کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

غەریب (گێڕانەوەیەکی "غەریب" لە کوردستان)

16:57 - 3 پووشپەڕ 2723

یەعقووب ڕەوا

هونەر و ئەدەب وەک ئامرازێکی ئیدیۆلۆژیک بە دەستی حکوومەتەکانی تۆتالیتێر و دیکتاتۆر بۆ پەرەپێدانی ئیدیۆلۆژی و ڕێبازی فکریی خۆیان بە کار هاتووە.

ژیدانۆف وەکو بەرێوەبەری سیاسەتی کولتووریی یەکیەتیی سۆڤیەت لە سەردەمی ستالین، یەکێک لە بە ناوبانگترینی ئەو کەسانە بوو کە سیاسەتی کولتووری سۆسیالیستیی هێنایە نێو ئەدەبیات و هەموو لقەکانی هونەرەوە. لە دۆکتۆرینی ژیدانۆفدا مەیدانی هونەر و ئەدەب نەک مەیدانێکی کراوە بۆ پەرەپێدانی فکر و بیری نوێ، بەڵکوو مەیدانی زاڵبوونی هێژموونیی ئایدیای کۆمۆنیزم و دەزگای ستالینیستی بوو. بەپێی سیاسەتی ئەو فرەیەک لە نووسەران و شاعیران و هونەرمەندان بەربەستیان بۆ چێ کرا و تەنیا ئەو کەسانە مەجالی کارکردنیان پێ درا کە لە خزمەت ئایدیالۆژیی حکوومیدا بوون.

دەزگای کولتووری ژیدانۆف دەزگایەکی داخراو و وشک بوو. لەو دەزگایەدا نووسەر و شاعیر و هونەرمەند ئەرکیان تەنیا بەرهەمهێنانی بەرهەم‌گەلێک بوو کە ستایشی سیستەمی کۆمۆنیستی و ڕەشکردنی نەیارانیدا بکات. ئەدەب و هونەری فەرمیی ئەو سەردەمە تێکەڵەیەکە لە زەقکردنەوەی ئیدەی جیهانگیری کۆمۆنیزم بە هەموو شێوەیەک، لە گۆڕینی ڕاستییەکانەوە بگرە هەتا کاراکتێرسازیی قارەمانانە و شەیتان‌سازی لە جیهانی لیبرالیزم. لەو نێوەدا هونەرە بینراوەکان وەکوو نیگارکێشی و گرافیک و هونەرە نمایشییەکان وەکو شانۆ و سینەما گرینگییەکی تایبەتیان هەبوو. ئەو هونەرانە زۆر بەئاسانی پەیوەندییان دەگەڵ بەردەنگ چێ دەکەن و گێڕانەوەیان لە بابەت ڕاستەوخۆیە. زۆرینەی کۆمەڵگە دەیتوانی لە هۆڵەکانی سینەما و شانۆ و لەسەر دار و دیواری شار لەژێر کاریگەریی ئەو بەرهەمانە بن. تایبەتمەندی دیکەی ئەو هونەرانە ئەو بوو کە بەردەنگ پێویستی بە خوێندەواری تەنانەت سەرەتاییش نەبوو بۆ تێگەیشتن لە بەرهەمەکە.

ئەو سیاسەتە پاشتر لە شۆڕشی چین و ئێرانی دوای شۆرشی گەلانی ئێران لەژێر ناوی "شۆڕشی فەرهەنگی"دا درێژە پێ دران. لێرەدا بە دیاریکراوی باس لەو دیاردەیە لە گۆڕەپانی کولتووریی کۆماری ئیسلامیدا و بە تایبەت لە پیشەسازیی سینەمادا دەکەین. دیارە پاڵنەری نووسینی ئەم وتارە پێشاندانی فیلمی "غریب"ە کە ماوەیەکە لە سینەماکانی ئێراندا نمایش دەکرێ و ئەو فیلمەش وەکوو ماتریالی نمونەی باس بەکار دەهێندرێ.

لە دوای ڕاگەیاندنی سیاسەتی "شۆڕشی فەرهەنگی" لە ئێرانی دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئەم سیاسەتە ڕاگەیەندرا و بەپێی ئەم سیاسەتە هەرچی کەسی دژ یان تەنانەت بێلایەنیش لە هەموو دەزگاکانی حکوومی لە پەروەردە و خوێندنەوە بگرە هەتا ئیدارەی فەرهەنگ و تەواوەتی بازنەکانی دیکە لە کار و خوێندن لا دران. کەسانی تازەبەدەسەڵات‌گەیشتوو تەواوەتیی جومگەکانی فەرهەنگی و هونەری و تەنانەت ئیدارییشیان گرتە دەست. خاڵێ تێکهەڵپێچی ئەم سیاسەتە دەگەڵ کوردستان هەتا ئەمرۆش یەک شتە. ئەویش پیشاندان و گێرانەوەی کورد و کوردستان بە گێڕانەوەی حکوومی. ئەو گێڕانەوەیە لەسەر سیاسەتی فەرمیی حکوومەت، واتا سەرکوتی بزاڤی بەرحەقی کوردستان و پێچەوانەکردنی ڕاستییەکان دامەزراوە. گێڕانەوەیەکی تاکلایەنە و پڕ لە چەواشە. هەرچی وێنەی شێوێندراو بەرچەسپ و خەوشەدارکردنی ڕاستییەکانە، بەپێی ئیدۆلۆژیی ئیسلامیی کۆماری ئیسلامی بە ڕەوا زانراوە.

سیمای کورد بە گشتی لە سینەمای ئیدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامیدا بە دوو شێوەیە: سیمایەکی توندوتیژ، بێ‌لۆژیک، بێ‌بەزەیی، خوێنڕێژ و نەفامە کە ئەوە هەمان کوردی "خراپ"ە. لەوبەر تریش سیمای کوردە وەفادارەکان بە ئێران و کۆماری ئیسلامی کە بە قسەی کاراکتێری "سەید" لە فیلمی "غەریب"دا خۆیان بە موسلمان و ئێرانی پێناسە دەکەن و سیمای کوردی "چاک"ن.

لەو گێڕانەوەیەدا لە بەرکەوتەی نێوان ئەو دوو سیمایەدا، فریادڕەسێک لە تارانەوە دێت و یارمەتی کوردە چاکەکە دەدا بۆ بەرگریکردن لە خەلکی ئاسایی و کوردانی "باش"ی دیکە کە لەلایەن کوردانی "خراپ"ەوە بێ‌بەزەییانە خەریکی لەنێوچوونن.

لە هیچ‌کام لەو فیلمانەی لەبارەی کوردستانەوە لە سینەمای ئێراندا دروست کراون، ڕێژیم هیچ‌کات ڕاستەوخۆ لایەنی شەڕ نەبووە، بەڵکوو هەمیشە وەکوو فریادڕەس بە داخوازیی کوردەکان خۆیان، خۆی تێکەڵی کێشەکان کردووە و کوردی لەژێر هەڕەشەی کوردانی "خراپ"دا کە بە شێوەی فۆرمیک، کەسانی بێ‌دین، خوانەناس، چەپ و کۆمۆنیست، عەییاش، ئینسانکوژ، بێ‌بەزەیی و سمێل‌زڵی ڕیش‌تاشراون، ڕزگار کردووە. پێچەوانە بەرەی بەرانبەر کەسانی مرۆڤدۆست، دڵ‌ڕەحم، خواترس، بەئیمان و ڕیشداری نوورانین.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هونەری ئیدۆلۆژیک بریتییە لە دۆر و ساختە و پێچەوانەکردنی ڕاستییەکان. ئەمە هەتا ڕادەیەک دەچێتە پێش کە ئیتر گرینگ نییە لەوانەیە بەردەنگ هەندێک فاکت بزانێ کە گێڕانەوەکە خەوشدا بکا و پرسیاری بۆ دروست بکات. گرینگ ئەوەیە گێڕانەوەی شەیتان و ڕەحمان‌سازی بچێتە پێش. هەموو ئەو تایبەتمەندیانە لە فیلمی "غەریب"دا بەڕوونی دیارن. فیلمی غەریب بەرهەمی سازمانی سینەمایی "اوج" یەکێک لە ناوەندە میدیاییەکانی سەر بە سپای پاسدارانە. فیلمەکە کاری پێش پرۆداکشێنی ساڵی ١٤٠٠ هەتاوی کراوە و هاوینی ١٤٠١ کاری وێنەهەڵگەرییەکەی دەست پێ کراوە. چیرۆکی ئەو فیلمە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەکانی دووهەمین بەهاری دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران. کوردستان لەو سەردەمە بە ڕۆژانێکی ئەستەمدا تێدەپەری.

بزاڤی بەرحەقی کوردستان و داخوازەکانی ڕەوای میللەتی کورد وڵامەکەی تەنیا و تەنیا توندوتیژیی ڕێژیمی تازەبەدەسەڵات‌گەیشتوو لە ناوەند بووە. سیناریۆسازیی ئەوکاتی ڕژیم بۆ بەلاڕێدابردنی ویستەکانی کورد بۆ وەدەستخستنی بیانوو بۆ سەرکوتی خەلک و بزاڤەکەیان لە ئەوپەری خۆیدا بوو. بەهۆی فەزای ئاوەڵای کوردستان زۆر ئایدیا، ئەندێشە و ڕێکخراو لە کوردستان هەبوون کە تێکۆشانی سیاسیی خۆیان دەکرد. ئەو فەزایە بە شێوەیەکی هەرچەند خەوشدار لە فیلمەکەدا خۆی دەنوێنێ، بەڵام وەکوو خاڵێکی نەرینی وێنا دەکرێ. بەرەی کوردانی "چاک" و کوردانی "خراپ"ی فیلمی غەریب چەواشەکارییەکی مێژوویی تێدا بەدی دەکرێ. چەسپاندنی هێزی چەکدارانی لۆکاڵی سپا واتا هەمان جاشەکان بە ڕەوتی ئیسلامیی مەکتەبی قورئان (کە بە وردی هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەمە نییە) وەکو کوردانی "چاک" و هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە وەکوو کوردانی "خراپ" دوورە لە ڕاستی. نووسەری فیلم تێکهەڵچوونی ئیدیۆلۆژیکی نێوان ئەو دوو هێزەی کردۆتە مایە هەموو ڕووداوەکانی دوایی فیلم. هەرچەند وەڕسوورانی مێژوویی مەکتەبی قورئان بەرەو کۆماری ئیسلامی لەوکات و قۆناغەدا هیچ‌کات حاشای لێ ناکرێ، بەڵام هەبوونی پەیوەندی ڕێکخراوەیی نێوان هێزی جاشی سازماندراو لەلایەن محەممەد بروجێردی ناسراو بە "پێشمەرگەی کوردی موسلمان" گومانی جیددیی تێدایە.

فیلم گێڕانەوەیەکە لە بەسەرهاتی محەممەد بروجێردی کە بە "مەسیحی کردستان" ناوزەد کراوە. گێڕانەوەی ئەوەی لە کوردستان و بە تایبەتی لێرە لە بەهاری ساڵی ١٣٥٩ی سنە کردوویەتی. فیلم ئاوا پیشان دەدا کە شڵەژاوی و هەرەج‌مەرەجێکی تەواو لەنێو شاری سنە هەیە و هیزە کوردییەکان خەریکی کوشت و بڕینی خەڵکن. تەنانەت بۆ پێشاندانی دۆخی شڵەژاو یەکێک لە سێکانسە سەرەکییەکان کوشتنی کاراکتێری "سەید" بە دەستی کاک شوان، فەرماندەی دەستەیەک لە پێشمەگەکانی کۆمەڵە لە ڕۆژی زەماوەندیەتی. کوشتاری ڕۆژانە و قەڵتوبڕی خەلک لەلایەن کوردانی "خراپ"ەوە و پاراستنیان لەلایەن هێزەکانی ئەرتش و سپاوە وێنەی زاڵی فیلمە. هێرش بۆ سەر هێزەکانی پاراستنی خەڵک! واتا ئەرتەش و سپا و کوردە باشەکان (جاش) بەردەوامە. کاک شوان و هێزەکەی کە تەیارن بە چەک و چۆڵی قورس لەوانە تانک و تۆپ و بۆمب و... هۆکاری سەرەکیی ئاژاوە و هەرەج‌مەرەج و هەڕەشەی سەر خەڵک پێشان دەدرێن. لەو دۆخەدا محەممەد برۆجێردی بە خۆ و بنەماڵەکەی، دەستبەتاڵ و بێ‌چەک و بێکەس دێتە نێو ڕەوتی ڕووداوەکانەوە. سیمای کەسێکی مەسیح ئاسای ڕزگاریبەخش کە تەنانەت پێشی توندڕەویی هێزە ژێردەستەکانی خۆیشی دەگرێ و ڕوح‌سووک و دەم‌بەخەندە هەتا ئەو شوێنەی پێی دەکرێ نایەڵێ شەڕ ڕوو بدات!

بەڵام بروجێردیی قارەمان، ئەو کەسەی لە فیلمدا لەسەر مەیتی فەرماندەیەکی ئەرتەش دەگری و ڕێزی زێدە لە ئەندازەی بۆ ئەرتەش هەیە، لە ڕاستیدا ڕێکخەری گرووپی تەوحیدی سەف (توحیدی صف)ە کە لە ماوەی چالاکییەکانیان بەر لە شۆڕشی ١٣٥٧ له سووتاندنی کارخانە و بۆمبڕێژکردنی هێڵی گواستنەوەی بەرق و گرتنی پادگانی ئەرتەشەوە ڕا بگرە هەتا تەقاندنەوەی بۆمب لە ڕێستۆراننی خانسالاری تارانی لەکارنامەی ڕەشیدا هەیە.

ڕاستیی ڕووداوەکانی بەهاری سنە نەک هەر قەڵتوبڕی خەڵک بەدەست هێزە کوردییەکانەوە نییە، بگرە ڕێک بەپێچەوانەوە بەرگریی ئەوان لە خەڵک دژی تۆپباران و گوللەبارانی شار و خەڵک بەهۆی هێزی دژەگەلی ئەرتەش و سپاوە بووە. بەڵگەکان و حیکایەتی ئەو ڕۆژانە ئێستاش زۆر زیندوون و پێشاندەری ئەو ڕاستییەن کە له حاڵێکدا هەر خۆی برۆجێردی لە شارەکانی دیکە دەستیان بە سەر پادگان و شارەبانییەکانیان و دامودەزگای پاشایەتی دادەگرت، لە کوردستان پێچەوانە ئەو هێزانەیان دژی خەڵک هان دەدا. شەیتان‌سازی و ڕەشکردنی کورد لەو فیلمەدا لەوپەڕی خۆی‌دایە. کوشتنی تازە زاوا، ژنی دووگیان، سەربازی بێ‌گوناح و تەنانەت خۆشەویستی خۆی دژە قارەمان( کاک شوان) لەلایەن خۆیەوە ڕوویەکی سووررێئاڵ پێشانی بەردەنگ دەدا. ئەو ڕێژەیە لە بێ‌ڕوحمی و بێ‌بەزەیی‌بوون بە خەیاڵی هیچ کەسدا نایەت.

لە سینەمای کۆماری ئیسلامیدا هەموو هێزە دژبەرەکان ڕەش پێشان دەدەرێن، بەڵام هێزە چەپەکان بە تایبەتی ڕەشتر و دڕەندتر. وەک چۆن کاک شوان، ئەو کەسەی خەڵکی سنە بە قارەمانی دەزانێت، لەو فیلمەدا وەک شەیتانێکی ڕەش و بێ‌بەزەیی وێنا کراوە. دەزگای کولتووریی ژیدانۆفۆکانی کۆماری ئیسلامی کارەکەی ئەوەیە... .