کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەتاڵانبردنی دارستانەکانی مەریوان لەلایەن کەسانی هەلپەرستەوە بەردەوامە

10:14 - 2 پووشپەڕ 2723

دارستانەکانی ناوچەی مەریوان کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لەلایەن کەسانی هەلپەرست و مافیاکانی قاچاخی دارەوە بەتاڵان براوە، هەروا بەبێ گوێپێدانی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم لەو ناوچەیە، کاول و تاڵان دەکرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە ١ی پووشپەڕ، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بە بڵاوکردنەوەی چەندین وێنە، باسی لە جینایەتێکی تر و کاولکاریی ژینگەی کوردستان لەلایەن هەلپەرستان و دەستوپێوندییەکانی ڕێژیم لە گوندی "شاسوار" سەر بە ناوچەی ''سەرشیو''ی مەریوان کرد.

ئەنجومەنی سەوزی چیا ڕایگەیاندووە کە ژینگە و دارستانەکانی کوردستان بە گشتی و مەریوان بە تایبەتی، لەلایەن کەسانی هەلپەرست و مافیاکانی قاچاخی دارەوە کاول دەکرێت و دارەکانی بەتاڵان دەبرێت و لەهەمبەردا ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن بەو جینایەتانە، هیچ هەوڵێک نادەن.

مافیاکانی دارستانەکان لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بە هاوکاری و پشتیوانیی هێزەکانی ڕێژیم، لە تێکدان و بڕینەوەی دارستانەکانی کوردستان بەردەوامن و دەیانهەوێت بە هەموو شێوازێک جوانییەکان و سروشتی کوردستان تێک بدەن.

شایانی باسە کە بە دەستپێکی وەرزی گەرما، ئاگردانی دارستانەکانی مەریوانیش دەستی پێ کردووە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین هێکتار لە دارستانەکانی ئەم ناوچەیە لە ئاگردا سووتێندراوە.