ڕامیار مەهابادی
سیاسەتی "تاسه شەشپاڵووەکان" ئاماژەیە بۆ ئەو ستراتیژە سیاسییەی کە ڕێژیمە پاوانخوازەکان بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان و چەواشەکردنی ڕای گشتی سەبارەت بە ڕاستییەکان بە کاری دەهێنن. لەم ستراتیژەدا ١٢ خاڵی سەرەکی (ژمارەی ڕوخساری تاسەکان) هەیە:
١- سانسۆر و کۆنترۆڵکردنی زانیاری: حکومەتە پاوانخوازەکان بە زۆری کۆنتڕۆڵی سەرجەم سەرچاوەکانی زانیاری دەکەن بۆ ئەوەی ڕێ لە بڵاوبووونەوەی زانیاریی ڕەخنەگرانە یان دژ بە خۆیان بکەن.
٢- ترس و تۆقاندن: دەسەڵاتداران ترس و تۆقاندن وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵ و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بە کار دەهێنن. ئەمەش دەکرێ لە ڕێگەی هەڕەشە، گرتن، ئەشکەنجەدان یان تەنانەت کوشتنیشەوە ئەنجام بدرێت.
٣- دابەشکردن و حوکمڕانی: ئەم ستراتیژە لەسەر بنەمای دابەشکردنی مرۆڤەکان لەسەر بنەمای ڕەگەز، ئایین، چین یان گرووپی سیاسی دامەزراوە. ئەمەش ڕێگە بە ڕێژیم دەدات کە حوکمڕانی بە سەر گروپێکی دیاریکراودا بکات و لە هەمان کاتدا باقی دانیشتووانەکەی بنێتە لاوە و ڕێگری بکات لە هاوپەیمانی دژبە حکوومەت.
٤- پڕوپاگەندە: دەسەڵاتداران پڕوپاگەندە وەک ئامرازێکی کاریگەر بە کار دەهێنن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەخنە و جێخستنی بۆچوون و بایەخەکانی خۆیان. ئەم چەند ستراتیژییەی سەرەوە پێکەوە ڕێگە بە حکوومەتە پاوانخوازەکان دەدەن خەڵک بەلاڕێدا ببەن و ڕاستییەکانیان لێ چەواشە بکەن و، لە هەمان کاتدا خۆیان لە دەسەڵاتدا بپارێزن.
٥- هەواڵسازیی کۆنتڕۆڵکراو: زۆرجار حکوومەتە پاوانخوازەکان کەرەستەی هەواڵسازی وەک ڕێگەیەکی سەرەکی بۆ گۆڕینی تێڕوانینی خەڵک بۆ واقیع و کاریگەری لەسەر ئەو چیرۆکانە بە کار دەهێنن کە دەنگدانەوەیان لەگەڵ جەماوەردا هەیە. ئەمەش لە ڕێگەی سانسۆرەوە، گۆڕین و شێواندنی هەواڵ، یان تەنانەت دروستکردنی هەواڵی ساختە دەکرێت. ئەم ستراتیژە ڕێگە بە حکوومەتەکان دەدات وێنەیەکی ئەرێنی لە خۆیان پڕۆژە بکەن و لە هەمان کاتدا ڕەخنە و لاوازییەکان بشارنەوە. ئەم توخمە پێنجەمە لە توانای حکومەتدا گرینگە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو چیرۆکانەی لە کۆمەڵگەدا لەسەری دەگێڕدرێنەوە. ئەم کۆنتڕۆڵە ڕێگە بە حکومەت دەدات وێنەیەکی خوازراو لە واقیع جێبەجێ بکات و لە ئەنجامدا دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر هەڵوێست و بیروباوەڕ و ڕەفتارەکانی خەڵک هەبێت.
٦- دروستکردنی ئۆپۆزسیۆن بۆ ڕەزامەندیی نێودەوڵەتی: دیکتاتۆرییەکان هەندێکجار هەوڵ دەدەن ئۆپۆزسیۆنێکی سیاسیی "میانڕەو"یان هەبێت. ئەم بەناو ئۆپۆزیسیۆنە "میانەڕەوانە" زۆرجار لەلایەن حکوومەتەوە کۆنترۆڵ دەکرێن و دوورن لەوەی بتوانن مەترسی لەسەر دەسەڵات دروست بکەن. بەڵام بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی لەو شێوەیە ڕێگە بە حکوومەت دەدات خۆی وەک سیستەمێکی "هاوسەنگ" و "دێموکراتیک" پێشان بدات. ئەمەش ڕێگەیەکی کاریگەرە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و دوورکەوتنەوە لە سزا یان گوشاری سیاسی. هەرچەندە ئەم ڕێبازە دەتوانێت ببێتە هۆی سەرلێشێواوی نێوخۆیی و دەرەکی، بەڵام لە مەیدانی کردەوەدا دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ڕێژیم.
٨- بەکارهێنانی چەمکەکانی وەک جوداییخوازی و یەکپارچەیی خاکی بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی سیاسی: دیکتاتۆرەکان بەزۆری تۆمەتەکانی وەک "جیاییخوازی" یان "خیانەت لە یەکپارچەیی خاکی وڵات"! وەک ڕێگەیەک بۆ سەرکوتکردن و لاوازکردنی نەیارانی سیاسی بە کار دەهێنن. ئەم تۆمەتانە، تەنانەت ئەگەر بخرێنە سەر ئەو گرووپانەی تەنیا لەپێناو گەورەترین مافەکانی خۆیاندا خەبات دەکەن، دەتوانێت ڕێگە بەم حکوومەتانە بدات وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی بەگژی ئەو کەس یان گرووپانەدا بچێتەوە و بەو بیانووە سەرکەتیان بکات. ئەم مێتۆدە دەتوانێ ترس بخاتە نێودڵی ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگەش و ڕێگری بکات لە دژایەتیی حکوومەت.
٨- دوژمنایەتی و شەڕخوازی بۆ مانەوە لە هەلومەرجی داڕماندا: لە هەلومەرجی گرژی و قەیراندا، هەندێک لە حکوومەتە پاوانخوازەکان پەنا دەبەنە بەر داتاشینی "دوژمنی دەرەکی" بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنجی خەڵک لە کێشە نێوخۆییەکان و ناکارایی حکوومەت. ئەم "دوژمن"ە دەتوانێ وڵاتێکی بێگانە، گرووپێکی سیاسی، یان تەنانەت کولتوورێک یان ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراویش بێت. ئەم ڕێبازە زۆرجار لەگەڵ دروستکردنی باری نائاسایی یان هەڕەشەی شەڕدا دەبێت، کە ڕێگە بە حکوومەت دەدات یاسا و ڕێسای ناوازە بسەپێنێ و مافەکانی مرۆڤ پێشێل بکا و دەست بەسەر دەسەڵاتی زیاتردا بگرێت. ئەم تاکتیکە دەتوانێت هاودەنگی و یەکڕیزیی نیشتمانییش لەدژی "دوژمن"! پەروەردە بکات، لەگەڵ ئەوەشدا کە توانیویەتی حکوومەت لە دەسەڵاتدا بهێڵێتەوە.
هەندێک شێوازی تر کە حکومەتە تاکڕەوەکان بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان بەکاری دەهێنن بریتین لە:
٩- سانسۆر و کۆنترۆڵکردنی میدیا: حکوومەتە پاوانخوازەکان بەردەوام کۆنتڕۆڵی سیستەمی ڕاگەیاندن دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن پەیامەکانی خۆیان بەئاسانی و بەبێ سنووردارکردن بگەیەنن و هاوکات دەنگی نەیارانی سیاسیی خۆیان دەخنکێنن و سانسۆڕیان دەکەن. ئەم کۆنترۆڵە دەتوانێت لە ڕێگەی یاسای سنووردارکردن، هەڕەشە و تۆقاندن، پەروەندەسازی و لە زیندانکردن؛ یان لە ڕێگەی خاوەندارێتیی ڕاستەوخۆی میدیاوە بکرێت.
١٠- هەڵاواردن و چەوساندنەوەی کەمینەکان: حکوومەتە پاوانخوازەکان هەمیشە هەندێک گرووپ وەک هەڕەشە بۆ سەر نەزم و سەقامگیری کۆمەڵگە دەناسێنن. لەوانەیە ئەم گرووپانە نەتەوەیی، ئایینی و کولتووری بن و بە هەموو شێوەیەک بیانچەوسێننەوە.
حکوومەت بە پاساودانی ئەم جیاکاریانە وەک ڕێوشوێنی ئاسایشی نەتەوەیی دەسەڵاتی خۆی دەپارێزێ و هەرچەشنە خۆڕاگری و سەرهەڵدانێک سەرکوت دەکات.
١١- تێرۆر و توندوتیژی: حکوومەتە پاوانخوازەکان تێرۆر و توندوتیژی بۆ ترساندنی خەڵک و ڕێگریکردن لە خۆڕاگری دەکەنە پیشە و سیاسەتی هەمیشەییان. ئەم سیاسەتە بەکارهێنانی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، گرتن و ئەشکەنجەدانی چالاکانی سیاسی، کوشتن و تێرۆری خەڵکی بەرهەڵستکار و تەنانەت بێتاوانیش دەگرێتەوە. هەرکام لەم شێوازانە دەکرێ بە تەنیا یان بە تێکەڵاو لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بەکاربهێنرێت و هەمیشە لە چوارچێوەیەکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیە دیاریکراودا ڕوو دەدات. هەروەها گرنگە بزانین ئەم شێوازانە هەمیشە نیشانەی ستەمکاری و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتن و پێویستە مەحکووم بکرێن.
١٢- سیاسەتی دوورکەوتنەوە لە نوخبە و پەراوێزخستنی: ئەمە ستراتیژییەکە زۆر لە حکوومەتە پاوانخوازەکان بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەیان بەکاری دەهێنن. ئەم سیاسەتە بە گشتی ئەو ڕێوشوێنانە دەگرێتەوە کە ئیلیت و بژاردەکانی کۆمەڵگە لێک دادەبڕێنن بۆوەی نەهێڵن لە بەستێنی یەکگری و هاوکاریی نوخبەکاندا بەرگژەیەک بۆ حکوومەت و دەسەڵات دروست ببێت.
ئەم ستراتیژییە جاری وایە لە هاندان و دروستکردنی ڕکەبەرییە نێوخۆییەکان و سیاسەتی گشتیی "ئاژاوە بنێوە و حوکمەت بکە"دا خۆی دەبینێتەوە هەتا دەگاتە کڕین و ترساندنی نوخبەکان و تەنانەت تیرۆر یان سەرکوتکردنیان. ئامانجی سەرەکیی ئەم سیاسەتانەش دروستکردنی نائەمنی و ناسەقامگیرییە لە نێوان نوخبەکاندا بە مەبەستی پێشگرتن لە هەڕەشەبۆ سەر دەسەڵاتە. ئەم ستراتیژییە لەوانەیە لە کورتماوەدا کاریگەر بێت، چونکە توانای نوخبەکان بۆ کۆبوونەوە و پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لەدژی حکومەتی پاوانخواز کەم دەکاتەوە. بەڵام لە درێژخایەندا ئەم جۆرە سیاسەتانە دەبێتە هۆی نائارامیی سیاسی و ناسەقامگیری؛ چونکە لەو سۆنگەیەوە توانای حکوومەت بۆ چارەسەری کاریگەری کێشەکانی وڵات کەم دەکاتەوە.
ئەگەر تێبینیتان کردبێت، حکوومەتە خۆسەپێنەکانی وەک کۆماری ئیسلامی بە فڕێدانی ئەم دایسانە و تێکەڵکردنی سیاسەتەکان لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەردەوام بوون لە مانەوەیان لەسەر تەختی خونکاریی دەسەڵاتدا.