داتاکانی دوایین ڕاپۆرتی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خوارەوەی ڕیزبەندی "یەکسانیی ڕەگەزی" (برابری جنسیتی) لەنێوان ١٤٦ وڵاتی جیهاندایە.
بەپێی داتاکانی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، "کەلێنی ڕەگەزی" لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، دۆخی کۆمەڵگەی ئێرانی خستووەتە پلەی ١٤٣ و ئەم دۆخەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو، هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.
لەم ڕیزبەندەدا ئیسلەند، نۆروێژ و فینلاند کەمترین ''کەلێنی ڕەگەزیـ"ـیان هەیە و وەک باشترین وڵاتانی جیهان لەم بوارەدا ناسراون.
هەروەها ئەفغانستانیش لە پلەی ١٤٦ی ڕیزبەندەکەدایە. بەدەسەڵاتگەیشتنی تاڵبان یەکێکە لە هۆکارە هەرە گرینگەکان بۆ خراپتربوونی نایەکسانییەکان لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ئەفغانستاندا.
دەستپێڕاگەیشتن بەرابەر بە دەرفەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری، بەهێزکردنی ژنان و بەشداریی سیاسی و دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە کۆمەڵگەدا، وەک پەروەردە و تەندروستی، لە پێوەرە سەرەکییەکانی هەڵسەنگاندنی "کەلێنی ڕەگەزی" دێنە ئەژمار.
سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ زیاتر پەراوێزخستنی ژنان و سەپاندنی "ڕۆڵی دایکی" بەسەر ژنان بە یەکێک لە هۆکارە هەرە گرینگەکانی زیادکردنی بۆشایی و هەڵاواردنی ڕەگەزی و یاسایی لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ئێران دادەنرێت.