کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە خۆپیشاندانی ٣٦ـەمین هەینیی زاهیدان و ٧ شاری دیکەدا، ژمارەیەک هاووڵاتیی بەلووچ دەسبەسەر کران

10:08 - 3 پووشپەڕ 2723

خەڵکی زاهیدان لە ٣٦ـەمین حەوتووی خۆپیشاندانەکانی خۆیاندا، سەرەڕای کەشێکی ئەمنییەتیی توند و پچڕانی ئینتەرنێت، ڕۆژی هەینی بە دروشمدان ڕژانە سەر شەقام و دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕ، خەڵکی زاهیدان لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی خۆیان دژی ڕێژیمی ئێران، وەکوو هەینییەکانی پێشوو ڕژانە سەر شەقام و بە دروشمگەلی وەک ''نەمان بۆ دیکتاتۆر'' و ''نەمان بۆ خامنەیی'' و ''دەستدرێژی، جینایەت، نەمان بۆ ئەم ویلایەتە''یان وتەوە.

جگە لە زاهیدان، لە شارەکانی دیکەی بەلووچستان لەوانە ''ئێرانشار، چابەهار، پیشین، ڕاسک، سوران، جەکیگور و سەراوان'' خۆپیشاندان دژی ڕیژیم بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ''حال‌وەش''، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە ماشینی شەخسی ژمارەیەک هاووڵاتییان لە دەوروبەر و شەقامەکانی نزیک مەزگەوتی مەککی و هەروەها لە شارەکانی دیکەی بەلووچستان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنی نادیاریان ڕاگواستوون.

بەپێی ئەو ڤیدیۆگەلەی کە لە تۆڕە کۆمەڵیەتییەکان لە شاری ڕاسک بڵاو بوونەتەوە، خەڵکی ئەو شارە بە بەرد ڕووبەڕووی هێزکانی ڕێژیم بوونەتەوە.

ڕۆژی هەینی، مەولەوی عەبدولحەمید وەکوو هەینییەکانی پێشوو دژی کۆماری ئیسلامی وتاری دا و لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد: ''لە هەر سیستم و وڵاتێکدا خەڵک فاکتەری سەرکین، دەبێ بە گوێی خەڵک بکەن و داواکاریی خەڵک ئەنجام بدرێت.

ناوبراو داوای لە بەرپرسانی ڕێژیم کرد کە ئەزموون و سیاسەتە شکستخواردووەکانی خۆیان جارێکی دیکە دووپات نەکەنەوە.

مەولەوی عەبدولحەمید لە قسەکاندا بە ئاماژەدان بە هەواڵی ژەهراویکردنی ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا وتی: ''بۆ ئامانجی خەڵکی ئێران، هەر هەڕەشەیەک بە گیان دەکڕم.''