کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی، تێکنۆلۆژیی نیزامی و پێشبڕکێی چەکوچۆڵ

01:45 - 2 پووشپەڕ 2723

ئارمان حوسێنی

"باری بۆزان"، بیرمەند و زانای بەناوبانگی بیاڤی ئەمنییەتی نێونەتەوەیی و یەکێک لە تیۆریسیەنە دیارەکانی "قوتابخانەی کۆپێنهاگ" دەڵێت کە ئاناڕشی نێونەتەوەیی و تێکنۆلۆژیی سەردەم دوو توخمی سەرەکین کە حکوومەتەکان یان دەوڵەتان بۆ داڕشتن و دەستنیشانکردنی ستراتیژیی ئەمنییەتی خۆیان گرنگییان پێ دەدەن.

چەمکی ئاناڕشی نێونەتەوەیی ئاماژەیە بۆ دۆخێک لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکان کە دەوڵەتێک لە سەرەوەی دەوڵەتان بوونی نییە (بەپێچەوانەی ئاستی نێوخۆیی) کە ئەمنییەتی ئەکتەرەکان دەستەبەر و گەرەنتی بکات. هەر بۆیە دەوڵەتان خۆیان بەرپرسی پاراستن و دابینکردنی ئەمنییەتی خۆیانن. هەڵبەت ئەمە بە واتای بێ‌نەزمی و پاشاگەردانی نییە، بەڵکوو خۆی جۆرێکە لە نەزم. بەتایبەتی بیرمەندانی ڕیالیست پێیان وایە ئاناڕشی، تایبەتمەندییەکی هەمیشەیی پێکهاتەی نێونەتەوەییە و جیهانگیرە و دەوڵەتان لە وەها قەوارەیەکدا سیاسەت دەکەن. بە بۆچوونی "بۆزان" تێکنۆلۆژی وەکوو ئاناڕشی پێکهاتەیەکی گرینگ و گشتگیر و هاوکات سەربەخۆیە لە ئاناڕشی. پێکهاتەی تێکنۆلۆژی بەستێن یان زەمینەیەکی سیاسییە نییە، بەڵکوو بەستێنێکی تێکنۆلۆژیک دروست دەکات کە هەم سیاسەتی نێوخۆیی و هەمیش سیاسەتی نێونەتەوەیی لەو چوارچێوەیەدا کار دەکەن. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە جیاوازیی سیاسەتی نێوخۆیی و سیاسەتی نیونەتەوەیی بکەین، کە هەروەک گوتمان لە ئاستی نێونەتەوەییدا دەوڵەتێک لە سەرەوەی دەوڵەتانەوە نییە، بۆیە دەڵێین شانۆی سیاسەتی نێونەتەوەیی ئاناڕشییە. بەم واتایە کە ئەکتەرەکان لانیکەم لە ڕووی یاساییەوە پێکەوە بەرابەر و هاوسەنگن و پێکهاتەی سیاسەتی نێونەتەوەیی پێکهاتەیەکی پلەوپایەیی (سلسلەمراتبی) نییە، بەڵام لە ئاستی نێوخۆییدا دەوڵەتێک لە سەرەوەی هەموو ئەکتەرەکانەوە هەیە کە پێوەندییەکانیان ڕێک دەخات و دیارە دەبێ ئەمنییەتیشیان دابین بکات. بۆیە پێکهاتەی نێوخۆیی پێکهاتەیەکی پلەوپایەییە (سلسلەمراتبی).

بۆزان هەروەها پێی وایە پێکهاتەی ئەم بەستێنە جەبرییەی تێکنۆلۆژییە (پڕۆسەی گشیی پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی) کە کاریگەری لەسەر ئاستی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، نێوەڕۆکی هەڕەشە سەربازییەکان و لێکەوتەکانی بەکارهێنانی هێز دادەنێت، حکومەت و دەوڵەتان ناچار بە چەشنێک لە هەڵسوکەوت دەکات کە ڕوو بکەنە پێشبڕکێی چەکوچۆڵ. ئەم پڕۆسەیە بەم چەشنەیە کە ئەگەر هات و دەوڵەتێک لە گۆڕەپانی ئاناڕشی نێونەتەوەییدا بە کەڵکوەرگرتن لە تێکنۆلۆژی دەست بە دروستکردنی چەکوچۆڵ بکات، تەنانەت گەر ئیدیعای ئەوەش بکات کە بۆ بەرگری لە خۆی کەڵکیان لێ وەردەگرێت، هێشتا باقی دەوڵەتان هەست بە مەترسی دەکەن و ڕوو دەکەنە دروستکردنی چەکوچۆڵی لەو چەشنە و بەم شێوەیە پێشبڕکێی چەکوچۆڵ دەست پێ دەکات و لە ئەگەری بەردەوامی ئەم پڕۆسەیەدا ئەو پێشبڕکێیە توندتر و چڕتریش دەبێتەوە.

یەکێک لەو حکوومەتانەی نموونەی بەرچاوی ئەم ئارگیومێنتەی بۆزانە، کۆماری ئیسلامیی ئیرانە کە بە دەسبەسەرداگرتن و تاڵانکردنی سامانی هەموو نەتەوەکانی ئێران، بە کەڵکوەرگرتن لە تێکنۆلۆژیی نوێی سەربازی دەستی کردووە بە دروستکردنی هەموو جۆرە مووشەک و ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و ئەمەش لە شانۆی ئاناڕشی نێونەتەوەییدا بووەتە هۆی سەرهەڵدانی پێشبڕکێی چەکوچۆڵ. لەبەر ئەوەی بەپێی کردەوەکانی پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ وڵاتێک و تەنانەت وڵاتانی دراوسێی ئێران نەک هەر ئەو ئیدیعایەی کۆماری ئیسلامییان قەبووڵ نەکردووە کە گوایە بە مەبەستی بەرگری لەم چەکوچۆڵانە کەڵک وەردەگرێ، بەڵکوو بە هەڕەشەیەکی جددی بۆسەر ئەمنییەتی نەتەوەیی خۆشیانی دەزانن. هەڵبەت ئەمەش سەرسووڕهێنەر نییە، هەر تاک نموونە هەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیە ئیدیعاکانی کۆماری ئیسلامی کە گوایە بە شێوەی بەرگریکارانە کەڵک لەو چەکوچۆڵە وەردەگرێت، پووچەڵ دەکاتەوە! هەربۆیە باقی ئەکتەرەکانیش بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی هەوڵی پڕچەککردنی خۆیان، چ لە ڕێگەی دروستکردنی چەک یان کڕینیان لە وڵاتانی دیکەوە دەدەن، کە ئەمە بۆخۆی پێشبڕکێیەکی چەکوچۆڵی لە ناوچەکە لێ کەوتووەتەوە.

تاکوو ئێرە قسە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی بوو و دیارە چەمکەکانی ئاناڕشی و تێکنۆلۆژی و پێشبڕکێی چەکوچۆڵ زۆرتر لەو ئاستەدا بەکار دەهێنرێن؛ بەڵام ئەمن پێم وایە ئەم فۆرمۆڵە دەکرێ لە ئاستێکی بچووکتر و بۆ حیزبە دژبەرەکانی ئێرانیش -حیزبە کوردەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بۆ نموونە- بەکار بهێنرێت.

هەروەک دەزانین یەکێک لە نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران، نەتەوەی کوردە کە هەر لەو ڕۆژەوە پڕۆژەی دەوڵەت-نەتەوە لەو وڵاتەدا دەستی پێ کردووە تاکوو ئێستا بێ‌وچان بەرگرییان لە خۆیان و نیشتمانەکەیان کردووە. لەم بەربەرەکانێیەدا کوردەکان و کوردستان تێچوویەکی قورسیان تاکوو ئێستا لەپێناوی ڕزگاریی خۆیان داوە. هەموومان لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا بینیمان کە چلۆن کۆماری ئیسلامی نەتەوەی کوردی لە نێوخۆدا سەرکوت و هەروەها دامەزراوە سیاسییەکان و بنەماڵەکانی سەر بە حیزبە کوردییەکانی دژبەری لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و جۆرەها مووشەک کردە ئامانج و لە ئاکامدا خەسارێکی گرانی گیانی و ماددیی بەسەریاندا سەپاند. کۆماری ئیسلامی دوای ئەم هێرشانە لە نامەیەکدا بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند هێرشەکانی بە مەبەستی پێشگیری و ئامانجیشیان تەنیا پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەکان بووە و لەوەبەدواش بەردەوام پێداگری لەسەر چەککردنی حیزبە کوردییەکان وەکوو مەرجی کۆتایی‌هێنان بە هێرشەکانی کردووە. لە چەند مانگی ڕابردووشدا هەواڵێک بڵاو بۆوە و دواتر لایەنی ئێرانی و عێراقی پشتڕاستیان کردەوە کە هەر دوو وڵات لەسەر کۆمەڵێک خاڵ ڕێک کەوتوون کە یەکێکیان ڕێگریکردن لە چالاکیی حیزبە کوردە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامییە لەنێو خاکی عێراقدا. لەو ڕێککەوتنەدا کە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی هەردوو وڵاتەوە واژۆ کراوە، هاتووە کە حیزبە کوردە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی جددین بۆسەر ئەمنییەتی ڕێژیم. بەڵام لە لایەکی ترەوە کوردەکان کە ساڵانێکە بوونەتە ئامانجی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران، نەک هەر ئەو داواکارییە نالۆژیکییەیان قبووڵ نەکردووە و نەچوونەتە ژێرباری ئەو فراوانخوازییە، بەڵکوو لەو بڕوایەدان کە کۆماری ئیسلامی بە هێنانەئارای پرسی چەککردنی حیزبەکان ئامانجیەتی بۆ هەمیشە لەنێویان بەرێت. هەڵبەت فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانیش ئەوەیان نەشاردووەتەوە. بۆیە تەنانەت لە ئەگەری سنووردارکردنی چالاکییەکانی حیزبەکان لەم قۆناغەدا، سروشتییە حیزبە کوردییەکان لە داهاتوودا پتر بایەخ بە گرینگیی چەک و تێکنۆلۆژیی نیزامی بدەن. ئەمەش دژکردەوەیەک دەبێت بە نیسبەت کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی و کەڵکوەرگرتنی لە تێکنۆلۆژی بۆ هێرشکردنە سەر کوردەکان و هەوڵی کوردەکان بۆ گەرەنتیکردنی مانەوەیان بە کەڵکوەرگرتن لە هەر کەرەسە و ئامرازێک کە یارمەتیی مانەوەیان بدات.

پوختەی مەبەست:

بە کورتی خەرجکردنی میلیاردها دۆلار پارەی خەڵکی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە مەبەستی دروستکردنی چەکوچۆڵ بە کەڵکوەرگرتن لە تێکنۆلۆژیی سەردەم نەک هەر نەبووەتە هۆی دابینبوونی ئەمنییەتی ئێران، بەڵکوو بووەتە هۆی پێشبڕکێی چەکوچۆڵ لە ناوچەکە و هەتا ئەوکاتەش کۆماری ئیسلامی ستراتیژیی ئەمنییەتیی خۆی لەسەر بنەمای دروستکردن و بەکارهێنانی چەکوچۆڵ دژ بە نەیارە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی پێناسە بکات، نەیارەکانیشی تەحەدای جددی لە ئاسایشی ئەو وڵاتە دەکەن. واتە، هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دروستکردنی چەکوچۆڵ بە کەڵکوەرگرتن لە تێکنۆلۆژی لە شانۆی ئاناڕشییدا تەنیا پێشبڕکێی چەکوچۆڵی لێ کەوتووەتەوە و لە کۆتاییدا دۆڕاوی گۆڕەپانەکەش هەر بۆخۆی دەبێت.