کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرۆشیارانی ئانلاین بەهۆی فیلتێربوونی ئینستاگرام، ٢٧ هەزار میلیارد تمەن زیانیان پێ گەیشتووە

11:18 - 2 پووشپەڕ 2723

لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا، فیلتێرکردنی ئینستاگرام لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، چالاکییەکانی زیاتر لە ٦٠٠ هەزار فرۆشگای ئانلاینی پەک خستووە و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار فرۆشگای بەرەو داخستن بردووە و زیاتر لە ٢٧ هەزار میلیارد تمەن زیانی بە فرۆشیاران گەیاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئینتێرنیتیی ''فەراز''، لە مانگەکانی یەکەمی فیلتێرکردنی ئینستاگرام، داواکاریی ڕۆژانەی فرۆشگە مەجازییەکان لە ٧٣٠ هەزارەوە بۆ ١٥٠ هەزار داواکاری کەمی کردووە، هەروەها فرۆشی ڕۆژانەی فرۆشگەکان لە ١٢٠ میلیارد تمەنەوە گەیشتووەتە ١٧ میلیارد تمەن.

لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە گشتی لە ١١حاڵەتدا ئینتەرنێت لەلایەن ڕێژیمەوە سنووردار کرا کە بریتی بوون لە فیلتێرکردنی دوو تۆڕی کۆمەڵایەتی، ٥ حاڵەتی پچڕانی سەرتاسەری، ٤ حاڵەتی پچڕانی ئینتەرنێتی ناوچەیی.

بەپێی ڕاپۆرتی سێرف شارک، ١٠ حاڵەت لە سنووردارکردنی ئینتەرنێت لە ئێران پێوەندیی بە خۆپیشاندانەکانی خەڵک دژی ڕیژیم هەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی چاوەدێری بەسەر ئینتەرنێت، ئێران لە بواری سنوردارکردن و پچڕاندنی ئینتەرنێت، لە پلەی دووەمدایە.