کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانێکی تێرۆریستیی سپای پاسداران دژی شارومەندانی ئیسرائیلی لە "قێبرێس" پووچەڵ کرایەوە

18:00 - 4 پووشپەڕ 2723

میدیاکانی قێبرێس ڕایانگەیاند کە پیلانی هێرشێکی تێرۆریستی دژی شارومەندانی ئیسرائیلی کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە داڕێژراوە، پووچەڵ کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی قێبرێس کە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕ، بڵاویان کردووەتەوە، بکەرانی پیلانی ئەو هێرشە تێرۆریستییە بە هاوئاهەنگیی دەزگا هەواڵگرییەکانی قێبرێس، ئەمریکا و ئیسرائیل دەسبەسەر کران، بەڵام نەیانتوانی گومانلێکەری سەرەکیی ڕێکخستنی ئەو هێرشە دەسبەسەر بکەن.

هەتا ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیلی لەو بارەوە کاردانەوەیەکیان نیشان نەداوە.

لە ئەمساڵی زایینیدا، شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیی ئیسرائیل هۆشداریی دا کە قێبرێس و یونان لەو وڵاتانەن کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە لەو شوێنانە ئیسرائییەکان بکاتە ئامانج.

ئەمە یەکەم جار نییە کە پیلانی تێرۆریستی دژی شارومەندانی ئیسرائیلی لە خاکی قێبرێسدا پووچەڵ دەکرێتەوە. دوو ساڵ لەمەوبەر، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی تێرۆرکردنی بازرگانانی ئیسرائیلی لە قێبرێس بووە.