کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هانا نیومەن: لێکۆڵینەوەکانی دادستانی ئاڵمان دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران

10:10 - 2 پووشپەڕ 2723

هانا نیومەن، نوێنەری ئاڵمان لە پارلمانی ئورووپا لە تویتێکدا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکانی دادستانی فیدراڵی ئاڵمان دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بۆ ئەوەیکە سپای پاسداران بخرێتە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی یەکیەتیی ئورووپاوە.

نیومەن وتی، دادستانی فیدراڵی ئاڵمان لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی سەر بە جوولەکەکان دەست پێ کردووە کە گوایە ئەو هێرشانە لەلایەن سپای پاسدارانەوە فەرماندەیی کراون.

ناوبراو نووسیویەتی: ئەم لێکۆڵینەوەیە دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ ڕێکاری یاسایی پێویست بۆ ئەوەی ناوی سپای پاسداران بخرێتە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.

ساڵی ڕابردوو ئەندامانی پارلمانی ئورووپا دەنگیان بەوە دا کە سپای پاسداران بخرێتە نێو لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە، بەڵام شۆرای ئورووپا و وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا هەتا ئێستا بە فەرمی ئەم ڕێکخراوەیان نەخستووەتە نێو لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە.

جێگەی ئاماژەیە لە داوای دەستپێکی شۆڕشی ژینا لە ئێران، نەتەوەکانی ئێران دانیشتوو لە وڵاتانی ڕۆژاوایی، لە چەندین خۆپیشاندانی گەورە و بەربڵاودا داوایان لە یەکیەتیی ئورووپا کرد کە سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنن.