کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوپێوەندیی کۆماریخوازان، پیلانەکانی ڕێژیم بۆ هێرش کردنە سەر حیزبە کوردستانییەکانی مەحکووم کرد

10:32 - 13 جۆزەردان 2723

ناوەندی هاوپێوەندیی کۆماریخوازان بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا پیلانەکانی ڕێژیمی ئێرانی بە مەبەستی هێرش بۆ سەر ناوچەکانی رۆژاوای ئێران و هێرش کردنە سەر حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی بە توندی مەحکووم کرد.

لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا هاتووە:

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە سەبارەت بە گواستنەوی هێز لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ ناوچەکانی ڕۆژاوای ئێران بە دەستی ئێمە گەیشتووە، ناوەندی هاوپێوەندیی کۆماریخوازان بۆ ڕووخانی ڕێژیمی ئێران جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆی لە خەڵکی کوردستان و حیزبە پێشکەوتووەکانی دووپات دەکاتەوە و ئەو پیلانەی ڕێژیمی ئێران بەتوندی مەحکووم دەکەین.

پاش دەسپێکردنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و پاش قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، سپای تێرۆریستی پاسداران، بە گواستنەوەی چەکوچۆڵی قورس بۆ ڕۆژاوای ئێران، چەندین جار بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردستانییەکانی لە هەرێمی کوردستان بۆردومان کردووە، ڕێژیمی نامەشروعی ئێران بە هەموو هێز و توانایەوە گوشاری خستووەتە سەر کوردستان و خەریکی کوشتن و ئەشکەنجەی پێشڕەوانی ئەو شۆڕشە گەورەیەی گەلانی ئێرانە.

ڕێژیمی ئێران بە لەشکەرکێشییەکانی بۆ سەر کوردستان، دەیهەوێت خەڵکی کورد سەرکوت و ناچار بە پاشەکشە بکات بۆ ئەوەیکە کات بە دەست بێنێت و پاش خۆڕێکخستنەوە، سەرلەنوێ شۆڕشی گەلانی ئێران لەسەر شەقامەکان دژی دەسەڵاتەکەی سەرکوت بکات.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناوبردنی خەڵکی کوردستان و بەلووچستان بە جیاییخواز، دەیهەوێت ئەو خەڵکە سەرکوت و قەتڵوعام بکات.

ڕێژیمی ئێران ئێستا باش دەزانێت کە چیتر ناتوانێت ئەو ڕاپەڕینەی گەلانی ئێران سەرکوت بکات و دەیهەوێت بە لەشکەرکێشی بۆ سەر کوردستان و سەرکوت و کوشتنی خەڵکی کورد، جەوێکی تۆقێنەر و مەرگهێنەر لە کۆمەڵگەی ئێران دروست بکات.

ئێمە بۆ پێشگرتن لە کوشتنی خەڵکی کوردستان پێکەوە یەکدەنگ بە مانگرتن و ڕژانەوە سەر شەقامەکان، دووبارە پشتیوانیی خۆمان لە خەڵکی کوردستان دووپات دەکەینەوە و ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبینەوە.

ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی و ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان لە هەموو جیهان دەکەین کە لەهەمبەر ئەو سەرکوتەی ڕێژیمی ئێران بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت.