هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری مەهاباد، لە ترسی کۆبوونەوەی خەڵکی مەهاباد لە یادی ٥٩ لاوی شەهیدی مەهاباد لەسەر گڵکۆی شەهیدان، درگای گۆڕستانەکەیان داخست و ئیزنیان بە خەڵک نەدا کە بچنە سەر گڵکۆی شەهیدان.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزب گەیشتووە، ڕۆژی هەینی ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی و لە چلەمین ساڵەوگەڕی تیربارانکردنی ٥٩ لاوی مەهاباد بە دەستی ڕێژیم، هێزەکانی ڕێژیم لە ترسی سەرهەڵدان و کۆبوونەوەی خەڵک لەسەر گڵکۆی شەهیدان، گۆڕستانی مەهابادیان بە تەواوەتی میلیتاریزە کرد و ئیزنیان نەدا خەڵکی ئەو شارە بچنە نێو گۆڕستانەکەوە.
پاش ئەوەیکە هێزەکانی ڕێژیم ئیزنیان نەدا خەڵک سەردانی گڵکۆی پیرۆزی شەهیدان بکەن، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان وێڕای خەڵکی کوردپەروەری مەهاباد، بە بەرزکردنەوەی وێنەی شەهیدان و وتنەوەی دروشمی "شەهید نامرێ" لە دەرەوەی گۆڕستانەکە، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدانی کوردستان نوێ کردەوە.
شایانی باسە کە بڕیار بوو بنەماڵەی شەهیدان و خەڵکی مەهاباد پاش نیوەڕۆی هەینی لەسەر گڵکۆی پیرۆزی شەهیدان کۆ ببنەوە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ئیزنیان پێ نەدان.
جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاوی، ٥٩ لاوی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە جینایەتکارەکانی ڕێژیمەوە بەبێ ئەوەیکە دادگایی بکرێن، تیرباران کران و شەهید کران.