مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی سنە بەهۆی ئەوەیکە هاوکاریی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانی نەکردووه، لە کارەکەی دەر کرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، لە درێژەی گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان بۆ سەر مامۆستایانی قوتابخانەکان بۆ ئەوەیکە هاوکارییان بکەن، مامۆستایەکی قوتابخانەی هونەرستانی ئیرشاد لە سنە، بەهۆی هاوکارینەکردنیان، لەسەر کار دەر کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان میدیای ڕاگەیاند: ئەو مامۆستایه خرابووه ژێر گوشارەوە کە دەبێ قوتابییانی ناڕازی بە ناوەندە ئەمنییەتییەکان بناسێنێت، بەڵام ئەو مامۆستایە هاوکاری نەکردبوون.
هەروەها ئەو مامۆستایه ماوەی چەند مانگ بوو لەژێر گوشاردا بوو تا واز لە پۆستەکەی بێنێت و بە درۆ دانپێدانان بکات، بەڵام ئەو کارانەی نەکردووه و لە ئاکامدا لەسەر کار دەر کراوە.
ئەو سەرچاوەیە زیادیشی کرد: ئەو مامۆستایە زۆر خێرخواز بووه و هەمیشه یارمەتیی قوتابییانی هەژاری داوە. لەلایەکی دیکەوە ئەو مامۆستایە لە نێو خەڵکدا زۆر خۆشەویستە.
ناوی ئەو مامۆستایەی قوتابخانە لەلایەن ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"وە پارێزراوە.