. پۆپۆلیزم زیاترە لە هەموو شتێک پێویستی بە چاوێکی ڕووکەش بین و هەستێکی کوێر و توندڕەو هەیە.