کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورووپا حەوت بەرپرسی کۆماری ئیسلامیی بەهۆی پێشێلکاریی جیددیی مافەکانی مرۆڤ، تەحریم کرد

10:03 - 6 پووشپەڕ 2723

حەوت بەرپرسی دیکەی ئەمنییەتی و قەزایی ڕێژیمی ئێران بەهۆی پێشێلکردنی جیددیی مافەکانی مرۆڤ، لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە خرانە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٥ی پووشپەڕ، یەکیەتیی ئورووپا لە نۆهەمین بەستەی گەمارۆکانی خۆی دژی ڕێژیمی ئێران، حەوت بەرپرسی دیکەی کۆماری ئیسلامیی بەهۆی پێشێلکردنی جیددیی مافەکانی مرۆڤ تەحریم کرد.

بە هەژمارکردنی بەستەی نوێی گەمارۆکانی ڕۆژی دووشەممەوە، هەتا ئێستا  ٢٢٣ کەس و ٣٧ دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپاوە کە بەستنی داراییەکان، قەدەغەکردنی سەفەرکردن بۆ ئورووپا و قەدەغەکردنی کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە ئابوورییەکان و هەروەها قەدەغەکردنی هەناردەکردنی کەرەستەی سەرکوتی خۆپیشاندەران و چاوەدەێری بەسەر پێوەندییەکان، لەخۆ دەگرێت.

یەکیەتیی ئورووپا و وڵاتانی ئەندام داوایان لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە واز لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانی ئاشتیخوازنە بهێنێت و کۆتایی بە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە بهێنێت و هەموو ئەو کەسانەی کە بە ناڕەوا دەسبەسەر کراون، ئازاد بکات.

هەروەها یەکیەتیی ئورووپا داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان ڕابگرێت و هەڵیان بووەشێنێتەوە. ئەم یەکیەتییە هەروەها داوای کردووە کە ڕێژیمی ئێران  کۆتایی بە دەسبەسەرکردنی شارومەندانی بیانی بە مەبەستی وەرگرتنی ئیمتیازاتی سیاسی بێنێت.

لە گەمارۆی نوێی یەکیەتیی ئورووپا، ئەسدوڵڵا جەعفەری، دادستانی پارێزگای ئیسفەهان، عەلی زارع نووری، ڕاوێژکاری دادگای سزادانی ئیسفەهان، موجتەبا فەدا، فەرماندەی سپای ئەو پارێزگایە و ڕەشید کەبودوەندی، فەرماندەی سپای کەرەج، فەرماندار و بەرپرس و شۆرای دابینکردنی ڕەزوانشەهر لە پارێزگای گیلان و هەروەها فەرمانداری شاری ئامۆڵ لە پارێزگای مازەندەران، خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.