بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەربڵاو لە بازاڕچەی "ئەمین" لە شاری نەغەدە، زیاتر لە سەد دووکان لەنێو ئاگردا سووتان و نزیکەی ٤٠ کەسیش بەهۆی دووکەڵەوە ژەهراوی بوون.
شەوی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢ هەتاوی، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەربڵاو لە بازاڕچەی ئەمین لە شاری نەغەدە، زیانێکی زۆری ماڵی بەر خەڵک کەوت و زیاتر لە ١١٠ دووکان بە تەواوی لە ئاگردا سووتان و ٣٥ کەسیش کە زۆربەیان خاوەن دووکانەکان بوون لە کاتی چۆڵکردنی بازاڕچەکە، بەهۆی گازی مۆنۆئۆکسیدی کەربۆن ژەهراوی بوون و ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کران.
هاووڵاتیان دەسبەجێ دوای ئاگر گرتنی ئەو بازاڕچەیە داوای یارمەتییان لە ئیدارەی ئاگرکوژێنەوە کتد، بەڵام تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دوای تێپەڕینی کاتژمێرێک گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە و ئەوەش ناڕەزایەتیی توندی خەڵکی لێ کەوتەوە.
بەهۆی پەرەسەندنی خێرای ئاگرەکە و داواکاریی هاووڵاتییان، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە شارەکانی "پیرانشار، مەهاباد و شنۆ" بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و پێشگرتن لە پەرەسەندنی زیاتری ئەو ئاگرە، ڕەوانەی نەغەدە کران.
ئەو ئاگرە دوای نزیک بە ٢ کاتژمێر بە هاوکاریی هاووڵاتییانی کوردی شاری نەغەدە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە شارەکانی دەوروبەر کۆنترۆڵ کرا.
هاووڵاتییان و بازاڕییانی شاری نەغەدە ئەو ئاگرکەوتنەیان بەئەنقەست و بە بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامییەوە گرێ داوە و بە تۆڵەی ڕێژیم لە بازاڕییانی ئەو بازاڕچەیە دەزانن کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا، هاوڕا و وێڕای خەڵکی کوردستان و ئێران لە مانگرتنەکاندا بەشدار بوون.
شایانی باسە کە فەرمانداری ڕێژیم لە نەغەدە و میدیاکانی سەر بە ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکی دوور لە ڕاستی ڕایانگەیاندووە کە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی ئەو شارە خێرا و لە کاتی خۆیدا لە شوێنی ئاگرەکە ئامادە بوون، هەروەها ڕادەی زیانی دووکانەکانیان بۆ ٥٠ دووکان کەم کردووەتەوە.