کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆ خرایە سەر هەشت شیرکەت و دامەزراوەی بەرهەمهێنانی دڕۆنی ڕێژیمی ئێران

10:05 - 3 پووشپەڕ 2723

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند کە لە بەستەی یازدەهەمی گەمارۆکان دژی ڕووسیە، هەشت شیرکەت و دامەزراوەی بەهەمهێنانی دڕۆن لە ئێرانیش بەهۆی ئەوەیکە لە شەڕی ئۆکراین بەشدار بوون و دڕۆنیان داوەتە ڕووسیە، تەحریم کران.

جۆزێپ بورێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ ڕایگەیاند، لیستی گەمارۆوە نوێیەکانی ئورووپا لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، هەشت شیرکەت و دامەزراوەی ئێرانیش لەخۆ دەگرێت کە دڕۆنیان بەرهەم هێناوە و خستوویانەتە بەردەست ڕووسیەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو شیرکەتانەی کە لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە گەمارۆ دراون بریتین لە: "شیرکەتی داڕشتن و دروستکردنی مۆتۆری هەوایی، شیرکەتی مادۆ، شیرکەتی پەرئاوەر پارس و سەنعەتی ئاسمانیی شاهید.''

هەروەها چوار دامەزراوە لەوانە ''هێزی هەوا و فەزای سپای پاسداران، ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و جیهادی خودکەفایی هێزی زەوینیی سپای پاسداران و سەنعەتی ئاسمانیی قودس'' خرانە نێو لیستی ڕەشی یەکیەتیی ئورووپاوە.

یەکیەتیی ئورووپا لە بەستەی نوێی گەمارۆکانی خۆیدا نزیک بە ٩٠ شیرکەت و دامەزراوەی لە وڵاتە جیاوازەکان لە بوارەکانی ڕاگواستن و وزەوە تەحریم کردووە.