کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بە کەڵکوەرگرتن لە وێنەی "کوردستان میدیا" هەوڵی سیخوڕی دەدات

18:25 - 3 پووشپەڕ 2723

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دروستکردنی ئەپی ساختە و لینکی سیخوڕی هەوڵ بۆ لەداوخستنی تێکۆشەرانی کوردستانی دەدات.

ڕێژیمی ئێران لە هەوڵێکی نوێدا، بە دروستکردنی وێنەیەکی ساختە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماڵپەڕی فەرمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها ئەپێکی سیخوڕی بە ناوی "کوردستان میدیا"وە،  لە هەوڵدایە کە ئامانجە گڵاوەکانی خۆی بەرەوپێش ببات.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم بە دروستکردنی ئەپێکی ساختە بە ناوی "کوردستان میدیا"وە، هەوڵی هاککردنی مۆبایل و لەپتابی هاووڵاتییان دەدات، بەشێوەیەک کە هاوکات لەگەڵ کردنەوەی ئەپەکە زانیارییەکانی هاک ئەکرێن.

دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە ڕێگەی ئەکاونتەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە و بە ناردنی وێنەی ساختەی کوردستان میدیا و ئەو ئەپە سیخوڕییەوە کە بە ناوی کوردستان میدیا دروست کراوە، بۆ تێکۆشەرانی کوردستان، ویستوویانە کە زانیارییە کەسییەکانیان هاک بکەن.

پێشتریش ڕێژیم چەندین جار بە دروستکردنی ئادرەسی هاوشێوەی کوردستان میدیا و ناردنی ئەپی جۆراوجۆر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەوڵی لەداوخستنی تێکۆشەران و هاووڵاتییانی کوردستانی دابوو.

شایانی باسە کە کوردستان میدیا هیچ ئەپێکی تایبەتی بۆ سەر مۆبایل نییە و ئۆگرانی کوردستان میدیا وشیار بن کە نەکەونە ئەو داوانەی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە و بە هیچ شێوازێک ئەو جۆرە ئەپانە نەکەنەوە.