حەسەن حاتەمی
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٩ی ژوئەنی ٢٠٢٣ بەرانبەر بە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢، دوازدەیەمین کۆبوونەوەی دادگای پێداچوونەوەی حەمید نووری (عەباسی) لە ساڵۆنی ژمارە ٢٧ ی دادگای سۆلێنتوونا لە شاری ستۆکهۆڵمی پێتەختی سوئێد بەڕێوە چوو. کۆبوونەوەی دادگای پێداچوونەوەی نووری لە ڕۆژی ١١ی ژانوییەی ٢٠٢٣ (٢١ ی بەفرانباری ١٤٠١)وە دەستی پێکرد و، بەپێی بەرنامە، هەتا دێسامبری ئەمساڵ درێژەی دەبێ. بەشێک لە کۆبوونەوەکانی دادگا ئاشکرا و بەشێکیشی بە نهێنییە کە لەلایەن سێ قازی پسپۆڕ و دوو دادڕەس (هیئت منصفە) بەڕێوە دەچێ.
دوو پارێزەرەی ژن و پیاو بەرگری لە نووری دەکەن. خانمی هانا لارسۆن ڕامپ، کەم ئەزموون و ئاغای تۆماس بۆدستڕووم، ٣٢ ساڵ ئەزموونی پارێزەری هەیە کە وەزیری پێشووی دادی سوئێد لە ساڵەکانی ٢٠٠٠ هەتا ٢٠٠٦ و، بابیشی پێشتر وەزیری دەرەوەی سوئێد بووە. تووماس لە دوو کەیسی "اصل صلاحیت قضایی جهانی"، بەشدار بووە. ئەو پارێزەرانە هەوڵ دەدەن لە ماددە و تێبینییەکانی مافی مرۆڤ کە باس لە مافی بەرگریی لە زیندانی دەکا کار دەکەن. سەرەڕای ئەوەی زیندانییەکە کێیە؟ ڕێگا چارەیەک بۆ ڕزگاریی یا کەمکردنەوەی ماوەی زیندان حەمید نووری (عەباسی) بدۆزنەوە. تووماس و لارسۆن دەیانەوێ بۆ حوکمی هەتاهەتایی (ابد)ی حەمید نووری کە لە ١٤ ی ژوییەی ٢٠٢٢ (٢٣ ی پووشپەڕی ١٤٠١) دراوە، لە سێ پلە دا، داخوازی لە دادگای پێداچوونەوە بکەن. پلەی یەکەم، هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکە و لابردنی هەموو تاوانەکانی. لە پلەی دوویەمدا، ئازادکردنی نووری و لابردنی تاوانەکانی و لاچوونی دانی زیان و خەسارەت بە سکاڵاچییەکان، ئەوانەی هاوژین، خوشک یا برایان لە زیندان ئێعدام کراوە، پارێزەرەکانیان دوای حەقدەستی پارێزەریان کردووە. لە پلەی سێیەم دا، کەمکردنەوەی ڕادەی سزاکەی و کەمکردنەوەی ڕادەی زیانکە و دوایی لابردنی دەستووری دەرکردنی حەمید نووری لە وڵاتی سویید، کە حوکمی لەسەر دراوە. بنچینەی سەلاحییەتی قەزایی دادگای ستۆکهۆڵم و نە سەلماندنی تاوانەکان سەرەڕای شکڵی ماقوڵ و بەهۆی هەڵسەنگاندی ڕاستی و ناڕاستی شاهید و بەڵگەکان و ئاکامگیری یاسایی، داخوازیی پارێزەرەکانی نووری قبوڵ نەکرا.
دادئەستێن مارتینا وینلسوو، خوازیاری چەند شتی نوێ بۆ زیادکردنی تاوانەکانی حەمید نووری (عەباسی) بوو کە بریتییە لە: جینایەتی زۆر توندی شەڕ(جنایت جنگی فاحش)، سەبارەت بە زیندانییانی سیاسی سەر بە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵک، هاوبەشی لەبردنی زیندانییەکان بۆ بەشی ئێعدام. دانی زانیاریی زارەکی و نووسراوە بە "کۆمیتەی مەرگ"، و گیانلێئەستاندنی "زەفەر جەعفەری ئەفشار"، کە پێویستە لەمەڕ ئەنجامدانی ئەو تاوانانەش سزا بدرێ.
پارێزەرەکانی حەمید نووری هەوڵیان دا، لە جیاوازییەکانی وتەی شاهیدەکانی ئەو بەندکراوانەی کە لە ژووری "هەییەتی مەرگ"، لە ساڵۆنە باریک و درێژەکانی بەرەو جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی زیندانی سیاسی سەر بەر ڕێکخراوی موجاهیدین و چەپ کە سوور بوون لەسەر ڕێبازی سیاسی و ڕێکخراوەییان (سرموضع)، دوای ٣٤ ساڵ تێپەڕین بەسەر ئەو کارەساتە سامناک و کۆمەڵکوژییەدا، لە "حوسینییەی بە قەولی زیندانوانان : "جێی نوێژ و تاعەت بۆ خودا"، بە ئاڵقەی لە میچ جۆش دراوەکان و پەتی دەستەکانی جینایەتکاران" لە زیندانی مەترسیداری پڕ خوێنڕیژی گەوهەردەشت" ناوی گۆڕاو بوو بە "ڕەجایی شاری" کەرج.
ئەو پاڕێزەرانە ١٥ کەسیان وەکوو شاهید و لە زیندانییانی سیاسی پێشووی سەر بە ڕێکخراوی موجاهیدن، چەپ و فورقان، هەڵبژارد کە قسەکانیان سەبارەت بە قەڵافەتی ئەوکاتی حەمید نووری، چەند گەزبوو؟ چ جلێکی لەبەر دابوو؟ جەلەکانی ئۆنیفۆڕم یا قەرەیەخە بوون؟ جۆری کەوشەکانی پێی چۆن بوو؟ ڕەفتاری لەگەڵ زیندانییەکان، چۆن بوو؟ و هتد.
دیارە ئەو پرسیارانەی پاڕێزەرکانی حەمید نووری لە دادگای یەکەم (بدوی) ش، لە هەموو شاهیدەکان دەپرسران، هەتا جیاوازییەک ببینەوە و گەورەی کەنەوە و هەموو جینایەتەکان بەدرۆ بخەنەوە. یەک لە شاهیدەکان لە شوێنی لێپرسینی پۆلیس لە بنکەیەکی ستۆکهۆڵم کە وێنەی حەمیدی نوورییان پیشان دابوو، حاڵی تێکچووبوو، یا کەسێک هەبوو کە نەیناسیبۆوە و لە زیندان کەمتر دیبووی. بەڵام سەبارەت بە توندوتیژی نووری لەگەڵ زیندانییەکان و تونێلی لێدان، وەک زۆربەی شاهیدەکان، قسەی کردبوو. جۆرێک هاوهەڵوێستی شاهیدەکانشیان بە پێوەندییەکانی دوای گیرانی نووری لێک دەداوە. ئەوە لە حالێکدا بوو کە ئەو شاهیدانە دوای تێپەڕینی نیزیک لە ٣٤ ساڵ، لەو کارەساتە خوڵقێندرابوو و ئەو هەموو ناڕەحەتیی جەستەیی و دەروونییەی کە لەسەریان ئەنجام درابوو، باسیان لە کەسێک دەکرد، کە بەپێی بۆچوونی پسپۆڕێکی دەروونناسی، کە بۆ دادگای یەکەم (بدوی) نووری، بانگ کرابوو گوتی: زۆربەی ئەو زیندانییانەی توندوتیژیان بەرامبەرکراوە، ئەوەی پتر لەبیریان دەمێنێ کردەوەی ئەو کەسەیە کە چۆنی لەگەڵ ڕەفتار کردوون. نە ئەوەی چ لیباسێکی لەبەر دابوو، یا چ جۆرە کەوشێکی لەپێ دابووە. چەند جاری دیوە؟ چۆنی دیوە؟ یا بەتەنیا بووە یا کێی لەگەڵ بووە یا ئەوەی لەگەڵی بوو چ جۆرە جلوبەرگێکی لەبەر دابوە، چ چاویلکەیەکی لە چاودا بووە؟
پارێزەرەکانی نووری لەو بەشەدا، جۆرێکیان قسە دەکرد کە هەستت دەکرد، جینایەت و کوشتارە بە کۆمەڵەکان لەلایان زۆر ئاسایی بوو. ئەوەش جێی سەرنجە کە ئەوان حاڵ و وەزعی زیندانییەکان لەگەڵ جەلادێکیان لەبەرچاو نەبوو کە پتر لە دوو ساڵ بە وتەی خۆی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵەکانی ١٣٥٩- ١٣٦١ مرۆڤکوژ و کوردکوژ بووە. ٤٥ مین کۆبوونەوەی دادگای حەمید نووری لە کاتی بەرگری لە خۆی و خۆناساندنی دا، باسی بەشداری لە شەڕی کوردستان کرد کە وەک بەشێک لە شەڕی هاوشێوەی عێراق پێناسەی کردبوو. هەروەها باسی ڕواننینی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێرانی بە هێرشکردن بۆ سەر کوردستان، وەک داگیرکەر هەڵسوکەوتیان لەگەڵ خەڵک دەکرد. باسی شەهیدکردنی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، کۆمەڵە کردبوو کە لە کارنامەی پڕ لە جینایەت و مرۆڤکوژانەی بە شانازی دەزانی.
بەڵگەی نوێ لە ماوەی دادگای پێداچوونەوەی حەمید نووریدا
لە ماوەی پێداچوونەوەی دادگای حەمید نووری (عەباسی) لە ژانوییەی ٢٠٢٣ دا، لێدوانەکانی بەرپرسانی زیندان لەکاتی کارەساتە دڵتەزێنە گەورەکەی هاوین و پاییزی ١٣٦٧ (١٩٨٨) دا، کە هاوجینایەتەکانی حەمیدی نووری (عەباسی) بوون، بەتایبەتی "موقیسە ناسراو بە ناسریان، سەیدحوسێن زەنجانی و بۆ پاکانەکردن و کەمکردنەوەی ڕۆڵی زۆر گرینگی ناوبراو، بەشێک لە بەرپرسایەتییەکەی کە ئەو حاشای لێ دەکرد، بە پێی ئەو هەموو بەڵگە و قسەکانی ناوبراوان ڕوونتر بۆتەوە؛ و کۆمەڵکووژییەکەی نووری کە نکۆڵی لێ دەکرد بەهۆی "سەید مورتەزا حوسێنی زەنجانی" تا ڕادەیەکی زۆر قبووڵ کراوە. ئیبڕاهیم ڕەییسی، سەرکۆمار کە تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندەواری هەیە، لە تەمەنی٢٠ ساڵیەوە مرۆڤکوژ و حاکم لەسەر گیراوەکان، لە کەرەج، ئەهواز و تاران بووە.
ڕەیسیی لەگەڵ پوورمحەممەدی کە لە کابینەی یەکەمی حەسەن ڕووحانی وەزیری دادگوستەری بووە و لە کابینەی یەکەمی سەرکۆماری ئەحمەدنژاد بۆ ماوەی سێ ساڵ وەزیری نێوخۆ بوو پاشان سەرۆکی ڕێکخراوی بازڕەسی، بە "شانازی" باس لەو کوشتارانە دەکەن. نەییریش کە بەرپرسی "هەییەتی مەرگ" بووە، گوتوویەتی: بە حەمید نووریم گوتووە، ئەو سەفەرە نەکا و مەترسی دارە!؟ بەپێی قسەی شاهیدەکان لە کاتی کۆبوونەوەی دادگا، نەییری، ڕەئیسی، پوورمحەممەدی و ئیشراقی، هەییەتی چوار کەسی ئێعدامی زیندانییانی سیاسی بوون و ١١ هاوکاریشیان لەنێو زیندانی "گەوهەردەشت"دا هەبووە.
جگە لەوەش بەپێی لێپرسینەوەی پۆلیس و دادگاییکردنی حەمید نووری (عەباسی) ئەو جینایاتانە چۆتە ڕێزی "مافی قەزایی جیهانی" کە ناوبراو لەسەری گیراوە و وەک جیناتەکانی وڵاتی ڕوواندا، بۆتە بەڵگەیەکی زۆر گرینگ و حاشا هەڵنەگر لە کوشتاری بەکۆمەڵ ئەویش لە گیراوە "حوکم"پێدراوەکانی نێو زیندان و پێشێلکاری مافەکانی هەر زیندانییەک بەپێی کۆنڤوانسیۆنەکانی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ. تەنانەت ئەو کەسانەی لە شەڕیش بە دیل دەگیرێن، مافی زنیدانییەکی ئاساییان هەیە، نەتەنیا ڕەچاو نەکراوە، بەڵکوو بەتوندی پێشێل کراون.
دادئەستێن، مارتینا وینسلوو، لە وڵام بە پرسیارەکانی پارێزەرانی نووری سەبارەت بە نەبوونی سەلاحییەتی هێزەکانی پۆلیس کە لە وتووێژی تەلەڤیزیۆنی دا، بەشدارییان کردووە، گوتی: قەرارە "ئومید فەرهمەند"، ئەفسەرێکی پۆلیسی زیندان لە ستۆکهۆڵم و بە ڕەچەڵەک ئێرانی و فارس زەمان، بۆ دادگا سەبارەت بە قسەکانی کە لە نوڤامبری ساڵی ٢٠١٩ لەکاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ حەمید نووری لەلایەن باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێیگوترابوو بدوێ.
کۆبوونەوەی داهاتووی دادگای پێداچوونەوە یا ئیستینافی حەمید نووری لە ١ ی سێپتامبر بەپێی بەرنامەی داڕێژراو دەست پێ دەکاتەوە و هەتا نیزیک کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، درێژی دەبێ. پێویستە ئاماژە بکرێ هەتا ئەو خولەی دادگای پیداچوونەوە تەواو نەبێ و حوکمی کۆتایی ڕانەگەیەندرێ، ناوبراو زیندانی بەشی قەزاییە و نادرێ بە دەوڵەت کە بەشی ئیجراییە.
کەوابوو ئیمکانی سیناریۆی ئێران – بێڵژیک سەربارەت بە دیپڵومات- تێرۆریست "اسداللە اسدی"، لەگەڵ کەیس و وەزعییەتی حەمید نووری دا، زۆر لاوازە. چونکە بەپێی یاسای وڵاتی سوئێد نە گۆڕینەوە و نە بڕیاری سیاسی بوونی هەیە.
***
سەرچاوەکان:
گووگڵ، بی بی سیی فارسی، ڕادیۆ زەمانە، یوتیووب