کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگ باشە بۆ ماڵە هاوسێ!

01:50 - 2 پووشپەڕ 2723

ئاسۆ مینبەری

هەموومان ئاگاداری چاوپێکەوتنە سەیروسەمەرەکەی جەمیلە عەلەمهودا، هاوسەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی وێنێزۆئێلا بووین. چاوپێکەوتنێک کە وای کرد سەرەنجەکان بۆ لای ژنێک ڕابکێشرێ کە قسەکانی ڕێک پێشاندەری بیری دواکەوتووی ئەو دەسەڵاتەیە کە هاوسەرەکەی بەرپرسایەتیی زۆر گرینگیشی تێدا هەیە.

قسەکانی جەمیلە عەلەمولهودا لەم چاوپێکەوتنەدا لە چەند ڕووەوە سەرنجڕاکێش بوون، یەکەم شت کە پێویستە سەرنجی بدرێت ئەوە بوو ئەم ژنە کاتێ باسی لە کوژرانی ژینا ئەمینی کرد، نەیتوانی یان نەیزانی، بەڵام مەرگی ژینای وەکوو باقی کاربەدەستانی ڕێژیم بە مەرگ ناو نەبرد و وشەی "کوشتن"ی بەکار هێنا کە ئەمە لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکاندا بە ڕوونی کەوتە بەر چاوی خەڵکەوە. لە ڕاستیدا خودی ئەم بەکارهێنانی وشەی کوشتنە، جۆرێک دانپێدانان بوو، ڕاستییەک لە قسەکانی ئەم ژنەدا دەرفەتی خۆدەرخستنی پەیدا کرد و مۆرێکی تەئید بوو بەسەر کوژرانی کچە کوردێک بەدەستی هێزەکانی ڕێژیم گیانی لێ ئەستێندرا. لەلایەکی دیکەوە ئەم خانمە کە مامۆستای زانکۆشە، بەبێ ئەوەی پرسەکە پێوەندیداریش بێ، گوتی تەمەنی دارەکانی ئەو زانکۆیەی ئەمن تێیدا وانە دەڵێمەوە، لە تەمەنی ئامریکا زیاترە و لە هەمووی سەیروسەمەرەتر ئەوەی کە گوتی ئێمە ئەمانەوێ ژن، ژن بێت، نامانەوێ وەکوو پیاو بێ، بۆچی ئێمە دەبێ وەکوو پیاوان کار بکەین، وەکوو پیاوان بخوێنین و قسە بکەین و بەردەوام ئاکارمان توندوتیژانە بێ؟

جیا لەو دوو بابەتەی سەرەوەتر کە لەسەر کوشتنی ژینا قسەی کرد و هەوڵی شێلگیرانەی مێردەکەی بۆ سەرکوتی بەردەوامی خەڵک کە بەمەبەستی شاردنەوەی ڕاستیی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینیی بردە ژێر پرسیارەوە و لە خۆوە تەمەنی دارەکانی زانکۆی تارانی لەگەڵ تەمەنی ئامریکا بەراورد کرد، بابەتی تر کە سەرنجڕاکێشە و لەم نووسینەدا تیشکی دەخرێتە سەر، قسەکانی لەبارەی ژن و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان بوو!

گوایە جەمیلە عەلەمولهودا، بڕوانامەی دوکتورای فەلسەفەی پەروەدە و بارهێنانی لە زانکۆی تەربیەیت مودەڕس هەیە و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، دانشیار و ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆی زانستی تەربییەتی و دەروونناسیی بێهێشتیی تارانە و بە سەدان خوێندکار لەژێر ڕێنوێنی و زانستی ئەم خانمەدا، بۆ بنیاتنانی داهاتوو، ڕەوانەی کۆمەڵگە دەکرێن! کەچی لە تەلەوڤیزیۆنی وڵاتێکی وەکوو وێنێزۆئێلادا دێت و باس لەوە دەکات درێژەدان بە خوێندن، بۆ ژنان و پێگەیشتن و سەرکەوتنیان وەکوو پیاوان، توندوتیژییە! بەڕاستی ئایا هەر بیری لە قسەکانی خۆی نەکردووەتەوە یان بە هۆی هەبوونی کامێرا و خەڵکی پشت کامێرا تووشی سەرلێشێوان بووە؟ ئەگینا چۆن ئەکرێ ژنێک خۆی تا ئاستی دوکتورا درێژەی بە خوێندن دابێت، مامۆستای زانکۆ بێت و لە لێژنەی زانستیی زانکۆیەکدا کار بکات و ئەرکی پەروەردەی نەوەی خوێندەوار بۆ داهاتوی لەسەر شان بێ، کەچی خوێندن و گەیشتن بە قۆناغەکانی سەرەوەی زانست و تێگەیشتن بۆ ژنانی وڵاتەکەی بە توندوتیژی بزانێ! لێرەدایە مەتەڵێکی کۆنمان دێتەوە بیر کە دەڵێ، مەرگ باشە، بۆ ماڵە هاوسێ! وا دیارە جەمیلە خانمیش نەخوێندەواربوون و نەکەوتنە بەر توندوتیژی بە ئاپشێنی نەخوێندەواری، بۆ خەڵک بەباش ئەزانێ و بەپێچەوانەی هاوسەرە دڵڕەق و دڕندەکەی نایەوێ ژنانی وڵاتەکەی تووشی توندوتیژی بن!

توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان پێناسەی تایبەت بە خۆی هەیە و لە جۆری جیاوازیشدا خۆی دەنوێنێ، بەڵام لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و لەوەتەی باس لە مافەکانی ژنان و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ جۆرەکانی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان دەکرێ، هیچ‌کات درێژەدان بە خوێندن و هاتنە مەیدانی ژنان وەکوو پیاوان جا لە هەر بوارێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ... بێت، وەکوو توندوتیژی پێناسەی بۆ نەکراوە. لە ڕاستیدا خودی خوێندەواربوونی ژنان یەکێک لە فاکتەرە گرینگەکان لە کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بەرانبەر بە ژنانە کە لە چوارچێوەی ئەم نووسینە بەدەرە، جا بۆچی جەمیلە خانمی عەلەمولهودا ئەمە بە توندوتیژی دەزانێ، پرسیارێکە کە وڵامەکەی تەنیا لە لۆژیکی کۆماری ئیسلامیدا دەگونجێ!

چاوخشاندنێک بەسەر ئامارەکانی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان لە ئێران، بەتایبەت لە ماوەی شۆڕشی ژینادا باشترین ئارگۆمێنت بۆ بردنەژێر پرسیاری جەمیلە و جەمیلەکانی سەر بە ڕێژیمە. هەر لەو کاتەدا کە جەمیلە عەلەمولهودا لە تەلەڤیزیۆنی ڤێنێزۆئێلا باسی لە توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان کردووە، بە دەیان کچ، بە فەرمانی هاوسەرە جەلادەکەی لە گرتنگە و زیندانەکانی ڕێژیمدا توندوتیژیی جەستەیی، دەروونی و زارەکی (کەلامی)یان بەرانبەر کراوە! زۆربەی ئەو ژنانەی کە لە شۆڕشی ژینادا هاتنە سەر شەقامەکان، هەر بە فەرمانی کاربەدەستانی ڕێژیم و هاوسەرەکەی خۆی ئەم جەمیلە خانمە، کرانە ئامانجی ساچمە و شەق و لێدانی هێزەکانی ڕێژیم تاکوو بەرژەوەندییەکانی نیزام نەکەوێتە مەترسییەوە، جا ئەم خانمەش وەکوو کەوێک کە سەری لەژێر بەفرەوەیە، بە چەشنێک لەسەر ژنان و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان لە مێدیای وڵاتێکی تردا دەدوێ کە دەڵێی ژینا هەر نەکوژراوە، هیچ ژنێک دەسبەسەر نەکراوە و هیچ کچێک ئازاری ساچمەی نەچاشتووە و ئەویش لە هیچ ئاگادار نییە!

وردبوونەوە لە قسەکانی ئەم بەناو مامۆستایەی زانکۆ کە دیاریش نییە لە ڕاستیدا تا پۆلی چەندەمی خوێندبیت، دەری دەخات کە چ کەسانێکی نەخوێندەوار و هیچ‌نەزان، دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە و چۆن قومار بە داهاتووی خەڵکانێک دەکەن کە مافی ژیان و ئازادییان هەیە. پێویست بوو هەر لەو چاوپێکەوتنەدا بە جەمیلە عەلەمولهودا بگوترێت شک لەوەدا نییە کە بە نەمانی دەسەڵاتەکی ئێوەیە توندوتیژییەکانیش کۆتاییان پێ دێت.