کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە پلەی ١٦٩ی ئازادیی ئابووری لە جیهاندا جێی گرت

10:45 - 6 پووشپەڕ 2723

لە نوێترین پلەبەندیی وڵاتان لە بواری ئازادیی ئابووری لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی، ئێران لە پلەی ١٦٩دا جێی گرتووە کە بە کەمترین پلە دێتە ئەژمار.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ''دامەزراوەی هێریتیج''، ئیمتیازی وڵاتی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە بواری ئازادیی ئابووری، ٤٢.٢ بەراورد کراوە، بەو پێیە لە ئاستی جیهاندا لە پلەی ١٦٩دا جێی گرتووە و لەنێوان ١٤ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا پلەی ١٤ی بەدەست هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو دامەزراوەیە، چەند هۆکاری وەکوو دەستێوەردانی دەوڵەت لە کاروباری ئابووری و گەندەڵی و پێشێلکردنی یاسا بووەتە هۆی ئەوەیکە ئازادیی ئابووری لە ئێران بگاتە خوارترین پلە.

هەروەها "ئابووریی ئیجباری و  نەوت مێحوەر" لەگەڵ تەسککردنەوەی فەزای چالاکییەکان بۆ کەرتی تایبەت هۆکارگەلێکن کە وەک هۆکاری کاریگەر لە پێوەرەکانی ئازادیی ئابووریدا باس کراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا بارودۆخی ئازادیی ئابووری لە سەردەمی ئیبراهیم ڕەئیسی بە خراپتر لە سەردەمی سەرۆککۆمارەکانی پێشوو وەسف کردووە و لەسەر ئەوە جەختی کردووەتەوە کە وتووێژەکانی ئێستا ڕەنگە ببێتە هۆی ڕێککەوتنێک کە ڕێگە بە تاران بدات هەناردەی نەوت فراوانتر بکات و وەبەرهێنانی بیانی زیاتر ڕابکێشێت و بازرگانی زیاد بکات.

لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتەدا کە بارودۆخی کەرتی تایبەت شی دەکاتەوە، چاوەدێریی لەڕادەبەدەری ڕێژیم  و دەستێوەردان لە کەرتی تایبەت، ڕێسا ئاڵۆزەکانی دامەزراندن وەک هۆکاری دابەزینی پلەی ئێران باس کراوە.

دابەزینی بەهای دراو، هەڵاوسانی بەردەوام لە سەرووی ٤٠ لەسەد لە ساڵانی ڕابردوودا و سنووردارکردنی دارایی و بانکیش خاڵێکن کە لە ڕاپۆرتی پێوەرەکانی ئازادیی ئابووریی ئێراندا ئاماژەیان پێ کراوە.

بەگشتی پێوەرەکانی ئەم هەڵسەنگاندنە چەند پێوەرێک لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە: "ئازادی بۆ خاوەندارێتیی مڵک، یاسا و ڕێوشوێنی دادپەروەرانە لە بواری ئابووری، ڕوونکاری لە پێکهاتەی حکوومەت، باج، ڕادەی تێوەگلانی حکوومەت لە خەرجییەکانی وڵات، تێچووی حکوومەت بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵک، ئازادی لە تۆمارکردن و بەڕێوەبردنی شیرکەتەکان، یاسای پشتیوانی لە کرێکاران، ئازادیی گەڕانی پارە لە کۆمەڵگەدا، ئازادی لە بازاڕی بورس و وەبەرهێنان"