کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە نەغەدە کۆچی دوایی کرد

10:00 - 6 پووشپەڕ 2723

کاک محەممەد تەنپا (مەولوودی)، کوڕی مام مەولوود، ناسراو بە محەممەدی مام مەولوود و خەڵکی ناوچەی سندووس سەر بە شاری نەغەدە و پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات، ڕێکەوتی ٢ی پووشپەری ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی دوای چەند ساڵ بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک محەممەد بە هەست بە بەرپرسایەتی و لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران و بەدەستەوەگرتنی کوردستان لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە، ساڵی ١٣٥٨ پەیوەست بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە بوو و لە هێزی کێلەشین سازمان درابوو.

ناوبراو بەهۆی لێهاتووییەوە لە ماوەیەکی کەمدا ئەرکی سەرپەلیی پێ سپێردرا و لە ناوچەی شنۆ و دۆڵێ و دەشتەبێڵ ڕۆڵی کارای لە هەمووی ئەو شەڕانەدا هەبووە کە دوژمنانی گەل دژی نەتەوەکەمان بەسەر نەتەوەکەماندا سەپاندوویەتی.

کاک محەممەد لە شەڕی بەناوبانگی ''نەڵیوان'' بەسەختی بریندار بوو، بەڵام کۆڵی نەدا و دوای ساڕێژی برینەکانی هاتەوە مەیدانی خەبات و پلەی جێگر لکیی پێ سپێردرا.

کاک محەممەد جیا لە شاری شنۆ وەک تێکۆشانی حیزبی لە شارەکانی نەغەدە و مەهابادیش تێکۆشانی هەبووە و لە شەڕی بەناوبانگی ''دارەلەک'' بەشدار بووە.

هەروەها کاک محەممەد بۆ ماوەی چەند ساڵیش لە چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی زیندانی کراوە.

بنەماڵەی کاک محەممەد بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بوون، ئامۆزایەکی کاک محەممەد بە ناوی شەهید ئیسماعیل حەمیدی لە شەڕدا و لە پێش چاوی خۆی شەهید بووە.

کاک محەممەد دوای چەند ساڵ خەبات و تێکۆشان بەهۆی گرفتی بنەماڵەیی، لەسەر ئزینی حیزب گەڕایەوە لای بنەماڵەکەی، بەڵام وازی لە تێکۆشانی حیزبی نەهێنا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک محەممەد سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و خەڵکی ناوچە سندووس دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.