مستەفا مەولوودی
کاریگەریی ڕێككهوتننامه نێودهوڵهتییهكان لەسەر پرسی کورد
(كورد له ڕێكهوتننامهی سێڤهردا)
نێوهڕۆكی پەیماننامەی سێڤەر
لە ١٠ی ئووتی ١٩٢٠ی زایینی کاکڵ و نێوەرۆکی پەیماننامەی سێڤەر بەو شیوەیە بوو کە ئیمپراتۆریی عوسمانیی پێ هەڵوەشاوەتەوە و دەوڵەتانی تازەی لێ دروست بوون:
١- هەموو خاکی عەڕەبیی عوسمانی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی جیا دەکرێنەوە.
٢- سەربەخۆیی پاشایەتیی حیجاز بەڕەسمی دەناسرێ.
٣- باشووری ڕۆژئاوای ئاسیای بچووک و دوڕگەکانی "دوکانس و ڕۆدووس و دەریای ئێژە" دەدرێن بە ئیتالیا و باقی دوڕگەکانی دیکەی "ئێژە" بۆ "یونان" دەبن.
٣- تورکیەی ڕۆژهەڵات و دەوروبەری "ئەزمیر" دەدرێن بە "یونان".
٤- گەرووەکانی "بۆسفۆر" و" داردانێل" بەنێونەتەوەیی دەکرێن.
٥- کۆمارێکی سەربەخۆی ئەرمەنی لە ناوچەی ئانادۆڵیی ڕۆژهەڵات پێکدەهێندرێ.
٦- ناوچە کوردییەکانی باکووری "مووسڵ" بە مەرجی پێدانی خودموختاری (ئۆتۆنۆمی) لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی عوسمانیدا دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو مافەیان پێ دەدرێ کە لە ماوەی یەک ساڵدا بۆ بە ڕەسمی ناسینیان داوای ڕێفراندۆم لە کۆمەڵەی نەتەوەکان (عصبةالامم) بکەن.
لێرەدا بەڕوونی دهردهكهوێ زلهێزەکان بەشی هەموو گەلان دیاری دەکەن، بەڵام کورد لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا دەهێڵنەوە. گەلانی ئەرمەنی و عەرەب جیا دەکرێنەوە و بڕیار دەدرێ کە دەوڵەتیان بۆ دروست بکرێ، بەڵام کورد لەو هاوکێشەیە وەلا دەنرێ.
پەیماننامەی سێڤەر لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ و بڕیاری کۆنگرەی سانڕێمۆ کە لە ئاوریلی ١٩٢٠ داڕێژاوە، هاتۆتە ئاراوە. لە ١٠ی ئابی ساڵی ١٩٢٠ لە شاری سێڤەری فەڕانسە، بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەوڵەتانی بریتانیا، فەڕانسە، ئیتالیا، بێلژیک، یۆنان، پورتەقاڵ، ڕۆمانی، سێربستان، کڕۆواسی، سلۆڤۆنی، چێکۆسلۆڤاکی، تورکیەی عوسمانی، وڵاتە یەکگرتوویەکانی ئەمریکا وەک چاودێر، نوێنەری عەرەبەکانی حیجاز، کوردەکان و ژاپۆن مۆر کرا و، کۆبوونەوەیەک گیرا و گەڵاڵەیەک لەو کۆبوونەوەیە ئامادە کرا کە بوو بە بەستێنی پەیماننامەی سێڤەر. پەیماننامەی سێڤەر لە ڕووی قەبارەوە پەیماننامەیەکی گەورە بوو و لە ١٣ بەش و ٤٣٢ مادە پێک هاتووە.
كورد له ڕێكهوتننامهی سیڤهردا
بە بۆچوونی هێندێک توێژەر، پەیماننامەی سێڤەر یەکەم بەڵێننامەی نێودەوڵەتی و یاسایی بووە کە دانی بە مافەکانی گەلی کوردستان وەک پێکهاتەیەکی سەربەخۆی سیاسی داناوە. لەو پەیماننامەیەدا بەشێکی تایبەت لە ٣ مادەدا بۆ "کوردستان" دانراوە کە ماددەکانی (٦٤،٦٣،٦٢) لەخۆ دەگرێت و پێوەندییان بە کوردستانەوە هەبووه.
لە مادەی ٦٢ دا هاتووە: لێژنەیەک لە سێ ئەندام لە بریتانیای مەزن، فەڕانسە و ئیتالیا پێک دێت. ئەو لێژنەیە لە ئەستەنبوڵ دەبێ و، لە ماوەی شەش مانگدا لەسەر ئۆتۆنۆمیی نێوخۆ بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی ڕەگەزی کوردی تێدایە و دەکەوێتە خۆرهەڵاتی ڕووباری فوڕات هەتا باشووری ئەرمێنیای باشوور گەڵاڵەیەک ئامادە دەکات. هەر لەو مادەیەدا باس کراوە ئەوەش هاتووە ئەگەر لێژنەکە لەسەر بابەتێک ڕێکنەکەوتن ئەوە حکوومەتە پەیوەندیدارەکان کێشەکە چارەسەر دەکەن. هەر لەو مادەیەدا هاتووە و دەڵێ: دەبێت کلدانی و ئاشوورییەکان و کەمە نەتەوەکانی تریش لە ئایینزاکان لەو شوێنانەی کە باس کران پارێزگاریی تەواویان لێ بکرێ و بۆ ئەو مەبەستەش لێژنەیەکی تایبەت پێکهاتووە کە نوێنەری کورد و بریتانیا و فەڕانسە و ئیتالیا و فارسیشی تێدابوو. ئەو لێژنەیە مافی ئەوەشی هەبووە چاوەدێریی سنوورەکانی عوسمانی و فارس (ئێران و تورکیە) بکەن و ئەگەر پێویست بێ گۆڕانکاری لەو سنوورەشدا بکەن.
مادەی ٦٣ دەڵێ: دەوڵەتی عوسمانی بەڵێن دەدات لە دوای دەرچوونی بڕیارەکان لە ماوەی سێ مانگدا سەرجەم بڕیارەکانی هەردوو لێژنەکە جێبەجێ دەکات.
مادەی ٦٤ دەڵێ: ئەگەر دانیشتووانی کوردی ئەو ناوچەیە کە لە مادەی ٦٢دا ئاماژەی پێ دراوە، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک ڕوویان کردە کۆمەڵەی نەتەوەکان (عصبە الامم) و داوایان كرد کە زۆرینەی دانیشتووانی خواستی جیابوونەوەیان لە تورکیە هەیە، ئەنجوومەنی کۆمەڵەی نەتەوەکانیش بڕیار بدات کە کوردەکان توانای سەربەخۆییان هەیە، ئەوە پێویستە لەسەر تورکیەی عوسمانی لە سەرجەم مافەکانی خۆی لەو ناوچانە دەست هەڵبگرێت. هەروەها دەڵێ: ئەگەر کوردەکانی ویلایەتی موسڵیش خواستی ئەوەیان هەبوو بچنە پاڵ ئەو وڵاتە کوردییە، ئەوە هاوپەیمانە سەرەکییەکان دژایەتیی ئەو بڕیارە ناکەن.
لە مێژوودا وا ناسراوە کە پەیماننامەی سێڤەر مافی کوردی دەستنیشان کردوە و لە ماددەی ٦٤،٦٣،٦٢ دا ئاماژەی پێ کراوە، ئەوە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ ڕێککەوتن و پەیمانەکانی دیکە، دەکرێ ئەو خوێندنەوە بۆ پەیماننامەی سێڤەر بکەین. بەڵام ئەگەر لێی ورد ببینەوە بۆمان دەردەکەوێ پەیماننامەی سێڤەر خۆی لە خۆیدا کێشەکەی یەکلا نەکردۆتەوە. لە کۆتاییدا هەر خودی بابەتەکانی نێو پەیماننامەی سێڤەر لە پەیمانی لۆزاندا بە زیانی کورد شکاونەتەوە و تورکیە (مستەفا کەماڵ) باشترین سوودی لێ وەرگرتووە:
یەکەم؛ جارێ با ئەوە بیر بخەینەوە، ئەوەی لە پەیماننامەی سێڤەردا وەک شتی باش و ماف بۆ کوردان باسی لێوە کراوە، ئاکامی بوونی خەبات و تێکۆشانی بێوچانی خەڵکی کورد خۆی بووە. لەبەر ئەوەی کورد گەلێکی ڕەسەن و مێژووییە لەو ناوچەیەدا و لە سەدەی چواری پێش زایینەوە ڕەگەزی کورد لەو ناوچەیەدا بوونی هەبوو و پاش فارس، توورک و عەرەب چوارەمین ڕەگەز و نەتەوەیە لەو هەرێم و ناوچەیەدا، و لە سەدەی دوازدەیەمەوە ناوی "کوردستان" بۆ هەرێمە کوردنشینەکانی ئەو مەڵبەندە لە سەردەمی سەلجوقییەکاندا بەڕوونی هاتووە. لە هەموو ئەو ماوە دوور و درێژەدا کورد بە شێوەی جوارجۆر بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی خۆی خەباتی کردووە. یانی ئەو دەسکەوتە ئاکامی خێر و سەدەقەی ئەو دەوڵەت و لایەنانە نییە کە پەیماننامەی سێڤەریان هێناوەتە ئاراوە؛ بەڵکوو ئاکامی خەبات و تێکۆشانی کورد خۆیەتی؛ لەبەر ئەوەی کورد سەرەڕای هەموو پیلان و شەڕ و هێرشێکی دوژمنان؛ هەردەم لەسەر خاکی خۆی بووە و بوونی خۆی سەلماندووە.
پەیماننامەی سێڤەر بە جوغرافیاش سنوورێک کە بۆ کوردستانی دیاری کردوە زۆر سەقەت و ناتەواوە. ڕووبەری خاکی کوردستان بە گشتی لە پێنج سەد هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە زیاترە، بەڵام لە پەیماننامەی سێڤەردا ئەوەی بۆ دەسەڵات و فەرمانڕەوایی کورد لەبەرچاو گیراوە، چ بە خودموختاری کورد خۆی بەڕێوەی بەرێ و چ دەوڵەتی کوردی لێ دابمەزرێندرێ نیزیک ٣٠ لە سەدی ڕووبەری هەمووی خاکی کوردستانە و تەنیا بەشی کوردستان لە تورکیە لەخۆ دەگرێت کە ڕووبەرەکەی نیزیک بە ٢٢٠ هەزار کیلۆمیتری چوار گۆشە دەبێ و لە باشترین حاڵەتدا بە گشتی نیوەی خاکی کوردستان دەبێ. تەنانەت ئەگەر بە وردی سەیری بکەین ئەو پەیماننامەیە تەنانەت هەموو کوردستان لە تورکیەش ناگرێتەوە. لەڕاستیدا ئەو ناوچەیە یان ئەو هەرێمەی بۆ کوردستان لە پەیماننامەی سێڤەردا لەبەرچاو گیرا بوو کوردستان لە ئێران و کوردستان لە سووریە و ئەیالەتی مووسڵی نەدەگرتەوە کە زیاتر لە نیوەی کوردستان پێکدێنن. کەواتە پەیماننامەی سێڤەر باسی چارەسەری کێشەی کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران)، باشووری کوردستان (عێراق) و خۆرئاوای کوردستان (سووریە)ی تێدا نەکراوە.
دووهەم؛ لە پەیماننامەی سێڤەردا لە مادەی ٦٢ لێژنەیەکی سێ ئەندامی پێکهاتبوو (بریتانیا، فەڕانسە و ئیتالیا) ئەو لێژنەیە لە ئەستەنبوڵ دامەزراوە و دەبوو لە ماوەی شەش مانگدا گەڵاڵەیەکیان ئامادە کردبا یان ڕەشنووسی پرۆژەی قەرارێکیان دەرکردبا لە بارەی ئۆتۆنۆمیی نێوخۆیی بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی ڕەگەزی کوردی تێدایە و دەکەوێتە خۆرهەڵاتی ڕووباری فوڕات تا وەکوو باشووری سنووری ئەرمێنیای باشوور. لەو مادەیەدا هاتووە "کاتێک لێژنەکە لەسەر بابەتێک ساغ نەبۆوە، ئەوە حکوومەتە پێوەندیدارەکان کێشەکان چارەسەر دەکەن" یانی بریتانیا، فەڕانسە، ئیتالیا. با لە پێشدا بڵێین ئەو بەندە لە مادەکەدا بۆخۆی ناتەواوە و لەوێدا غەدر لە کورد کراوە. بۆ؟ یەکەم: ئەو لێژنەیە کە کار لەسەر چارەنووسی کورد دەکات نوێنەری کوردی تێدا نییە. دووهەم: مەبەست لە هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتووریی عوسمانی و جەوهەر و نێوەرۆکی پەیماننامەی سێڤەر بۆ دروستکردنی دەوڵەتان بووە، بەڵام کاری ئەو لێژنەیە بۆ کورد لەبارەی فۆڕم، شکڵی خودموختاری (ئۆتۆنۆمی) و خۆبەڕێوەبەری نێوخۆیی بووە لەنێو دەوڵەتی تورکیەدا. سروشتییە مادام بیرکردنەوەکە بۆ خۆئیدارەکردنی نێوخۆی کورد و کەمایەتییەکانی دیکە بووە وەک کلدانی و ئاشووری، ڕێگە بۆ تورکیە خۆش کراوە لەسەر ئەو ناوچەیە کار بکات و پرۆسەکە بەو ئاراستەیەدا بەرێ کە لە بەرژەوەندیی خۆیدایە و ڕێگە نەدات بەشێکی دیکە لە وڵاتەکەی لێ دابڕێندرێ و هەر واشی کردوە.
سێهەم؛ لەو مادەیەدا دەڵێ: "ئەگەر ئەو لێژنەیە پرۆژەکە بە ئەنجام نەگەیەنێ، ئەوە دەوڵەتە پێوەندیدارەکان کێشەکە چارەسەر دەکەن". سروشتییە لە حاڵەتی وادا ئەو دەوڵەتانە بە دوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن، نەوەک مافی گەلاندا. بەتایبەت دوو لەو دەوڵەتە پێوەندیدارانە یانی (بریتانیا و فەڕانسە) لە ڕێککەوتنی سایکس- پیکۆ لە ساڵی ١٩١٦دا ڕاست بە لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندیی خۆیان ئیمپراتۆریی عوسمانیان دابەش و لەت و پەت کرد.
جیا لە دەوڵەتی تورکیە، هاوپەیمانان نەخشە و بیرۆکەی لانیکەم دەوڵەتی ئەرمەنستان و دوو دەوڵەتیان بۆ گەلی عەڕەب داڕشتەوە، وەک عێراق و سووریە و لە دواییشدا لوبنان و فەلەستین لە هەناوی ئەو پەیماننامەیەدا هاتنە دەرێ. ئەوان بەشێکی بەرچاوی کوردستان و خاکی کوردانیان دابوو بە عێراق و سووریە کە لە کۆتاییدا بۆ کوردان بووە کارەساتێک کە هەمووی لەو دابەشکارییە زاڵمانەیەوە سەرچاوەی گرتووە.
چوارەم؛ هەر لەو پرۆژە گەڵاڵەیەدا زۆر بەڕوونی و بە پێداگرییەوە داوا دەکرێ کە دەبێ کەمە نەتەوەکانی وەک کلدانی و ئاشووری و کەم نەتەوەکانی تریش لە ئایینزاکان لەو شوێنانەی باس کراون پارێزگاریی تەواویان لێ بکرێ و ئاماژە بە زۆر مافی تریش دەکات کە ئەوە زۆر کارێکی باشە و ئەوانیش مافی خۆیانە؛ بەڵام کە دێتە سەر کورد لەگەڵ ئەوەی گەلێکی ڕەسەنی ئەو ناوچەیەیە و خاکی زۆر و پڕ بەرەکەتی هەیە و بە ڕێژەی دانیشتووانی لەو سەردەمدا ڕێژەیەکی بە بەرواورد لەگەڵ پێکهاتەکانی تر زۆر بووە و نەدەکرا حاشای لێ بکرێ. بەڵام خودی مادەکە بە ئەگەر و ئەمما دەرفەتی زۆر کێشە و تەفسیر و لێکدانەوەی دروست کردوە. هەر ئەوەش لە کۆتاییدا تورک بەباشی سوود لێ وەرگرت و دەوڵەتانی ئەندامی لێژنەکەش بەئاسانی چاویان لە مافی کوردان و کوردستان پۆشی.
پێنجەم؛ بۆ جێبەجێکردن و پاراستنی مافی کەمە نەتەوەکان لێژنەیەکی تایبەت پێکهاتوە کە ئەندامانی لە نوێنەری کورد، بریتانیا، فەڕانسە و ئیتالیا و فارسیشی تێدا بووە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە، بۆ کە باس لە چارەنووسی کورد دەکرێ لێژنەکە لە نوێنەری وڵاتانی بریتانیا، فەڕانسە و ئیتالیا لە ئیستانبووڵ پێک بهێندرێ و نوێنەری کورد بەشداری پێناکرێ، بەڵام کە باس لە جێبەجێ کردن و پاراستنی مافی کەمە نەتەوەکان دەکرێ بۆ مەسئوولییەت و بەرپرسایەتی دەبێ کورد بوونی هەبێ؟
مادەی ٦٣ی ئەو پەیماننامەیە بڕیاڕ دەدات لە ماوەی سێ مانگدا تورکیەی عوسمانی سەرجەم بڕیارەکانی مادەی ٦٢ لە بەرنامەی کاری لێژنەکان جێبەجێ بکات. دوای دەرچوونی بڕیارەکانی ئەو لێژنەی تایبەت بە مادەی ٦٢، ئەوەندەی من بەدواداچوونم بۆ کردوە و بە دوای سەرچاواندا گەڕاوم، لەو سێ مانگەدا هیچ ئیقدامێکی بەرچاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو مادەیە نەکراوە.
لە مادەی ٦٤دا هاتووە: ئەو ناوچانەی لە مادەی ٦٢ دا وەک ناوچەی کوردی ئاماژەیان پێ کراوە، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک کوردەکان ڕاپۆرت بۆ کۆمەڵەی نەتەوەکان (عصبە الامم ) بەرز بکەنەوە و ئاماژە بۆ ئەوە بکەن کە زۆرینەی دانیشتووان خواستی جیابوونەوەیان لە تورکیە هەیە. ئەگەر ئەنجوومەنی کۆمەڵەی نەتەوەکانیش بڕیار بدات کە ئەو کوردانە توانای سەربەخۆییان هەیە، ئەوە پێویستە لەسەر تورکیە لە سەرجەم مافەکانی خۆی لەو ناوچەیە دەست هەڵبگرێت. لێرەدا جێگەی خۆیەتی چەند پرسیارێک بکرێن:
یەکەم؛ بۆچی ئەو مەرجە بۆ خەڵکی دانیشتووی عێراق، سووریە و ئەرمەن دانهندراوە کە دوای یەک ساڵ ئەگەر داوایان لە کۆمەڵەی گەلان کرد جیا ببنەوە، ئەو ئەنجوومەنە بڕیار دەدات کە توانایان هەیە سەربەخۆ بن ئینجا مافی سەربەخۆییان پێ بدرێ؟ لێرەدا فەرق و جیاوازیی زۆر گەورە لەگەڵ کورد دەکرێ. مافی کورد بە شەرت و مەرج و ئەگەر و ئەمما و ڕەزایەتی دەوڵەت و شوێنی دیکەوە گرێ دەدرێ، بەڵام بۆ نەتەوەی عەرەب بیرۆکەی چەند دەوڵەت دادەڕێژرێ و بە جیددیش کار دەکرێ بۆ دەوڵەتی ئەرمەن و نەخشەی بۆ ئامادە دەکرێ بەبێ ڕەزایەتی تورکیە و ئەملاوئەولا و دەکەوێتە ژێرچاودێریی ئەمریکا، بریتانیا و فەڕانسە؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەموویان پێش شەڕی یەکەمی جیهانی لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی عوسمانیدا بوون. گەلی کوردیش وەک نەتەوەی عەرەب و ئەرمەن یەکێک لە نەتەوە ڕەسەن و دێرینەکانی ئەو ناوچەیەیە کە میژوویەکەی بۆ سەدەی چوارەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، بەڵام بۆ دەبێ چارەنووسی کورد تووشی ئەم هەموو کارەسات و نەهامەتییە بێ. سروشتییە لەو کاتدا بە خوێندنەوەی حاکمانی ناوچە و دەوڵەتەکانی خاوەن بەرژەوەندی، دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لە سوودی ئەواندا نەبووە کە کورد خاوەنی دەسەڵاتی سیاسیی خۆی بێ. تەنانەت بۆ خودموختاریی نێوخۆییش پشتگیریی کورد نەکراوە.
دووهەم؛ دەڵێن "ئەگەر ئەنجوومەنی کۆمەڵەی گەلان (عصبە الامم ) بڕیاری دا کورد توانای سەربەخۆیی هەیە...". پێویستە بڵێین لە مێژوودا کورد بە ئیمارەتی گەورە گەورە خۆی بەڕێوە بردووە. گەورە پیاوی بەئەزموونیشی لێ هەڵکەوتووە. ئەو پرسیارە هەر دروست نییە بیکەین و بڵێین کورد توانای خۆبەڕێوەبەریی هەبێ، ئەوە پێویستە لەسەر تورکیە کە لە سەرجەم مافەکانی خۆی خۆش بێ و دەست لەو ناوچەیە هەڵبگرێ. ئەرێ بەڕاستی ئەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئیمپراتۆریی عوسمانییش ئەو مەرجە داندرا کە تورک لە مافەکانی خۆی خۆش بێ وەک عێراق، سووریە، فەلەستین، لوبنان و ئەرمەنستان؟ ئەگەر تورک مافی لەسەر کوردستان هەبووبێ لەسەر ئەو هەرێم و ناوچانەش هەر هەیبووە. بۆچی بۆ دەوڵەتی کوردی دەبێ تورکیە واز لە مافی خۆی بێنێ، بەڵام بۆ عەرەب و ئەرمەن پێویست بە ڕازی بوونی دەوڵەتی تورک ناکات؟
سروشتییە مادام تورکیە یان ئیمپراتووریی عوسمانی بۆ ماوەیەکی زۆر دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچەیەدا هەبووە، بە هی خۆی دەزانێ و ئەوەی ئێستاش دوای سەد ساڵ باس لەوە دەکرێ کە تورکیە تەماحی لە ویلایەتی مووسڵە (باشووری کوردستان)، ڕوونە بە تورکیە بێت، بستێک خاک نە بە کورد، نە بە عەرەب، نە بە ئەرمەن و نە بە پێکهاتەکانی دیکە نادات. سەیر ئەوەیە هەر لە مادەی ٦٤ دا دەڵێ: دەبێ تورکیە واز لە هەموو مافەکانی خۆی بێنێ. یەکەم؛ ئەگەر مافی تورکیەیە، بۆ وازی لێ بێنێ؟ دووهەم؛ سروشتییە ئەوانە ئەو مادەیەیان پەسند کردوە، دەزانن تورک ئەگەر دەسەڵاتی پێ بدرێ و دەرفەتی هەبێ پێش بەو دەستکەوتەی کوردان دەگرێ، پەکی دەخات و جێبەجێی ناکات. وەک دیتمان هەر واشی کردوە و، وەزعی خۆی باشتر کردوە. لە هێندێک شەڕ بە تایبەت لەگەڵ یۆنانیەکان سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، ئیمتیازی داوە بە زلهێزەکان و بەرژەوەندیخوازان و دەستوەردانیشی کردوە لەنێو کورد و پێکهاتەکانی دیکەدا و بەتەواوی ڕێرەوی پەیماننامەی سێڤەری گۆڕیوە. بەپێی بەڵگەنامە و سەرچاوە مێژووییەکان، لە پەیماننامەی سێڤەردا بەڕوونی هەست بەوە دەکرێ کە غەدرێکی شاراوەی گەورە لە کورد کراوە. کورد چوارەم نەتەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڵام لە سەر خاکی خۆی لە بەشێكی کوردستان داوای خودموختاریی بۆ دەکرێ و بە چەند ئەمما و ئەگەرێک پێشبینی ئەوەی بۆ دەکرێ کە دەوڵەتی کوردی پێک بێنێ.
ڕاستی ئەگەر لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی، کورد بۆ جاری دووهەم ئاوا پارچە پارچە نەکرابا، گەرەنتی دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی نەدەکرا لەسەر خاکێکی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە؟ تەنانەت ئەگەر کوردستانی ئێرانیش لەگەڵ نەبایە لەسەر خاکێکی زیاتر لە ٣٧٥ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە و بە نیسبەت و ڕێژەی ئەوکاتی حەشیمەتی کورد کە نیزیک بە ١٠ میلیۆن کەس بوو. ئەگەر کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەژمار نەکرێن نیزیک بە هەشت میلیۆن کورد لە ژێر فەرمانڕەوایی ئیمپراتووریی عوسمانیدا بوون کە بە ئانقەست دابەش دابەش و پەرش و بڵاویان کردوون بە سەر سێ وڵاتی عێراق، سووریە و تورکیەدا.
شتێکی زۆر نامۆ کە لە پەیمانی سێڤەرد هەستی پێ دەکرێ، ئەویش قسەکردن لەسەر چارەنووسی ویلایەتی مووسڵە، کە هاوپەیمانان دەزانن ئەو ویلایەتە کوردستانە و زۆربەی زۆری دانیشتوانی کوردن. بە دڕێژایی مێژوو کورد بۆ وەدەستخستنی دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەتی خۆی تێکۆشاوە. بەڵام چارەنووسی لە پەیماننامەی سێڤەر بە شتی دیکە دەبەستنەوە. بۆ نموونە دەڵێن ئەگەر دانیشتووانەکەی خواستی ئەوەیان هەبوو بچنە پاڵ وڵاتی کوردان، هاوپەیمانە سەرەکییەکان یانی بریتانیا و فەڕانسە دژایەتیی ئەو بڕیارە ناکەن.
بهپێی بنهما چهسپاوه یاساییهكان ئەگەر لە شوێنێک ماف بە دانیشتووانی ناوچەیەك درا کە داوای مافی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری له چوارچێوهی دەوڵەتی خۆیان یان خۆبەڕێوەبەرییدا بکەن، دەبێ خۆیان بەشدار بن؛ بەڵام لە دوو لێژنەدا لە مادەی ٦٢ی پەیماننامەی سێڤەر دەسەڵات دەدا بە نوێنەری دەوڵەتانی بریتانیا و فەڕانسە و ئیتالیا کە بێ بەشداریی کورد قەرار لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچەیە بدەن. لێژنەیەک لە پەیماننامەی سێڤەردا پێک دەهێندرێ کە بریتانیا، فەڕانسە، ئیتالیا، کەسێکی فارس و کوردێک لەگەڵ دەبن تا ئەگەر پێویست بوو گۆڕانکاری لە سنووری ئێران و عوسمانیدا پێک بێنێ لە توانایدا هەبێ گۆڕانکاری لەو سنوورەدا بکات بە مەرجێک لەگەڵ بەندەکانی پەیماننامەکە و سنووری عوسمانی و ئێراندا بگونجێ. لەو بابەتانەی کە باسی کێشەکانی سنووری کردوە، لەسەر دەستکاریی سنووری ئێراندا، کە دەڵێ "ئەگەر ئەم بابەتە لەگەڵ سنووری ئێراندا دا بگونجێ". من پێم وایە ئەو بابەتە زۆر زیادییە بهو هۆیانه:
یەکەم؛ پەیماننامەی سێڤەر مەبەستی هەڵوەشانەوەی ئیمپراتووریی عوسمانی بووە، هیچ مەبەستی نەبووە دەستکاری لە سنووری ئێراندا بکات و دەستوەردان لەو وڵاتەدا بکات.
دووهەم؛ هەموومان ئاگادارین کە سنووری نێوان ئێران و عوسمانی لە ساڵێ ١٦٣٩ی زایینی لە بەڵێننامەی زەهاودا دیاری کراوە و تا ڕێککەوتنی ئەرزەروومی دووهەم لە ساڵی ١٨٤٧ دا چەند جارێک پێداگریی لەسەر کراوەتەوە. هەر بۆیە لێژنەکە مافی نەبووە ئەو سنوورە دەسکاری بکات و بە چ مەبەستێک ئەو بەندە ئاوا داڕێژراوە و چ مەبەستێکی سیاسیی لە پشت بووە، ئەوە ڕوون نییە.
هەر چۆنێک بێ پەیماننامەی سێڤەر دەستی بە باڵی گەلانی ئەرمەن و تورک و عەرەبەوە گرت بەڵام کوردی لە پەراوێز خست. بۆیە "لویید جۆرج"، نوێنەری بریتانیا دەڵێ: کورد خۆی دەبوو پەیماننامەی سێڤەری بە قازانجی خۆی گۆڕیبا، نەوەک چاوەڕوانی سۆز و بەزەیی ئێمە هاوپەیمانان بکەن کە ئاواتیان وەدی نەهات، ئومێدیان مرد و کەس یادی نەکردن. پەیماننامەکە دەرفەت بە تورکیە دەدا تا بە زەبری زۆر دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێ. بەڵام لە لایەکیتر داوای لێ دەکرێ ئەگەر پێویست بێت واز لە مافی خۆی بێنێ. ئەی ئەگەر وازی نەهێنا یانی کورد سەری بێکڵاو دەمێنێتەوە؟ هەر واشی لێ هات، لە ویلایەتی مووسڵدا جارێ بە دیاریکردنی سنوور بۆ عێراق، تورکیە و سووریە، کورد جارێکی دیکە دابەش دەکرێتەوە، یانی بە شێوەیەک لە شێوەکان سنووری نێوان ئەو وڵاتانە دیاری دەکەن، بەڵام لە دواییدا باس لە دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لە کوردستان لە دەسەڵاتی تورکیە دەکەن و دەڵێن ئەگەر ئەو دەوڵەتە دروست بوو، ئەوە هاوپەیمانان دژیان ناوەستن کە مووسڵ بچێتە پاڵ دەوڵەتی کوردی. ڕاستی لە پێشدا هاوپەیمانان وایان کردوە کە کورد پەرتەوازە و لەت و پەت بێ و تازە کار دەکەن بۆ کەوتنەوە سەریەک. ئایا ئەوە چەند لە ڕاستییەوە نیزیکە؟
بەشی چوارەمی پەیماننامەی سێڤەر تایبەت کراوە بە پارێزگاری کردن لە مافی کەمینە نەتەوەییەکانی سەر خاکی تورکیە کە بەشێکی یانی سی لە سەدی خاکی کوردستان بووە. لە مادەی ٤٨ی ئەم بەشە لە پەیماننامەکەدا هاتووە تورکیەی عوسمانی پەیمان دەدا بە بەدیهێنانی چاوەدێری و پارێزگاری تەواو بۆ سەرجەم دانیشتووانی تورکیە و ئازادیی تەواو بە دوور لە جیاوازی دانان لە ڕەگەز و پێکهاتە و زمان و ئایین. هەروەها ماددەی ٤٧ کە مافە یەکسانەکانی کەمە نەتەوایەتیەکان لە خۆ دەگرێت وەک هەموو هاووڵاتیانی تورکیە کە لە مادەکەدا هاتووە ئەو هاووڵاتیە عوسمانیانە کە دەچنە سەر کەمایەتییە ڕەگەزییەکان لە ڕووی ئایین و زمان، هەمان ماف و ئازادییان دەبێت کە هاووڵاتیە عوسمانیەکانی تر هەیانە. دیارە کورد کەمە نەتەوە نەبوو و نییە لە تورکیە، لەبەر ئەوە لەو سەردەمدا زیاتر لە پێنج میلیۆن کورد لەسەر زیاتر لە سی لە سەدی خاکی تورکیە یان ڕاستترە بڵێین سی لە سەدی خاکی کوردستان - کە دابەش کرابوو - لە تورکیە دەژیان و مادەکانی٦٤،٦٣،٦٢ ئەو مافانەی ڕوون کردوونەتەوە. بەڵام هەموو ئەو بەڵێنانەی کە پێی درابوو زۆری نەخایاندوە. ئەوە بوو لە ئازاری ساڵی ١٩٢٢ی زایینیدا وڵاتە گەورەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە دەستکاریی بنەڕەتی پەیماننامەی سێڤەر بکەن سەبارەت بە کوردستان بەو مەرجە تورکیە ئامادەیی خۆی پێشان بدات کە هەڵوێستێکی نەرم بنوێنێت بەرامبەر کارگێڕییەکی خۆجێیەتی نێوخۆیی بۆ کورد. وەک دیارە وڵاتە گەورەکان بەرژەوەندیی کوردیان بە هێند وەرنەگرتوە لەو بارودۆخە نوێیەدا. بۆیە ڕەزامەندییان نیشان دا لەسەر داخوازیی کەمالیستەکان لە ئازاری ١٩٢٢و وڵاتە هاوپەیمانە گەورەکان پێداگرییان نەکرد لەو پێشنیارانەی کە کردبوویانن بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەیماننامەی سێڤەردا. لەو سەردەمدا کەمالیستەکان ڕایانگەیاند کە کورد لە ناحیەی کۆمەڵایەتیدا مافی یەکسانی لەگەڵ تورکەکاندا هەیە لە تورکیەدا و کورد لە هەموو مافێک بەهرەمەندە. دەرئەنجامی ئەو هۆکارانەی کە لەپێشدا ئاماژەیان پێ کراوە بوو بەهۆی ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنووسی پەیماننامەی سێڤەر درا.
بە هەر جۆرێک کە لە پەیماننامەی سێڤەر ورد دەبینەوە، ئەو پەیماننامەیە بە تایبەت لە ماددەکان و بەندی ٦٤،٦٣،٦٢ وا داڕێژراوە کە ئەنجامەکەی ئەوە بێ کە پاش کەمتر لە سێ ساڵ لە لۆزان هاتە ئاراوە و مافی کورد بەئاشکرا پێشێل کرا، کە ئەو بابەتە لە پەیمانی لۆزاندا زۆرتر شی دەکەینەوە.
(درێژەی هەیە)